Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 49:1-7

بەندەی یەزدان

49 ئەی دوورگەکان، گوێم لێ بگرن،
    ئەی نەتەوە دوورەکان، گوێ شل بکەن:
یەزدان پێش لەدایکبوونم بانگی کردم،
    لەناو سکی دایکمەوە دیاری کردم.
دەمی منی کرد بە شمشێرێکی تیژ،
    لە سێبەری دەستی خۆیدا منی شاردەوە،
منی کردە تیرێکی تیژکراو،
    لەناو تیردانەکەی منی شاردەوە.
بە منی فەرموو: «تۆ بەندەی منیت،
    ئیسرائیل، ئەوەی لەنێویاندا شکۆدار دەبم.»
منیش گوتم: «بەخۆڕایی ماندوو بووم،
    لە شتی هیچوپووچدا توانای خۆمم نەهێشت،
بەڵام دادم لەلای یەزدانە و
    پاداشتم لای خودامە.»

ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
    یەزدان کە لە سکی دایکمەوە شێوەی منی کێشا،
بۆ ئەوەی ببم بە بەندەی خۆی،
    تاوەکو یاقوب بگەڕێنەوە بۆ لای ئەو،
    ئیسرائیلیش بچنە پاڵ ئەو،
جا لەبەرچاوی یەزدان شکۆمەند دەبم و
    خوداشم دەبێتە هێزم،
ئەو دەفەرموێت:
«کەمە کە بەندەی من بیت
    بۆ هەستانەوەی هۆزەکانی یاقوب و
    بۆ گەڕانەوەی ئەوانەی کە لە ئیسرائیل ئەوانم پاراست،
بەڵکو دەتکەمە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان
    تاکو ڕزگاریم بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت[a]

یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەوەی دەیکڕێتەوە، دەفەرموێت:
    بە گیان ڕیسواکراو، بەوەی مایەی ڕقی نەتەوەیە،
بە خزمەتکاری فەرمانڕەواکان:
    «پاشایان دەبینن و هەڵدەستن،
میرانیش کڕنۆش دەبەن،
    لەبەر یەزدان کە دڵسۆزە و
    لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل کە تۆی هەڵبژارد.»

زەبوورەکان 71:1-14

71 ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،
    با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە.
    گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە.
بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا،
    هەمیشە پەنای بۆ ببەم.
فەرمانی ڕزگاریی من بدە،
    چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت.
ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران،
    لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە.

ئەی یەزدانی باڵادەستم، چونکە تۆ هیوای منیت،
    لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت.
لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە،
    تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام،
    ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە.
بووم بە پەند لەلای زۆر کەس،
    بەڵام تۆ پەناگای بەهێزی منیت.
دەمم پڕە لە ستایشی تۆ،
    لە شکۆدارکردنت بە درێژایی ڕۆژ.

لە کاتی پیری فڕێممەدە،
    کە هێزم لەبەر نەما وازم لێمەهێنە.
10 چونکە دوژمنەکانم قسەم لەسەر دەکەن،
    ئەوانەی چاوەڕێی کوشتنم دەکەن، پێکەوە تەگبیر دەکەن.
11 دەڵێن: «خودا وازی لێ هێناوە،
    ڕاوی بنێن و بیگرن،
    چونکە دەربازکەری نییە.»
12 خودایە، لێم دوور مەکەوە،
    ئەی خودای من، زوو بگە فریام.
13 با شەرمەزار بن و لەناوبچن، ئەوانەی سکاڵام لێ دەکەن،
    با بە ڕیسوایی و سووکایەتی بپۆشرێن،
    ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.

14 بەڵام من هەمیشە هیوادارم،
    هەتا دێت زیاتر ستایشت دەکەم.

یەکەم کۆرنسۆس 1:18-31

مەسیح دانایی و توانای خودایە

18 پەیامی خاچ بۆ لەناوچووان گێلایەتییە، بەڵام بۆ ئێمەی ڕزگاربووان هێزی خودایە. 19 لەبەر ئەوەی نووسراوە:

[دانایی داناکان لەناودەبەم،
    تێگەیشتنی تێگەیشتووان بەلاوە دەنێم.][a]

20 کوا دانا؟ کوا مامۆستای تەورات؟ کوا کەسی بە دەموزاری ئەم دنیایە؟ ئایا خودا دانایی ئەم جیهانەی نەکردووەتە گێلایەتی؟ 21 خودا بە دانایی خۆی، مەبەستی بوو کە خەڵک بیناسێت، نەک لە ڕێگەی دانایی جیهانەوە، بەڵکو خودا ویستی لە ڕێگەی مزگێنییەوە باوەڕداران ڕزگار بکات، ئەو مزگێنییەی خەڵکانێک بە گێلایەتی دەزانن. 22 جولەکە داوای نیشانە دەکەن و یۆنانی هەوڵی دانایی دەدەن، 23 بەڵام ئێمە مەسیحی لەخاچدراو جاڕدەدەین، بۆ جولەکە کۆسپە و بۆ نەتەوەکان گێلایەتییە، 24 بەڵام بۆ بانگکراوان، جولەکە و ناجولەکە، مەسیح هێزی خودا و دانایی خودایە، 25 چونکە گێلایەتی خودا لە مرۆڤ داناترە، لاوازی خودا لە مرۆڤ بەهێزترە.

