Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 100

زەبوورێکی ستایش.

100 ئەی هەموو زەوی، هاواری خۆشی بۆ یەزدان بکەن،
    بە شادمانییەوە یەزدان بپەرستن،
    بە هەلهەلەوە وەرنە بەردەمی.
بزانن کە یەزدان خودایە،
    ئەوە کە ئێمەی دروستکردووە و ئێمەش هی ئەوین.
    ئێمە گەل و مەڕی لەوەڕگای ئەوین.

بە سوپاسەوە بڕۆنە ناو دەروازەکانی[a]،
    بە ستایشەوە بڕۆنە ناو حەوشەی پەرستگاکەی،
    سوپاسی بکەن و ستایشی ناوی بکەن.
چونکە یەزدان چاکە و
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە،
    دڵسۆزیشی بۆ نەوە دوای نەوەیە.

حزقیێل 45:1-9

نوێکردنەوەی ماف و ڕێوەڕەسم

45 «”کاتێک خاکەکە وەک میرات دابەش دەکەن، پارچەیەک لە خاکەکە زەوییەکی تەرخانکراو دەبێت و پێشکەش بە یەزدانی دەکەن، درێژی بیست و پێنج هەزار باڵ[a] و پانی بیست هەزار باڵ دەبێت. هەموو سنووری چواردەوری تەرخان دەکرێت. لەمە پارچەیەکی چوار گۆشە بۆ پیرۆزگا دەبێت، پێنج سەد باڵ بە پێنج سەد باڵ و پەنجا باڵیش لە چواردەوری زەوییەکی کراوە دەبێت. لەم پێوانەیە بە درێژی بیست و پێنج هەزار باڵ و پانی دە هەزار باڵ دەپێویت،[b] پیرۆزگاکە و شوێنە هەرەپیرۆزەکەشی لەناویدا دەبێت. بەشە تەرخانکراوەکەی خاکەکە بۆ کاهینەکان کە خزمەتی پیرۆزگا دەکەن، ئەوانەی نزیک دەبنەوە بۆ پەرستنی یەزدان، هەروەها شوێنی تێدا دەبێت بۆ ماڵەکانیان و شوێنی تایبەتیش بۆ پەرستگا. بیست و پێنج هەزار باڵیش بە درێژی و دە هەزار باڵ بە پانی بۆ لێڤییەکان کە خزمەتی پەرستگا دەکەن، وەک شارۆچکە بۆ نیشتەجێبوونیان دەبێتە موڵک.

«”بە شارەکەش پارچەیەک زەوی دەدەن وەک موڵکی خۆی، پێنج هەزار باڵ[c] پانی و بیست و پێنج هەزار باڵ درێژی دەبێت بە تەریبی بەشە تەرخانکراوەکە، جا بۆ هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل دەبێت.

«”بەشە زەوی میریش لەلای ڕۆژهەڵات و لەلای ڕۆژئاوا بە تەریبی بەشە تەرخانکراوەکە و موڵکی شارەکە دەبێت. لە سنووری ڕۆژهەڵاتی بەشە تەرخانکراو و موڵکی شارەکەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای مردوو، هەروەها لە سنووری ڕۆژئاوای بەشە تەرخانکراو و موڵکی شارەکەشەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست. ئەم بەشە زەوییە لە خاکی ئیسرائیلدا بۆ میر دەبێت بە موڵک، لەمەودوا میرەکانم ستەم لە گەلەکەم ناکەن و بەگوێرەی هۆزەکانیان زەوییەکە بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەدەن.

«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی میرانی ئیسرائیل ئیتر بەسە! تاڵانی و توندوتیژی لەنێو خۆتان مەهێڵن و دادوەری و ڕاستودروستی جێبەجێ بکەن. واز بهێنن لە ستەمکردن لە گەلەکەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

کردار 9:32-35

پەترۆس لە شاری لودە و یافا

32 ئەوە بوو کە پەترۆس بە هەموو ناوچەکاندا تێدەپەڕی، بۆ لای گەلی پیرۆزی خودا لە شاری لودە دابەزی. 33 لەوێ پیاوێکی بینی ناوی ئینیاس بوو، هەشت ساڵ لەناو جێگا کەوتبوو، ئیفلیج بوو. 34 پەترۆس پێی گوت: «ئینیاس، عیسای مەسیح چاکت دەکاتەوە. هەستە جێگاکەت ڕابخە!» دەستبەجێ هەستا. 35 هەموو ئەوانەی لە لودە و شارون دادەنیشتن بینییان، ئیتر بەرەو لای مەسیحی خاوەن شکۆ گەڕانەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.