Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
هۆنراوەیەکی داود.
32 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لە یاخیبوونەکانی بەخشراوە،
گوناهەکانی داپۆشراوە.
2 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
کە یەزدان تاوانی لەسەر ناژمێرێت و
لە ڕۆحەکەی بێ فێڵە.
3 کاتێک دانم بە گوناهەکانمدا نەنا،
ئێسقانەکانم پووکانەوە،
لە ناڵینم بە درێژایی ڕۆژ.
4 چونکە بە شەو و بە ڕۆژ،
دەستت بەسەر سەرمەوە قورس بوو،
تەڕێتیم گۆڕا بۆ وشکی هاوین.[a]
5 ئینجا لەلای تۆدا داندەنێم بە گوناهم و
تاوانم ناشارمەوە.
گوتم: «لەلای یەزدان داندەنێم بە یاخیبوونم.»
تۆش لە تاوانی گوناهم خۆشبوویت.
6 بۆیە با هەموو خواناسێک لێت بپاڕێتەوە
لە کاتی خۆی بتدۆزێتەوە،
بێگومان کە لافاو هەستا، نایگاتێ.
7 تۆ پەناگای منیت،
لە تەنگانە دەمپارێزی و
بە سروودی دەربازبوون دەورم دەدەیت.
8 خودا دەفەرموێت: «من فێرت دەکەم و ڕێنماییت دەکەم بۆ ئەو ڕێگایەی کە دەبێت پێیدا بڕۆیت،
ئامۆژگاریت دەکەم و چاودێریت دەکەم.
9 وەک ئەسپ و هێستر مەبە کە هیچ تێناگەن،
بەڵکو دەبێت لغاوی لە دەم بکرێت و جڵەوی ڕابکێشرێت،
بۆ ئەوەی لێت نزیک ببێتەوە.
10 بەدکارەکان ئازاریان زۆرە،
بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت،
خۆشەویستی نەگۆڕ دەوری دەدات.»
11 ئەی سەرڕاستەکان، شاد بن بە یەزدان و دڵخۆش بن،
ئەی دڵڕاستەکان، گۆرانی بڵێن!
14 لەو ڕۆژە یەزدان لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل یەشوعی بەرز ڕاگرت، ئەوانیش بە درێژایی ژیانی یەشوع ڕێزێکی تایبەتیان بۆی هەبوو، هەروەک چۆن ڕێزیان لە موسا گرتبوو.
15 هەروەها یەزدان بە یەشوعی فەرموو: 16 «فەرمان بە کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی بکە با لە ڕووباری ئوردونەوە سەربکەون.»
17 یەشوعیش فەرمانی بە کاهینەکان کرد و گوتی: «لە ڕووباری ئوردونەوە سەربکەون.»
18 ئەوە بوو لەگەڵ سەرکەوتنی کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمانی یەزدان لەناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە، بن پێی کاهینەکان کەوتە سەر وشکانی، ئاوی ڕووباری ئوردون گەڕایەوە شوێنی خۆی و وەک پێشتر بووەوە بە لافاو.
19 گەلیش لە دەیەم ڕۆژی مانگی یەکدا لە ڕووباری ئوردونەوە سەرکەوتن و لە گلگال لە سنووری ڕۆژهەڵاتی ئەریحا چادریان هەڵدا. 20 ئەو دوازدە بەردەش کە لە ڕووباری ئوردونەوە هێنابوویان، یەشوع لە گلگال کەڵەکەی کردن و 21 بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر سبەینێ نەوەکانتان لە باوباپیرانی خۆیانیان پرسی: ”ئەم بەردانە چین؟“ 22 پێیان بناسێنن و پێیان بڵێن: ”نەوەی ئیسرائیل بەسەر وشکانی لەم ڕووباری ئوردونە پەڕینەوە.“ 23 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئاوی ڕووباری ئوردونی لەبەردەمیاندا وشک کرد هەتا پەڕینەوە، هەروەک ئەوەی بە دەریای سووری کرد کە لەبەردەمماندا وشکی کرد هەتا ئێمە پەڕینەوە. 24 ئەمەی کرد هەتا هەموو گەلانی خاکەکە بزانن کە دەستی یەزدان بەهێزە، تاوەکو هەتاهەتایە لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن.»
6 بۆیە هەموو کات دڵنیاین و دەزانین کە هەتا لە لەشدا نیشتەجێ بین، لە عیسای خاوەن شکۆ دوورین، 7 چونکە بە باوەڕ دەڕۆین نەک بە بینراو. 8 ئیتر دڵنیاین و بە باشتری دەزانین، لە لەش دوور بکەوینەوە و لەلای عیسای خاوەن شکۆ نیشتەجێ بین. 9 بۆیە ئامانجی بەرزمان دادەنێین، ئەگەر لە لەشدا نیشتەجێ بین یان دوور بین، ئەو لێمان ڕازی بێت، 10 چونکە دەبێت هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی مەسیح دەربکەوین، تاکو هەریەکە بۆ ئەو شتانەی بەهۆی جەستەوە کردوویەتی شایستەیی خۆی وەربگرێت، ئەگەر باشە یاخود خراپە.
خزمەتی ئاشتبوونەوە
11 لەبەر ئەوەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ لە دڵمانە، هەر بۆیە هەوڵ دەدەین خەڵکی قایل بکەین. بۆ خوداش دەرکەوتین، هیوادارم بۆ ویژدانی ئێوەش بە تەواوی دەربکەوین. 12 ئێمە نامانەوێ جارێکی دیکە لە لای ئێوە بەخۆماندا هەڵبدەین، بەڵکو دەرفەتێکتان دەدەینێ شانازیمان پێوە بکەن، تاکو بتوانن وەڵامی ئەوانە بدەنەوە کە شانازی بە ڕواڵەتەوە دەکەن، نەک بە دڵ. 13 ئەگەر مێشکمان تێکچووبێت، لەبەر خودایە، ئەگەر هۆشمەند بین، لەبەر ئێوەیە. 14 خۆشەویستی مەسیح دیلی کردووین، چونکە دڵنیاین لەوەی کە یەکێک لە جیاتی هەموو خەڵک مرد، بۆیە هەموو خەڵک مردن. 15 ئەو لەبری هەمووان مرد تاکو زیندووان ئیتر بۆ خۆیان نەژین، بەڵکو بۆ ئەو کەسەی لە پێناویان مرد و هەستایەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.