Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
118 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
2 با ئیسرائیل بڵێ:
«خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.»
14 یەزدان هێز و گۆرانی منە،
یەزدان بووەتە ڕزگاریی من.
15 دەنگی هەلهەلە و ڕزگاری دێت لە خێوەتی ڕاستودروستان:
«دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات،
16 دەستە ڕاستی یەزدان بەرز بووەتەوە،
دەستە ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات.»
17 من نامرم، بەڵکو دەژیم و
باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم.
18 یەزدان بە توندی تەمبێی کردم،
بەڵام نەیدامە دەست مەرگ.
19 دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە،
پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم.
20 ئەم دەرگایە هی یەزدانە،
ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە.
21 ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی،
بۆم بووی بە ڕزگاری.
22 ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a].
23 ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو،
لەبەرچاومان سەیرە.
24 ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە،
با تێیدا شاد و دڵخۆش بین.
پێنج پاشاکە کوژران
16 پێنج پاشاکەش هەڵاتن و لە ئەشکەوتێکدا لە مەقێدا خۆیان شاردەوە. 17 جا بە یەشوع ڕاگەیەنرا و گوترا کە پێنج پاشاکە لە ئەشکەوتێکدا لە مەقێدا خۆیان شاردووەتەوە، 18 یەشوعیش گوتی: «بەردی گەورە بۆ سەر دەمی ئەشکەوتەکە تل بکەنەوە و چەند پیاوێکی بەدیارەوە دابنێن بۆ چاودێرییان. 19 ئێوەش مەوەستن، بەڵکو دوای دوژمنەکانتان بکەون و لە پشتەوە لێیان بدەن، مەهێڵن بچنە ناو شارەکانیانەوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئەوانی داوەتە دەستتان.»
20 ئینجا کە یەشوع و نەوەی ئیسرائیل تەواو بوون لە لێدانیان بە گورزێکی جەرگبڕ هەتا لەناوچوون و ئەوانەی لێیان هەڵاتن چوونە ناو شارە قەڵابەندەکانەوە، 21 هەموو سوپا بە سەلامەتی گەڕانەوە بۆ لای یەشوع بۆ ئۆردوگاکە لە مەقێدا. کەس نەبوو لە دژی نەوەی ئیسرائیل زمان درێژ بکات.
22 ئینجا یەشوع گوتی: «دەمی ئەشکەوتەکە بکەنەوە و ئەو پێنج پاشایەم لە ئەشکەوتەکەوە بۆ بهێنە دەرەوە.» 23 ئەوانیش بەم جۆرەیان کرد و ئەو پێنج پاشایەیان لە ئەشکەوتەکەوە بۆ هێنایە دەرەوە، پاشای ئۆرشەلیم و حەبرۆن و یەرموت و لاخیش و عەگلۆن. 24 جا کە پاشاکانیان بۆ یەشوع هێنایە دەرەوە، یەشوع هەموو پیاوانی ئیسرائیلی بانگکرد و بە فەرماندەکانی سوپای گوت، ئەوانەی کە لەگەڵیدا ڕۆیشتبوون، «وەرنە پێشەوە و قاچتان لەسەر ملی ئەم پاشایانە دابنێن.» ئەوانیش چوونە پێش و قاچیان لەسەر ملیان دانا.
25 ئینجا یەشوع پێی گوتن: «مەترسن و ورە بەرمەدەن، بەهێز و ئازا بن، چونکە یەزدان ئاوا لە هەموو دوژمنەکانتان دەکات، کە ئێوە لە دژیان دەجەنگن.» 26 ئینجا یەشوع لێیدان و کوشتنی، هەر پێنجیانی لەسەر پێنج دار هەڵواسی، هەتا ئێوارە بە هەڵواسراوی لەسەر دارەکان مانەوە.
27 پاشان لە کاتی ئاوابوونی خۆر یەشوع فەرمانی دا، ئینجا لە دارەکان دایانگرتن و فڕێیان دانە ئەو ئەشکەوتەی خۆیان تێیدا شاردبووەوە، چەند بەردێکی گەورەشیان خستە سەر دەمی ئەشکەوتەکە، هەتا ئەمڕۆش لەوێن.
6 شانازیکردنتان باش نییە. ئایا نازانن هەویرترشێکی بچووک هەموو هەویرەکە هەڵدێنێت؟ 7 خۆتان لە هەویرترشی کۆن پاک بکەنەوە، تاکو ببنە هەویرێکی نوێ وەک ئێوە فەتیرەن، چونکە مەسیحی بەرخی پەسخەمان سەربڕدرا. 8 کەواتە با جەژن بگێڕین، نەک بە هەویرترشی بەسەرچوو کە هەویرترشی کینە و خراپەیە، بەڵکو بە فەتیرەی بێ دووڕوویی و ڕاستی.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.