Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.
122 شادمان بووم بەوانەی پێیان گوتم،
«با بچینە ماڵی یەزدان.»
2 ئەی ئۆرشەلیم، پێیەکانمان
لە دەروازەکانت ڕادەوەستن.
3 ئۆرشەلیم بنیاد نراوە،
وەک شارێکی یەکگرتوو.
4 لەوێ کە خێڵەکان سەردەکەون،
هۆزەکانی یەزدان،
وەک یاسا بۆ ئیسرائیل
بۆ ئەوەی ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
5 چونکە تەختەکان بۆ دادوەری لەوێ دادەنرێت،
تەختەکانی بنەماڵەی داود.
6 داوای ئاشتی بکەن بۆ ئۆرشەلیم:
«با ئەوانەی تۆیان خۆشدەوێت ئاسوودە بن.
7 با ئاشتی لە شووراکانت بێت،
ئاسایش لە قەڵاکانت.»
8 لە پێناوی برا و هاوڕێیەکانم دەڵێم:
«ئاشتیت تێدابێت!»
9 لە پێناوی ماڵی یەزدانی پەروەردگارمان،
بەدوای چاکەی تۆدا دەگەڕێم.
لە سێدارەدانی هامان
7 ئینجا پاشا و هامان چوونە داوەتەکەی ئەستێری شاژن. 2 لە ڕۆژەی دووەم کاتێک شەرابیان دەخواردەوە، دیسان پاشا پرسیاری لە ئەستێر کرد: «ئەی شاژن، بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ تەنانەت داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت، پێت دەدرێت.»
3 شاژنە ئەستێر وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، ئەگەر لێم ڕازی بیت، پاشا پێی خۆش بێت، ژیانم ڕزگار بکە. ئەوە بابەتەکەمە. نەتەوەکەم ڕزگار بکە. ئەمە داواکارییەکەمە، 4 چونکە خۆم و نەتەوەکەم لەلایەن کەسێکەوە بۆ لەناوبردن و کوشتن و قڕکردن فرۆشراوین. ئەگەر ئێمە تەنها وەک کۆیلە و کەنیزە بفرۆشراینایە من دەنگم نەدەکرد، چونکە ئەمە نابێتە تەنگانەیەک پاشای پێ بێزار بکرێت.»
5 ئینجا ئەحەشوێرۆشی پاشا لە شاژنە ئەستێری پرسی: «ئەو کەسە کێیە و لەکوێیە؟ چۆن بوێری ئەوەی هەیە کارێکی وا بکات؟»
6 ئەستێر گوتی: «ئەوە ناحەزەکەمانە، دوژمنمانە، هامانی خراپەکار!»
هامان لەبەردەم پاشا و شاژن تۆقی. 7 پاشا بە تووڕەییەوە دەستی لە شەراب خواردنەوەکە هەڵگرت و ڕووەو باخچەکەی کۆشک ڕۆیشت. هامانیش ڕاوەستا و بۆ ڕزگاربوونی ژیانی خۆی لە شاژنە ئەستێر پاڕایەوە، چونکە زانی کە پاشا بڕیاری داوە لە سێدارەی بدات.
8 لەو کاتەی پاشا لە باخچەی کۆشکەوە گەڕایەوە هۆڵی خوانەکە، هامان خۆی بەسەر ئەو سەکۆیەدا دابوو کە ئەستێر لەسەری دادەنیشت.
پاشا گوتی: «ئایا لاساری بەرامبەر بە شاژنیش دەکات، لەنێو ماڵەکەم و لەگەڵیشمدایە؟»
هەر کە فەرمانەکە لە دەمی پاشا دەرچوو، دەم و چاوی هامانیان داپۆشی. 9 ئینجا حەرڤۆنا، یەکێک لەو کاربەدەستانەی خزمەتی پاشایان دەکرد گوتی: «لە ماڵی هامان سێدارەیەک هەیە بەرزییەکەی پەنجا باڵە[a]، بۆ مۆردەخای دروستی کردووە کە قسەیەکی چاکی گەیاندە پاشا.»
پاشا گوتی: «لەسەری هەڵیبواسن!» 10 بەو شێوەیە هامانیان لەسەر ئەو سێدارەیە هەڵواسی کە بۆ مۆردەخای ئامادەی کردبوو. پاشان تووڕەیی پاشا دامرکایەوە.
بینینی مەسیحی زیندوو
9 من یۆحەنای براتانم، کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا هاوبەشتانم لە تەنگانە و شانشین و دانبەخۆداگرتن، لە پێناوی پەیامی خودا و شایەتی بۆ عیسا لە دوورگەی پەتمۆس بووم. 10 لە ڕۆژی یەزداندا ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و لە پشتمەوە گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو، وەک هی کەڕەنا بوو، 11 دەیفەرموو: «ئەوەی دەیبینی لە پەڕتووکێک بینووسەوە و بۆ حەوت کڵێساکەی بنێرە، واتە ئەفەسۆس و سمیرنا و پرگامۆس و سیاتیرا و ساردس و فیلادەلفیا و لاودیکییا.[a]»
12 ئاوڕم دایەوە تاکو ئەو دەنگە ببینم کە لەگەڵم دەدوا، کاتێک ئاوڕم دایەوە حەوت چرادانی زێڕینم بینی، 13 لەناوەڕاستی چرادانەکاندا یەکێکم وەک کوڕی مرۆڤ[b] بینی، جلێکی شۆڕی لەبەردا بوو هەتا بەرپێی، پشتێنێکی زێڕینی بە سنگییەوە بەستبوو. 14 سەر و قژی سپی وەک خوری و وەک بەفر سپی بوون و چاوەکانی وەک گڕی ئاگر بوون. 15 پێیەکانی وەک بڕۆنزێکی بریقەدار کە لە کوورە پوختە کرابێت وابوون، دەنگیشی وەک هاژەی تاڤگە وابوو، 16 حەوت ئەستێرە لە دەستی ڕاستی بوون، شمشێرێکی دوو دەمیش لە دەمیەوە دەردەچوو، ڕوخساری وەک تیشکی بەتینی ڕۆژ دەدرەوشایەوە.
17 کاتێک بینیم وەک مردوو لەبەرپێی کەوتم، دەستی ڕاستی خستە سەرم و فەرمووی: «مەترسە، من یەکەمین و کۆتاییم. 18 منم ئەوەی زیندووە، پێشتر مردم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم! هەروەها کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم[c] پێیە. 19 بۆیە ئەمانە بنووسە لەوەی بینیت و ئەوەی هەیە و ئەوەی پاش ئەمەش دەبێت. 20 نهێنی ئەو حەوت ئەستێرەیەی لە دەستی ڕاستم بینیت و حەوت چرادانە زێڕینەکە ئەمەیە: حەوت ئەستێرەکە فریشتەی حەوت کڵێساکانن و حەوت چرادانەکەش حەوت کڵێساکەن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.