Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ساز، هۆنراوەیەکی داود.
53 گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
«خودا نییە.»
ئەوانە گەندەڵن و خراپەکانیان پیسە،
کەس نییە چاکە بکات.
2 خودا لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،
هەتا بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،
کەس هەیە بەدوای خودا بگەڕێت.
3 هەموو هەڵگەڕانەوە،
هەموو گەندەڵ بوون،
کەس نییە چاکە بکات،
تەنانەت یەکێکیش نییە.
4 ئایا گوناهباران فێر نەبن؟
ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و
ئەوانەی لە خودا ناپاڕێنەوە.
5 لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،
کە هیچ ترسی لێ نەبوو.
خودا ئێسقانی ئەوانە پەرشوبڵاو دەکاتەوە کە گەمارۆیان داویت،
ڕیسوایان دەکەیت، چونکە خودا ڕەتی کردنەوە.
6 با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە دەربکەوێت!
کاتێک خودا گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،
با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!
ڕۆژی کەفارەت
26 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 27 «بەڵام ڕۆژی دەیەمی ئەم مانگی حەوتە، ڕۆژی کەفارەتە، کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، گیانی خۆتان زەلیل[a] بکەن و قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن. 28 لەو ڕۆژەدا هیچ کارێک مەکەن، چونکە ڕۆژی کەفارەتە بۆ کەفارەتکردن بۆتان لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان. 29 هەرکەسێک لەم ڕۆژەدا خۆی زەلیل نەکات لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە، 30 هەرکەسێکیش لەم ڕۆژەدا هەر کارێک بکات، ئەوا ئەو کەسە لەنێو گەلەکەی لەناودەبەم. 31 هیچ کارێک مەکەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە نەوەکانتان لە هەموو نشینگەکانتان. 32 شەممەیە، پشووە بۆتان، دەبێت گیانی خۆتان زەلیل بکەن. دەبێت لە کاتی ئێوارەی نۆی مانگدا هەتا ئێوارەی دواتر پشوودانی شەممەتان بێت.»
جەژنی کەپرەشینە
33 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 34 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”لە ڕۆژی پازدەیەمی ئەم مانگی حەوتە، حەوت ڕۆژ جەژنی کەپرەشینەیە بۆ یەزدان. 35 لە ڕۆژی یەکەمدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن، 36 حەوت ڕۆژ قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن. لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن و قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، ئاهەنگی کۆتایی پێهێنانە، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.
37 «”دەبێت لە جەژنەکانتان ئەمانە پێشکەشی یەزدان بکەن کە تێیدا بانگەوازی کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەکەن، بۆ پێشکەشکردنی قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سەربڕاو و شەرابی پێشکەشکراو، هەر ڕۆژەو هی خۆی. 38 جیا لە شەممەکانی یەزدان و جیا لە دیارییەکانتان و هەموو نەزرەکانتان و هەموو بەخشینە ئازادەکانتان کە بە یەزدانی دەدەن.
39 «”ڕۆژی پازدەی مانگی حەوت، پاش ئەوەی بەروبوومی زەوییەکەتان کۆکردەوە، حەوت ڕۆژ جەژن بۆ یەزدان بگێڕن، لە ڕۆژی یەکەمدا شەممەیە و لە ڕۆژی هەشتەمیشدا شەممەیە. 40 لە ڕۆژی یەکەمدا بەروبوومی دارەکانی میوە و پەلکی دار خورما و لقەداری پڕ گەڵا و شۆڕەبی ناو چەمەکان بۆ خۆتان ببەن و حەوت ڕۆژ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان خۆشی بگێڕن. 41 حەوت ڕۆژ لە ساڵێکدا بۆ یەزدان بکەن بە جەژن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە نەوەکانتان، لە مانگی حەوت بیکەن بە جەژن.
هەلیلویا! حوکمڕانی بۆ یەزدان
19 پاش ئەوەش گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو وەک دەنگی خەڵکانێکی زۆر لە ئاسمانەوە دەیگوت:
«هەلیلویا!
ڕزگاری و شکۆ و هێز بۆ خودامانە،
2 چونکە حوکمەکانی ڕاست و دادپەروەرن.
لەشفرۆشە گەورەکەی تاوانبار کرد
کە بە داوێنپیسییەکەی زەویی گەندەڵ دەکرد.
تۆڵەی خوێنی بەندەکانی خۆی لێکردەوە.»
3 دووبارە گوتیانەوە:
«هەلیلویا!
دووکەڵەکەی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.»
4 بیست و چوار پیرەکە و چوار بوونەوەرەکە کەوتنە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ خودای دانیشتووی سەر تەختەکە برد، گوتیان:
«ئامین. هەلیلویا!»
5 دەنگێک لەلای تەختەکەوە هات، گوتی:
«ستایشی خودامان بکەن ئەی هەموو بەندەکانی،
ئەوانەی لێی دەترسن، گەورە و بچووک.»
6 پاشان گوێم لە دەنگێک بوو وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر، وەک دەنگی خوڕەی ئاوێکی زۆر و وەک دەنگی هەورەگرمەی بەهێز بوو، دەیگوت:
«هەلیلویا!
خودای پەروەردگارمان هەرە بە توانایە، حوکومڕانی دەکات.
7 با دڵخۆش و شاد بین، شکۆداری بکەین،
چونکە زەماوەندی بەرخەکە هاتووە و
بووکەکەی خۆی ئامادە کردووە.
8 کراسێکی کەتانی ناسکی پاک و پرشنگداری پێدرابوو لەبەری بکات.»
ئەم کەتانە ناسکە هێمای کردارە ڕاستودروستەکانی گەلی پیرۆزی خودایە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.