Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 32

هۆنراوەیەکی داود.

32 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە،
    گوناهەکانی داپۆشراوە.
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
    کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و
    لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە.

کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا،
    ئێسقانەکانم پووکانەوە،
    لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ.
چونکە بە شەو و بە ڕۆژ،
    دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو،
    تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.[a]

ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و
    تاوانم ناشارمەوە.
گوتم: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.»
    تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت.

بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە
    لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە،
    بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ.
تۆ پەناگای منیت،
    لە تەنگانە دەمپارێزی و
    بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت.

خودا دەفەرموێت: «من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت،
    ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم.
وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن،
    بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت،
    بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە.
10 بەدکارەکان ئازاریان زۆرە،
    بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت،
    خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.»

11 ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن،
    ئەی دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!

دەرچوون 32:7-14

جا یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ خوارەوە، چونکە گەلەکەت گەندەڵ بوو، ئەوەی لە خاکی میسرەوە هێناتە دەرەوە. زوو لایاندا لەو ڕێگایەی کە فەرمانم پێکردن، گوێرەکەیەکی لەقاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستکردووە و کڕنۆشی بۆ دەبەن و قوربانی بۆ سەر دەبڕن، دەڵێن: ”ئەی ئیسرائیل، ئەمە خوداوەندەکەمانە، ئەوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا.“»

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «تەماشای ئەم گەلەم کرد، ئەوان گەلێکی کەللەڕەقن. 10 ئێستاش لێمگەڕێ با تووڕەییم بەسەریاندا بێتە جۆش و کۆتاییان پێ بهێنم، تۆش دەکەمە گەلێکی مەزن.»

11 بەڵام موساش لە یەزدانی پەروەردگاری خۆی پاڕایەوە، گوتی: «یەزدان، بۆچی تووڕەییت بەسەر گەلەکەتدا دێتە جۆش، کە لە خاکی میسرەوە بە توانایەکی مەزن و دەستێکی بەهێزەوە دەرتهێنا؟ 12 بۆچی میسرییەکان بڵێن: ”بە نیازخراپی دەریهێنان هەتا لە کێوەکان بیانکوژێت و لەسەر ڕووی زەوی نەیانهێڵێت؟“ جۆشی تووڕەییت دابمرکێنەوە و ئەو سزایە ڕەت بکەرەوە کە فەرمووت بەسەر گەلەکەتدا دەیسەپێنیت. 13 ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی خزمەتکارانت بەبیر بێتەوە کە بە گیانی خۆت سوێندت بۆیان خوارد و پێت فەرموون، ”نەوەکانتان زۆر دەکەم وەک ئەستێرەکانی ئاسمان و هەموو ئەم خاکەش کە باسم کرد، دەیدەمە نەوەکانتان و دەبێتە موڵکیان بۆ هەتاهەتایە.“» 14 ئینجا یەزدان پاشگەز بووەوە لەو کارەساتەی فەرمووی، کە ویستی بە گەلەکەی بکات.

لۆقا 15:1-10

نموونەی مەڕە ونبووەکە

15 هەموو باجگر و گوناهباران لێی نزیک دەبوونەوە تاکو گوێ لە عیسا بگرن. جا فەریسی و مامۆستایانی تەورات بۆڵەبۆڵیان دەکرد: «ئەمە پێشوازی لە گوناهباران دەکات و نانیان لەگەڵ دەخوات.»

عیساش ئەم نموونەیەی بۆ هێنانەوە: «کامەتان ئەگەر سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە دەشت بەجێناهێڵێت و بەدوای ونبووەکەدا ناچێت هەتا دەیدۆزێتەوە؟ کاتێک دۆزییەوە بە خۆشییەوە دەیخاتە سەر شانی و دێتەوە ماڵ، هاوڕێ و دراوسێکان بانگ دەکات و پێیان دەڵێت: ”لەگەڵم دڵشاد بن! مەڕە ونبووەکەم دۆزییەوە.“ پێتان دەڵێم، لە ئاسمانیش شادی زیاتر دەبێت سەبارەت بە گوناهبارێک تۆبە بکات لە نەوەد و نۆ ڕاستودروست[a] کە پێویستیان بە تۆبەکردن نییە.

نموونەی درهەمە ونبووەکە

«یان چ ئافرەتێک دە درهەمی[b] هەبێت و یەک درهەمی ون بکات، چرا هەڵناکات و ماڵەکە گسک نادات و بە وردی ناگەڕێت، هەتا دەیدۆزێتەوە؟ کە دۆزییەوە، هاوڕێ و دراوسێکانی بانگ دەکات و دەڵێت: ”لەگەڵم دڵشاد بن، ئەو درهەمەی ونم کردبوو، دۆزیمەوە.“ 10 پێتان دەڵێم: بە هەمان شێوە، فریشتەکانی خودا دڵشاد دەبن کاتێک گوناهبارێک تۆبە دەکات.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.