Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 148

148 هەلیلویا!

ستایشی یەزدان بکەن، لە ئاسمان،
    لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.
ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن،
    ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن.
ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن،
    ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.
ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن،
    ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.

با ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.
هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن،
    فەرزی داناوە بەسەرناچێت.

لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن،
    ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،
ئاگر و تەرزە، بەفر و تەم،
    ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،
چیاکان و هەموو گردەکان،
    داری بەردار و هەموو ئورزەکان،
10 گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ،
    خشۆک و باڵدار،
11 پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان،
    میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،
12 گەنجان و کچان،
    پیران و منداڵان.

13 با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە،
    شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.
14 پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە،
    تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن،
    نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن.

هەلیلویا.

حزقیێل 2:8-3:11

ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆش گوێ لەوە بگرە کە پێت دەفەرمووم، وەک بنەماڵەی یاخیبوو یاخی مەبە. دەمت بکەرەوە و ئەوەی دەتدەمێ بیخۆ.»

کە تەماشام کرد دەستێک بۆ لام درێژکراوە و تۆمارێکی پێچراوی تێدایە. 10 لەبەردەمم کردییەوە و لەناوەوە و لەپشتەوەشی لاوانەوە و گریان و واوەیلا نووسرابوون.

پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوەی لەپێشتە بیخۆ، ئەم تۆمارە پێچراوەیە بخۆ و بڕۆ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە.» منیش دەمم کردەوە و ئەو تۆمارەی دەرخواردم دا.

پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بیخۆ و هەناوت پڕ بکە لەو تۆمارەی کە دامە تۆ.» منیش خواردم و لە دەمم وەک هەنگوین شیرین بوو.

پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بڕۆ بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل و بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێ. بۆ لای گەلێکی قسە ئاڵۆز و زمان گران نەنێردراویت، بەڵکو بۆ لای بنەماڵەی ئیسرائیل، نەک بۆ لای چەند گەلێک کە زمانیان قورس و قسەیان ئاڵۆز بێت کە لە گفتوگۆیان تێنەگەیت، چونکە ئەگەر تۆم بۆ لای ئەوانە بناردایە گوێیان لێ دەگرتیت. بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل نایانەوێت گوێت لێ بگرن، چونکە نایانەوێت گوێ لە من بگرن، لەبەر ئەوەی هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل کەللەڕەق و دڵڕەقن. لەبەر ئەوە من ڕووی تۆم وەک ڕووی ئەوان چیڕ کردووە و کەللەی تۆ وەک کەللە ڕەقی ئەوان. ناوچەوانی تۆم وەک ئەڵماس لێکردووە، لە بەردەئەستێ ڕەقتر، جا لێیان مەترسە و مەتۆقە، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین.»

10 ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، هەموو ئەو قسەیەی پێتی دەڵێم، لە دڵتدا هەڵیبگرە و بە گوێت بیبیستە. 11 بۆ لای ڕاپێچکراوەکان بڕۆ، بۆ لای هاونیشتیمانیانت و قسەیان لەگەڵ بکە. گوێ بگرن یان نەگرن، پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“»

ئاشکراکردن 10

فریشتە و تۆمارە بچووکەکە

10 پاشان فریشتەیەکی دیکەی بەهێزم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و بە هەور خۆی پۆشیبوو، پەلکەزێڕینە لەسەر سەری بوو، ڕووی وەک خۆر وابوو، پێیەکانی وەک ستوونی ئاگر وابوون. تۆمارێکی بچووکی کراوەی بەدەستەوە بوو. پێی ڕاستی لەسەر دەریا و چەپی لەسەر وشکانی دانا. بە دەنگێکی بەرز وەک نەڕەی شێر نەڕاندی. کاتێک نەڕاندی، حەوت هەورەگرمەکە بە دەنگەکانیان هاتنە دوان. کاتێک حەوت هەورەگرمەکە هاتنە دوان، بەتەمابووم بنووسم، بەڵام دەنگێکم لە ئاسمانەوە گوێ لێبوو دەیفەرموو: «ئەوەی حەوت هەورەگرمەکە گوتیان مۆری بکە و مەیاننووسە.» ئەو فریشتەیەی بینیم لەسەر دەریا و وشکانی ڕاوەستابوو دەستی ڕاستی بۆ ئاسمان بەرزکردەوە و سوێندی بە خودای زیندووی هەتاهەتایی خوارد، ئەوەی ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە بەدییهێناون، گوتی: «چیتر کاتەکە دواناخرێت! بەڵکو لە ڕۆژانی پێش لێدانی کەڕەنا لەلایەن فریشتەی حەوتەمەوە، پێش ئەوەی دەنگی کەڕەناکە بێت، نهێنی خودا دێتە دی، وەک چۆن خوداش مژدەی بە بەندە پێغەمبەرەکانی دا.»

ئەو دەنگەی لە ئاسمانەوە گوێم لێبوو دیسان قسەی لەگەڵ کردم و فەرمووی: «بڕۆ تۆمارە کراوەکە لە فریشتە ڕاوەستاوەکەی سەر دەریا و سەر وشکانی وەربگرە.» چوومە لای فریشتەکە و پێم گوت تۆمارە بچووکەکەم بداتێ، پێی گوتم: «بیبە و بیخۆ. گەدەت تاڵ دەکات، بەڵام لە دەمتدا وەک هەنگوین شیرین دەبێت.» 10 ئەوە بوو تۆمارە بچووکەکەم لە دەستی فریشتەکە وەرگرت و خواردم، لە دەممدا وەک هەنگوین شیرین بوو، بەڵام کە خواردم گەدەی تاڵ کردم. 11 پاشان پێم گوترا: «دەبێت دووبارە پێشبینی لەسەر خەڵک و نەتەوە و زمان و پاشای زۆر بکەیت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.