Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 53

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ساز، هۆنراوەیەکی داود.

53 گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
    «خودا نییە.»
ئەوانە گەندەڵن و خراپەکانیان پیسە،
    کەس نییە چاکە بکات.

خودا لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،
    هەتا بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،
    کەس هەیە بەدوای خودا بگەڕێت.
هەموو هەڵگەڕانەوە،
    هەموو گەندەڵ بوون،
کەس نییە چاکە بکات،
    تەنانەت یەکێکیش نییە.

ئایا گوناهباران فێر نەبن؟

ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و
    ئەوانەی لە خودا ناپاڕێنەوە.
لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،
    کە هیچ ترسی لێ نەبوو.
خودا ئێسقانی ئەوانە پەرشوبڵاو دەکاتەوە کە گەمارۆیان داویت،
    ڕیسوایان دەکەیت، چونکە خودا ڕەتی کردنەوە.

با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە دەربکەوێت!
    کاتێک خودا گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،
    با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!

لێڤییەکان 25:1-19

ساڵی پشوو

25 هەروەها یەزدان لە شاخی سینا بە موسای فەرموو: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک هاتنە ئەو خاکەی من پێتان دەدەم، ئەوا پشوو دەدەن بە خاکەکە، شەممەیە بۆ یەزدان. شەش ساڵ کێڵگەکەت دەڕوێنیت و شەش ساڵ ڕەزەکەت پەرچ دەکەیت و بەروبوومی کۆدەکەیتەوە. بەڵام لە ساڵی حەوتەم دەبێتە پشووی خاک، شەممەیە بۆ یەزدان، کێڵگەکەت مەڕوێنە و ڕەزەکەت پەرچ مەکە. ئەوەی لە دروێنە لێت کەوتووە و ئێستا ڕواوەتەوە، دروێنەی مەکە، ترێی ڕەزەکەشت، هی ئەو لقانەی پەرچ نەکراون، لێ مەکەرەوە. ساڵی پشوودان دەبێت بۆ خاکەکە. هەر شتێک خاکەکە لە ساڵی پشوودا بە خۆڕستی بەرهەمی دەهێنێت، ئەوا دەبێتە خۆراکتان، بۆ تۆ و کۆیلەکەت و کەنیزەکەت یان کرێگرتەکەت و نیشتەجێی کاتی کە لەلای تۆ دەژیێت، هەروەها بۆ ئاژەڵە ماڵییەکانت و بۆ ئەو ئاژەڵە کێوییە دەبێت کە لە خاکەکەتە. هەموو بەروبوومی خاکەکە دەبێتە خۆراک.

ساڵی پەنجایەمین ساڵی یۆبیلە

«”حەوت پشووی ساڵانە بۆ خۆت دەژمێریت، حەوت جار حەوت ساڵ، جا ڕۆژانی حەوت پشووە ساڵانەکە بۆ تۆ دەبێتە چل و نۆ ساڵ، ئینجا لە ڕۆژی دەی مانگی حەوت، کەڕەنا لێ دەدەیت لە ڕۆژی کەفارەت، کەڕەنا بە هەموو خاکەکەتان دەگێڕن. 10 ساڵی پەنجایەمین تەرخان دەکەن و بانگەوازی ئازادکردن لە زەوییەکەدا ڕادەگەیەنن بۆ هەموو دانیشتووانەکەی، بۆتان دەبێتە یۆبیل[a] و هەریەکە و بۆ موڵکی خۆی دەگەڕێتەوە و هەریەکە و بۆ خێڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە. 11 ساڵی پەنجایەمین یۆبیل، ناڕوێنن و ئەوەی خۆڕسکە نایدروونەوە و ڕەزی پەرچ نەکراو ناڕنن. 12 ئەوە یۆبیلە و پیرۆز دەبێت بۆتان، ئەو ساڵە تەنها ئەوە بخۆن کە ڕاستەوخۆ لە کێڵگەوە دەستتان دەکەوێت.

13 «”لەم ساڵی یۆبیلە هەرکەسە دەگەڕێتەوە سەر موڵکی خۆی.

14 «”جا کاتێک زەوی و زارت بە هاونیشتیمانیت فرۆشت یان لێت کڕی، با کەستان ستەم لەوی دیکەتان نەکات. 15 بەگوێرەی ژمارەی ساڵەکانی دوای یۆبیل لە هاونیشتیمانییەکەت دەکڕیت و بەگوێرەی ساڵەکانی کە ماوەتەوە بۆ خەرمانان پێت دەفرۆشێت. 16 بەگوێرەی زۆری ساڵەکان نرخی زیاد دەکەیت و بەگوێرەی کەمی ساڵەکان نرخی کەم دەکەیتەوە، چونکە ژمارەی بەروبوومەکەت پێ دەفرۆشێت. 17 جا ستەم لە یەکتری مەکەن، بەڵکو لە خوداتان بترسن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.

18 «”فەرزەکانم بەجێبهێنن و ئاگاداری ئەوە بن کە گوێڕایەڵی یاساکانم بن و کاریان پێ بکەن، بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی لە خاکەکە نیشتەجێ بن. 19 زەوییەکەش بەروبوومەکەی دەدات، جا هەتا تێر دەبن لێی دەخۆن و بە ئاسوودەیی تێیدا نیشتەجێ دەبن.

ئاشکراکردن 19:9-10

پێی گوتم: «بنووسە، خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی بۆ خوانی زەماوەندی بەرخەکە بانگهێشت کراون!» هەروەها پێی گوتم: «ئەمانە وشە ڕاستەکانی خودان.»

10 کەوتمە بەرپێی تاکو کڕنۆشی بۆ ببەم. بەڵام پێی گوتم: «وا مەکە! منیش لەگەڵ تۆ و خوشک و برایانت بەندەی هاوکارم، ئەوانەی پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا. کڕنۆش بۆ خودا ببە! چونکە ئەو ڕۆحەی کە سروشی بە پێغەمبەرەکان داوە، هەر ئەو شایەتی بۆ مەسیح دەدات.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.