26 ئەی خوشک و برایان، بیربکەنەوە چۆن بوون کاتێک خودا بانگی کردن. بەپێی پێوانە مرۆییەکان کەمتان دانا بوون، هەروەها کەم کەستان توانادار و لە بنەماڵەی ناودار بوون. 27 بەڵام خودا ئەوانەی هەڵبژارد کە بەلای جیهانەوە گێلن، تاکو داناکان شەرمەزار بن، لاوازەکانی هەڵبژارد تاکو بەهێزەکان شەرمەزار بن. 28 خودا پایەنزمەکانی جیهان و ڕق لێبووەوە و ئەوانەی هەڵبژارد کە هیچ نەبوون، تاکو ئەوانە لەناوببات کە خۆیان بە شت دەزانن، 29 تاکو هیچ مرۆڤێک[b] لەبەردەم خودا شانازی نەکات. 30 بەڵام ئێوە بەهۆی خوداوە لەگەڵ عیسای مەسیحدا بوونە یەک، کە خودا بۆ ئێمەی کرد بە دانایی و ڕاستودروستی و پیرۆزکردن و کڕینەوە.[c] 31 تاکو وەک ئەوەی نووسراوە: [ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە یەزدانەوە بکات.][d]

یۆحەنا 12:20-36

مردن دەرگایە بۆ ژیان

20 هەندێک یۆنانی[a] لەنێو ئەوانە بوون کە هاتبوون لە جەژندا خواپەرستی بکەن، 21 ئەمان هاتنە لای فیلیپۆسی خەڵکی بێت‌سەیدای جەلیل، پێیان گوت: «گەورەم، دەمانەوێت عیسا ببینین.» 22 فیلیپۆسیش هات و بە ئەندراوسی گوت، ئینجا ئەندراوس و فیلیپۆس هاتن و بە عیسایان گوت.

23 عیساش وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «کاتی شکۆدارکردنی کوڕی مرۆڤ هاتووە. 24 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات. 25 ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتاییە ژیانی دەپارێزێت. 26 ئەوەی خزمەتم دەکات با بەدوام بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم، خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.»

عیسا باسی مردنی خۆی دەکات

27 «ئێستا خەمبارم، چی بڵێم؟ ”باوکە لەم کاتە[b] ڕزگارم بکە“؟ نەخێر بەڵام من بۆ ئەم کاتە هاتووم. 28 ئەی باوک، ناوت شکۆدار بکە!»

جا دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «شکۆدارم کردووە و شکۆداریشی دەکەمەوە.» 29 ئەو خەڵکەی لەوێ ئامادەبوون گوێیان لێبوو، گوتیان: «هەورەتریشقە بوو!» هەندێکی دیکەیان گوتیان: «فریشتەیەک بوو قسەی لەگەڵ کرد.»

30 عیسا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «ئەو دەنگەی هات بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو. 31 ئێستا کاتی حوکمدانی ئەم جیهانەیە. ئێستا سەرۆکی ئەم جیهانە دەردەکرێت. 32 کاتێک منیش لە زەوییەوە بەرز دەکرێمەوە، ئەوا هەمووان بۆ لای خۆم ڕادەکێشم.» 33 ئەمەی گوت ئاماژەی کرد بەو شێوە مردنەی کە دەبێت بمرێت.

34 خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «لە تەوراتدا بیستوومانە کە مەسیح هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، ئیتر چۆن دەڵێی ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بەرز بکرێتەوە“؟ ئەم کوڕی مرۆڤە کێیە؟»

35 عیساش پێی فەرموون: «ڕووناکییەکەتان بۆ کاتێکی کورت لەسەر دەمێنێتەوە. بڕۆن هەتا ڕووناکیتان لەگەڵە، نەوەک تاریکیتان بەسەردا بێت، چونکە ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات نازانێ بۆ کوێ دەڕوات. 36 باوەڕ بە ڕووناکییەکە بهێنن هەتا ڕووناکییەکەتان لەگەڵدایە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ڕووناکییەکە.» عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆیشت و خۆی لێیان شاردەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.