Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 100

زەبوورێکی ستایش.

100 ئەی هەموو زەوی، هاواری خۆشی بۆ یەزدان بکەن،
    بە شادمانییەوە یەزدان بپەرستن،
    بە هەلهەلەوە وەرنە بەردەمی.
بزانن کە یەزدان خودایە،
    ئەوە کە ئێمەی دروستکردووە و ئێمەش هی ئەوین.
    ئێمە گەل و مەڕی لەوەڕگای ئەوین.

بە سوپاسەوە بڕۆنە ناو دەروازەکانی[a]،
    بە ستایشەوە بڕۆنە ناو حەوشەی پەرستگاکەی،
    سوپاسی بکەن و ستایشی ناوی بکەن.
چونکە یەزدان چاکە و
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە،
    دڵسۆزیشی بۆ نەوە دوای نەوەیە.

یەرمیا 50:17-20

17 «ئیسرائیل مێگەلێکی پەرتەوازەیە،
    شێرەکان ڕاویان ناوە.
سەرەتا پاشای ئاشور لووشی دا،
    ئینجا ئەمەی دوایی،
نەبوخودنەسری پاشای بابل،
    ئێسکەکانی هاڕی.»

18 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:

«من پاشای بابل و خاکەکەی سزا دەدەم،
    وەک چۆن پاشای ئاشورم سزا دا.
19 بەڵام ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە ناو پاوانەکەی خۆی،
    جا لە کارمەل و باشان دەلەوەڕێت،
لە شاخەکانی ئەفرایم و گلعادیش
    تێر دەخوات.»
20 یەزدان دەفەرموێت:
    «لەو ڕۆژانەدا و لەو سەردەمەدا،
بەدوای تاوانی ئیسرائیلدا دەگەڕێن،
    بەڵام نییەتی،
هەروەها بەدوای گوناهی یەهودا دەگەڕێن،
    بەڵام هیچ نادۆزنەوە،
    چونکە ئەوانەی کە دەیانهێڵمەوە لێیان خۆشدەبم.»

یۆحەنا 10:31-42

31 دیسان ئەو جولەکانەی بەرهەڵستی عیسایان دەکرد بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن. 32 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «زۆر کاری چاکم لەلایەن باوکەوە پیشاندان، بەهۆی کامیانەوە بەردبارانم دەکەن؟»

33 جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «لەبەر کردارێکی چاک بەردبارانت ناکەین، بەڵکو بەهۆی کفرکردنتەوە، چونکە تۆ مرۆڤیت و خۆت دەکەیت بە خودا.»

34 عیساش وەڵامی دانەوە: ‏«ئایا لە تەوراتەکەتان نەنووسراوە: [من پێم گوتن: ”ئێوە خوداوەندەکانن“][a]؟ 35 نووسراوە پیرۆزەکە هەمیشە ڕاستی دەفەرموێت. ئەگەر خودا ئەوانە بە ”خوداوەندەکان“ ناو بنێت کە وشەی خودایان بۆ هاتووەتە خوارەوە، 36 ئیتر چۆن ئێوە بەوە دەڵێن کە باوک بۆ خۆی تەرخانی کردووە و ناردوویەتی بۆ جیهان: ”تۆ کفر دەکەیت،“ چونکە گوتم: ”من کوڕی خودام“؟ 37 ئەگەر کارەکانی باوکم نەکەم، باوەڕم پێ مەکەن. 38 بەڵام ئەگەر ئەو کارانە بکەم، هەرچەندە باوەڕیشم پێ ناکەن، باوەڕ بەو کارانە بکەن، تاکو بزانن و تێبگەن کە باوک لە مندایە و منیش لە باوکدام.» 39 دیسان ویستیان بیگرن، بەڵام لە دەستیان دەربازی بوو.

40 ئینجا عیسا چووەوە ئەوبەری ڕووباری ئوردون و لەوێ مایەوە، لەو شوێنەی کە یەحیا یەکەم جار خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا. 41 زۆر خەڵک هاتنە لای و دەیانگوت: «یەحیا هیچ پەرجووێکی نەکرد، بەڵام هەرچی یەحیا دەربارەی ئەم پیاوە گوتی ڕاست بوو.» 42 لەوێ خەڵکێکی زۆر باوەڕیان بە عیسا هێنا.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.