Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
118 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
2 با ئیسرائیل بڵێ:
«خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
14 یەزدان هێز و گۆرانی منە،
یەزدان بووەتە ڕزگاریی من.
15 دەنگی هەلهەلە و ڕزگاری دێت لە خێوەتی ڕاستودروستان:
«دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات،
16 دەستە ڕاستی یەزدان بەرز بووەتەوە،
دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات.»
17 من نامرم، بەڵکو دەژیم و
باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم.
18 یەزدان بە توندی تەمبێی کردم،
بەڵام نەیدامە دەست مەرگ.
19 دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە،
پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.
20 ئەم دەرگایە هی یەزدانە،
ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.
21 ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی،
بۆم بووی بە ڕزگاری.
22 ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a].
23 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
لەبەرچاومان سەیرە.
24 ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە،
با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.
هێنانی سندوقی خودا بۆ ئۆرشەلیم
6 دووبارە داود هەموو پیاوە هەڵبژاردەکانی ناو ئیسرائیلی کۆکردەوە، سی هەزار کەس بوون. 2 ئینجا داود و هەموو ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون لە بەعلەی[a] یەهوداوە بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی لەوێوە سندوقی خودا بهێننەوە، ئەو سندوقە کە ناوی لێنراوە «ناوەکە»، ناوی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان[b] لەسەر تەخت دانیشتووە. 3 سندوقی خودایان لە عەرەبانەیەکی نوێ بارکرد، لە ماڵی ئەبینادابەوە هەڵیانگرت، ئەوەی لە گردەکەیە. کوڕەکانی ئەبینادابیش، عوزا و ئەحیۆ عەرەبانە نوێیەکەیان لێدەخوڕی و 4 لە ماڵی ئەبینادابەوە لەگەڵ سندوقی خودا بردیان. ئەحیۆ لەبەردەم سندوقەکەوە دەڕۆیشت، 5 داود و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە هەموو توانایانەوە لەبەردەم یەزداندا ئاهەنگیان دەگێڕا، بە سروود و قیسارە و ساز و دەف و شەقشەقە و سەنج.
6 کاتێک گەیشتنە سەر جۆخینەکەی[c] ناخون، عوزا دەستی بۆ سندوقی خودا درێژکرد و گرتی، چونکە گایەکان سەرسمیان دا. 7 ئەو ساتە تووڕەیی یەزدان بەسەر عوزادا جۆشا و خودا لەوێ لەسەر هەڵەکەی لێیدا و هەر لەوێ لەلای سندوقی خودا مرد.
8 داودیش تووڕە بوو، چونکە یەزدان بە تەواوی عوزای لەناوبرد، ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە پێرێز عوزا[d] ناودەبردرێت.
9 ئەو ڕۆژە داود لە یەزدان ترسا و گوتی: «چۆن سندوقی یەزدان لەلای من بێت؟» 10 لەبەر ئەوە داود نەیویست سندوقی یەزدان بگوازێتەوە بۆ شاری داود، بەڵکو بردییە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی. 11 سێ مانگ سندوقی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی مایەوە، یەزدانیش عوبێد ئەدۆم و هەموو ماڵەکەی بەرەکەتدار کرد.
12 ئەوە بوو بە داودی پاشا ڕاگەیەنرا و گوترا: «بەهۆی سندوقی خوداوە یەزدان ماڵی عوبێد ئەدۆم و هەرچی هەیەتی بەرەکەتداری کردووە.» لەبەر ئەوە داود چوو بە خۆشییەوە سندوقی خودای لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە هێنا بۆ شاری داود. 13 لەدوای ئەوەی هەڵگرانی سندوقی یەزدان شەش هەنگاویان هەڵهێنا، گایەک و گوێرەکەیەکی قەڵەوی سەربڕی. 14 داودیش ئێفۆدێکی کەتانی لەبەردا بوو، بە هەموو هێزییەوە لەبەردەم یەزداندا سەمای دەکرد. 15 هەروەها داود و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل بە هوتاف و بە دەنگی کەڕەناوە سندوقی یەزدانیان سەرخست.
زیندووبوونەوەی عیسای مەسیح
24 بەڵام لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا[a]، بەیانی زوو، ژنەکان ئەو بۆنوبەرامەی ئامادەیان کردبوو هێنایان و هاتنە سەر گۆڕەکە. 2 بینییان بەردەکە لەسەر گۆڕەکە گلۆر کراوەتەوە. 3 چوونە ژوورەوە، بەڵام تەرمەکەی عیسای خاوەن شکۆیان نەدۆزییەوە. 4 هێشتا لەمە سەرسام بوون، لەپڕ دوو پیاو بە جلی بریسکەدارەوە لەتەنیشتیان ڕاوەستان. 5 ترسان و کڕنۆشیان برد و سەریان خستە سەر زەوی، پیاوەکان پێیان گوتن: «بۆچی لەنێو مردووان بەدوای زیندووەکەدا دەگەڕێن؟ 6 لێرە نییە، بەڵکو هەستایەوە! بیهێننەوە بیرتان کە هێشتا لە جەلیل بوو چۆن قسەی بۆ کردن، 7 فەرمووی: ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بدرێتە دەست خەڵکی گوناهبار، لە خاچ بدرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێتەوە.“» 8 ئینجا قسەکانیان هاتەوە یاد.
9 کاتێک لە گۆڕەکە هاتنەوە، هەواڵی هەموو ئەم شتانەیان بە یازدەکە و هەموو ئەوانی دیکە دا. 10 مریەمی مەجدەلی و یوەنا و مریەمی دایکی یاقوب و ئەوانی دیکەی لەگەڵیان بوون، ئەم شتانەیان بە نێردراوان گوت. 11 قسەکەیان لەلای ئەوان وەک وڕێنە بوو، باوەڕیان پێ نەکردن. 12 بەڵام پەترۆس هەستا و بەرەو گۆڕەکە ڕایکرد، دانەوییەوە بینی کفنەکە بە تەنها دانراوە، ڕۆیشت و سەرسام بوو لەوەی ڕوویدابوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.