Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 42:1-9

بەندەی یەزدان

42 «ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی پشتیوانی دەکەم،
    هەڵبژاردەکەم کە پێی دڵشادم،
ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر،
    دادپەروەری بۆ نەتەوەکان بەرپا دەکات.
هاوار ناکات و دەنگی بەرز ناکاتەوە و
    لە شەقامدا نابیسترێت.
قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت
    پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە.
بە ڕاستییەوە دادپەروەری دەردەخات.
    نە ماندوو دەبێت و نە وردوخاش دەبێت
تاکو ئەوەی لەسەر زەوی دادپەروەری بەرقەرار دەکات.
    دوورگەکان هیوایان بە فێرکردنەکانی ئەو دەبێت.»

خودای پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و لێککەرەوەی،
    ڕاخەری زەوی و ئەوەی لێی بەرهەم دێت،
هەناسەی داوە بەو گەلەی لەسەریەتی،
    ڕۆحیش بەوانەی هاتوچۆی تێدا دەکەن،
ئەمە دەفەرموێت:
«من یەزدانم، بە ڕاستودروستی بانگم کردیت،
    جا دەستت دەگرم و دەتپارێزم،
    دەتکەمە پەیمان بۆ گەل و ڕووناکی بۆ نەتەوەکان.
بۆ ئەوەی چاوی نابیناکان بکەیتەوە،
    بۆ ئەوەی دیلەکان لە زیندان دەربهێنیت،
    لە بەندیخانەش دانیشتووان لە تاریکی.

«من یەزدانم، ئەمەیە ناوم و
    شکۆمەندی خۆم نادەمە کەسی دیکە و
    ستایشم نادەمە بتە تاشراوەکان.
ببینن، ئەوەی لە ڕابردوو گوترا هاتە دی،
    ئێستاش شتی نوێتان پێ ڕادەگەیەنم،
پێش ئەوەی سەر دەربێنێت
    من پێتانی دەڵێم.»

زەبوورەکان 36:5-11

ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەگاتە ئاسمان،
    دڵسۆزیت دەگاتە هەورەکان.
ڕاستودروستییەکەت وەک چیا سەرکەشەکانە،
    دادپەروەرییەکەت وەک دەریا گەورەکەی ژێر زەوییە[a].
ئەی یەزدان، تۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش ڕزگار دەکەیت.
    ئەی خودایە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چەند بەنرخە!
ئادەمیزاد لەژێر سێبەری باڵەکانت پەنا دەگرن.
بە چەوری ماڵەکەت تێر دەبن،
    تۆش پێیان دەدەیت لە ڕووباری خۆشییەکانت بنۆشن،
چونکە کانی ژیان لەلای تۆیە،
    بە ڕووناکی تۆ ئێمە ڕووناکی دەبینین.

10 بەردەوامی بدە بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ ئەوانەی دەتناسن،
    بە ڕاستودروستییەکەت بۆ ئەوانەی دڵڕاستن.
11 با نەکەومە ژێر پێی پیاوی لووتبەرز،
    دەستی بەدکاران وێڵم نەکات.

عیبرانییەکان 9:11-15

خوێنی مەسیح

11 بەڵام کاتێک مەسیح هات وەک سەرۆک کاهین بۆ شتە باشەکانی داهاتوو، چووە ناو ئەو چادرەی کە گەورەتر و تەواوترە و هەروەها دەستکرد نییە، واتە هی بەدیهێنراو نییە. 12 بە خوێنی بزن و گوێرەکە نەچوو، بەڵکو بە خوێنی خۆی یەک جار چووە ناو شوێنی هەرەپیرۆز و کڕینەوەی هەتاهەتایی دەستکەوت، 13 چونکە ئەگەر خوێنی بزن و گا و خۆڵەمێشی گوێرەکە کە بەسەر گڵاوەکاندا دەپرژێنرێت،[a] پیرۆز بکات بۆ پاککردنەوەی جەستە، 14 ئیتر خوێنی مەسیح چەند زیاترە، ئەوەی بە ڕۆحی پیرۆزی هەتاهەتایی بێ کەموکوڕی خۆی پێشکەشی خودا کرد، ئەوەی ویژدانمان لەو کارانە پاک دەکاتەوە کە دەبنە هۆی مردن، تاکو خزمەتی خودای زیندوو بکەین.

15 لەبەر ئەمە مەسیح ڕێکخەری پەیمانی نوێیە، تاکو بانگکراوان بەڵێنی میراتی هەتاهەتایی وەربگرن، چونکە مردنەکە بەهای خوێنە بۆ ئازادکردن لەو گوناهانەی کە لە پەیمانی یەکەمدا کردوویانە.

یۆحەنا 12:1-11

چەورکردنی عیسا بۆ مردن

12 شەش ڕۆژ پێش جەژنی پەسخە عیسا هاتە بێت‌عەنیا کە لەعازری لێبوو، ئەوەی عیسا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. لەوێ شێوێکیان بۆ ئامادە کرد، مەرسا خزمەتی دەکرد، لەعازریش یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵی پاڵیدابووەوە. مریەمیش نیو لیتر بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای هێنا و پێی عیسای چەورکرد، ئینجا بە قژی پێیەکانی عیسای سڕییەوە و ماڵەکەش پڕبوو لە بۆنی خۆش.

یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە قوتابییەکانی و بەتەمابوو بە گرتنی بدات، گوتی: «بۆچی ئەم بۆنە بە سێ سەد دینار نەفرۆشرا و نەدرا بە هەژاران؟» ئەمەی گوت نەک لەبەر ئەوەی خەمی هەژاران دەخوات، بەڵکو لەبەر ئەوەی دز بوو و سندوقی پارەشی لەلا بوو، هەرچی تێدا دابنرابووایە دەیبرد.

عیساش فەرمووی: «وازی لێ بهێنن، بۆ ڕۆژی ناشتنم هەڵیگرتبوو، چونکە هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.»

کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان زانییان عیسا لەوێیە، هاتن، نەک تەنها لەبەر عیسا، بەڵکو بۆ بینینی لەعازریش کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. 10 ئەوسا کاهینانی باڵا تەگبیریان کرد لەعازریش بکوژن، 11 چونکە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان بەهۆی ئەوەوە دەڕۆیشتن و باوەڕیان بە عیسا دەهێنا.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.