Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 122

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.

122 شادمان بووم بەوانەی پێیان گوتم،
    «با بچینە ماڵی یەزدان.»
ئەی ئۆرشەلیم، پێیەکانمان
    لە دەروازەکانت ڕادەوەستن.

ئۆرشەلیم بنیاد نراوە،
    وەک شارێکی یەکگرتوو.
لەوێ کە خێڵەکان سەردەکەون،
    هۆزەکانی یەزدان،
وەک یاسا بۆ ئیسرائیل
    بۆ ئەوەی ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
چونکە تەختەکان بۆ دادوەری لەوێ دادەنرێت،
    تەختەکانی بنەماڵەی داود.

داوای ئاشتی بکەن بۆ ئۆرشەلیم:
    «با ئەوانەی تۆیان خۆشدەوێت ئاسوودە بن.
با ئاشتی لە شووراکانت بێت،
    ئاسایش لە قەڵاکانت.»
لە پێناوی برا و هاوڕێیەکانم دەڵێم:
    «ئاشتیت تێدابێت!»
لە پێناوی ماڵی یەزدانی پەروەردگارمان،
    بەدوای چاکەی تۆدا دەگەڕێم.

ئەستێر 9:1-5

سەرکەوتنی جولەکەکان

لە سێزدەی دوازدە، واتە لە مانگی ئادار، کاتی جێبەجێکردنی قسە و فەرمانەکەی پاشا هات. لەو ڕۆژەدا کە دوژمنەکانی جولەکەکان چاوەڕوان بوون تێیدا بەسەریاندا زاڵ بن، بەڵام دۆخەکە لە دژیان هەڵگەڕایەوە بە شێوەیەک کە جولەکەکان بەسەر ناحەزەکانیاندا زاڵ بوون. جولەکەکان لە هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا لەناو شارەکانیان کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر ئەوانەی دەیانویست خراپەیان بەرامبەر بکەن. بەڵام کەس لەبەردەمیان خۆی ڕانەگرت، چونکە خەڵک زۆر لێیان ترسان. هەموو سەرکردەکانی هەرێمەکان، میر و پارێزگار و لێپرسراوەکانی پاشاش یارمەتی جولەکەکانیان دەدا، چونکە ترسی مۆردەخای لەسەریان نیشتبوو. لەبەر ئەوەی مۆردەخای لە کۆشکی پاشا پلەیەکی گەورەی هەبوو، ناوبانگی لەناو هەموو هەرێمەکان بڵاوببووەوە، بەردەوام بەهێز دەبوو.

جولەکەکان بە شمشێر لە هەموو دوژمنەکانیان دا، کوشتیانن و لەناویانبردن، ئەوەی ویستیان بە ناحەزەکانیان کرد.

ئەستێر 9:18-23

18 هەروەها جولەکەکانی ناو شوش لە سێزدە و چواردەی مانگ کۆبوونەوە و لە پازدەی مانگ پشوویان دا و کردیانە ڕۆژی ئاهەنگ و خۆشی.

19 لەبەر ئەوە ئەو جولەکانەی لە دەشت و گوندە بچووکەکان دەژیان چواردەی مانگی ئاداریان کردە شادی و ئاهەنگگێڕان، ڕۆژی خۆشی و پێشکەشکردنی دیاری بە یەکتری.

جەژنی پوریم

20 ئینجا مۆردەخای ئەم ڕووداوانەی نووسییەوە، ناردی بۆ هەموو جولەکەکانی ناو هەموو هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆشی پاشا، دوور و نزیکەکان. 21 داوای لێکردن هەموو ساڵێک لە چواردە و پازدەی مانگی ئادار ئاهەنگ بگێڕن، 22 چونکە ئەوە ئەو کاتەیە جولەکەکان لە دوژمنەکانیان ڕزگار بوون، ئەو مانگەیە کە شیوەنیان بووە خۆشی و هاواریان بووە پێکەنین. مۆردەخای داوای لێکردن ئەوە ببێتە جەژنێک و خوان بڕازێننەوە و دڵخۆش بن و دیاری پێشکەش بە یەکتری بکەن، هەروەها دیاری پێشکەش بە هەژاران بکەن.

23 ئیتر جولەکەکان داواکارییەکەی مۆردەخایان پەسەند کرد، بەردەوام بوون لەو ئاهەنگگێڕانەی دەستیان پێی کردبوو.

لۆقا 12:4-12

«دۆستانم پێتان دەڵێم، لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن و پاش ئەوە هیچی دیکەیان پێ ناکرێت. بەڵام ئەوەتان پیشان دەدەم کە دەبێ لێی بترسن، لەوە بترسن کە دەسەڵاتی هەیە پاش کوشتن فڕێتانبداتە ناو دۆزەخ. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەمە بترسن. ئایا پێنج چۆلەکە بە دوو فلس نافرۆشرێت؟ خودا هیچ یەکێک لەوانی لەبیر ناچێت. تەنانەت هەموو مووی سەریشتان ژمێردراوە. کەواتە مەترسن ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.

«پێشتان دەڵێم: ئەوەی لەبەردەم خەڵک دانم پێدا بنێت، کوڕی مرۆڤیش لەبەردەم فریشتەکانی خودا دانی پێدا دەنێت. بەڵام ئەوەی لەلای خەڵک نکۆڵی لە ناسینی من بکات، لەبەردەم فریشتەکانی خودا نکۆڵی لێ دەکرێت. 10 ئەوەی قسە بە کوڕی مرۆڤ بڵێت، دەبەخشرێت. بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، نابەخشرێت.

11 «کاتێک دەتانهێننە بەردەم کەنیشت و فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران، نیگەران مەبن دەبێ بۆ بەرگری چۆن و بە چی بدوێن یان چی بڵێن، 12 چونکە ڕۆحی پیرۆز هەر لەو کاتەدا فێرتان دەکات پێویستە چی بڵێن.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.