Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
کردار 9:36-43

36 قوتابییەک لە یافا هەبوو ناوی تابیسا بوو، واتە ئاسک[a]، پڕبوو لە چاکەکاری و خێرکردن. 37 ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا نەخۆش کەوت و مرد، جا شوشتیان و لە ژوورێکی سەرەوە دایاننا. 38 لودەش لە یافا نزیک بوو، قوتابییەکان بیستیان پەترۆس لەوێیە، دوو پیاویان بۆ نارد و تکایان لێکرد: «لە هاتن بۆ لامان دوامەکەوە.»

39 پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، کاتێک گەیشت، بردییانە ژووری سەرەوە، هەموو بێوەژنەکان لەلای وەستان، دەگریان و ئەو کراس و جلانەیان پیشانی دەدا کە ئاسکە کاتێک لەگەڵیان بوو کردبووی.

40 پەترۆس هەموویانی ناردە دەرەوە، کەوتە سەر چۆک و نوێژی کرد، ئینجا ڕووی کردە تەرمەکە و گوتی: «تابیسا، هەستە!» ئەویش چاوی کردەوە و کاتێک پەترۆسی بینی دانیشت. 41 ئیتر دەستی بۆ ڕاکێشا و هەڵیستاندەوە، ئینجا باوەڕداران و بێوەژنانی بانگکرد و بە زیندوویی ڕادەستی کردنەوە. 42 ئەمە لە هەموو یافا زانرا و زۆریش باوەڕیان بە مەسیح هێنا. 43 ڕۆژانێکی زۆریش پەترۆس لە یافا لەلای پێستەخۆشکەرێک مایەوە، ناوی شیمۆن بوو.

زەبوورەکان 23

زەبوورێکی داود.

23 یەزدان شوانی منە، پێویستم بە هیچ نابێت.
    لە لەوەڕگای سەوزدا دەملەوەڕێنێت و
دەمباتە سەر ئاوی هێمن و سازگار،
    گیانم دەبووژێنێتەوە.
بەرەو ڕێگای ڕاستودروستی ڕێنماییم دەکات
    لە پێناوی ناوی خۆی.
ئەگەر تەنانەت بەناو دۆڵی سێبەری مەرگیشدا بڕۆم،
    لە هیچ خراپەیەک ناترسم،
لەبەر ئەوەی تۆ لەگەڵمدای،
    گۆچان و داردەستەکەت دڵنەواییم دەکەن.

سفرەم بۆ ئامادە دەکەیت لەبەردەم دوژمنانم،
    زەیت لە سەرم دەدەیت بۆ دەستنیشانکردنم،
    جامەکەم لێوانلێو دەکەیت.
بێگومان بە درێژایی ژیانم چاکە و خۆشەویستی نەگۆڕ بەدوام دەکەون،
    بۆ هەتاهەتایە لە ماڵی یەزدان دەژیم.

ئاشکراکردن 7:9-17

خەڵکانێکی سپیپۆش

پاش ئەمە سەیرم کرد ئاپۆرەیەک لە خەڵکم بینی لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێک کە لە ژمارە نەدەهات، لەبەردەم تەختەکە و بەرخەکە ڕاوەستابوون، جلی سپییان لەبەردا بوو و لقە دار خورمایان بەدەستەوە گرتبوو، 10 بە دەنگێکی بەرز هاواریان دەکرد و دەیانگوت:

«ڕزگاری هی خودامانە،
    کە لەسەر تەختەکە دانیشتووە و
    هی بەرخەکەیە.»

11 هەموو فریشتەکان لە دەوری تەختەکە ڕاوەستابوون، پیرەکان و چوار بوونەوەرەکە، لەبەردەم تەختەکە بە ڕوودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا برد، 12 دەیانگوت:

«ئامین!
ستایش و شکۆ و دانایی و
    سوپاس و ڕێز و هێز و توانا
بۆ خودامانە، هەتاهەتایە!
ئامین!»

13 دوایی یەکێک لە پیرەکان لێی پرسیم: «ئەم سپی پۆشانە کێن و لەکوێوە هاتوون؟»

14 منیش پێم گوت: «گەورەم، تۆ دەزانیت.»

پێی گوتم: «ئەمانە ئەوانەن کە لە تەنگانە گەورەکەوە هاتوون و جلەکانیان بە خوێنی بەرخەکە شوشتووە و سپی کردووە. 15 بۆیە

«لەبەردەم تەختی خودان و
    شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەی خزمەتی دەکەن و
دانیشتووی سەر تەختەکەش بە چادر دایاندەپۆشێت.
16 ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو،
    نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر.
17 چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانەتییان دەکات و
    بەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات،
خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.»

یۆحەنا 10:22-30

من و باوک یەکین

22 زستان بوو و لە ئۆرشەلیم جەژنی هەنوکە[a] بوو، 23 عیساش لە حەوشەکانی پەرستگا لە ڕێڕەوە سەر داپۆشراوەکەی سلێمان پیاسەی دەکرد، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو. 24 جولەکەکان لێی کۆبوونەوە و پێیان گوت: «هەتا کەی لە گومان دەمانهێڵیتەوە؟ ئەگەر تۆ مەسیحەکەیت، بە ئاشکرا پێمان بڵێ.»

25 عیسا وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن بەڵام باوەڕ ناکەن. ئەو کارانەی بە ناوی باوکمەوە دەیکەم، شایەتیم بۆ دەدەن. 26 بەڵام ئێوە باوەڕ ناکەن، چونکە لە مەڕەکانم نین. 27 مەڕەکانم گوێ لە دەنگم دەگرن، منیش دەیانناسم و ئەوانیش بەدوام دەکەون، 28 ژیانی هەتاهەتاییان دەدەمێ و هەرگیز لەناو ناچن، کەسیش لە دەستم نایانڕفێنێت. 29 باوکم کە بە منی داون لە هەمووان گەورەترە، کەسیش ناتوانێت لە دەستی باوک بیانڕفێنێت. 30 من و باوک یەکین.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.