Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ یەدوتون[a] زەبوورێکی داود.
39 گوتم: «چاودێری ڕێگای خۆم دەکەم و
زمانی خۆم لە گوناه دەپارێزم.
ئەوەندەی بەدکار لەبەردەممە،
دەمم بە لغاو دەبەستم.»
2 بەڵام کاتێک کپ و بێدەنگ بووم،
تەنانەت شتی چاکیشم نەدەگوت،
ئازارم زیاد بوو.
3 دڵم لە ناخمەوە قوڵپی دەدا،
هەروەها کە نوقومی بیرکردنەوە دەبووم، گڕم دەگرت،
ئەوسا بە زمانم هاتمە قسەکردن:
4 «ئەی یەزدان، کۆتایی ژیانی خۆم پیشان بدە،
هەروەها ڕۆژەکانی ژیانم چەندە،
بۆ ئەوەی بزانم من چ فەوتاوێکم.
5 بەڕاستی ڕۆژگاری منت کردووە بە بستێک،
تەمەنم لەبەرچاوت وەک هیچە.
ژیانی هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.[b]
6 «بەڕاستی مرۆڤ وەک سێبەر دێت و دەچێت،
ڕەنج دەدات، بەڵام بێگومان بێهوودەیە،
سامان کۆدەکاتەوە، نازانێت دوای خۆی بۆ کێ دەبێت.
7 «ئێستاش ئەی پەروەردگار، من چاوەڕێی چی بکەم؟
هیوای من بە تۆیە.
8 لە هەموو سەرپێچییەکانم ڕزگارم بکە،
مەمکە بە گاڵتەجاڕی گێلەکان.
9 بێدەنگ بووم، دەمم ناکەمەوە،
چونکە تۆ ئەوەی کە ئەمەت کردووە.
10 بەڵای خۆت لەسەر من لابدە،
بە زەبرەکانی دەستی تۆ فەوتام.
11 مرۆڤ بە سەرزەنشتکردنی لەبەر گوناهەکانی تەمبێ دەکەیت،
وەک مۆرانە سامانی ئەو لەناودەبەیت،
هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.
12 «ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
گوێ لە هاوارم بگرە،
لە ئاست گریانم گوێت دامەخە،
چونکە لەلای تۆ وەک نامۆیەکم،
میوانم وەک هەموو باوباپیرانم.
13 ڕووی گرژت لە من وەرگێڕە، هەتا شادمان ببمەوە،
پێش ئەوەی بڕۆم و نەمێنم.»
17 جا موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکی کەنعان و پێی گوتن: «لێرەوە بەناو نەقەبدا[a] بڕۆن و بۆ ناوچە شاخاوییەکە سەربکەون و 18 بڕوانن خاکەکە چۆنە، ئەو گەلەش تێیدا دەژیێت بە هێزە یان لاوازە؟ کەمن یان زۆرن؟ 19 ئەو خاکەی تێیدا نیشتەجێن چۆنە، باشە یان خراپە؟ ئەو شارۆچکانە چین کە تێیدا نیشتەجێن، خێوەتگان یان قەڵابەندن؟ 20 هەروەها ئەو خاکە چۆنە، بەپیتە یان بێپیتە؟ داری لێیە یان نا؟ چاونەترس بن و هەندێک لە بەروبوومی خاکەکە بهێنن.» ئەو ڕۆژانەش ڕۆژانی یەکەم بەری ترێ بوو.
21 ئەوانیش سەرکەوتن و سیخوڕی خاکەکەیان کرد، لە چۆڵەوانی چنەوە هەتا ڕەحۆڤ لە نزیک دەروازەی حەمات. 22 بەناو نەقەبدا سەرکەوتن و هاتنە حەبرۆن. لەوێش ئەحیمەن و شێشەی و تەلمەی نەوەی عەناقی لێبوو، حەبرۆنیش پێش چۆعەنی میسر بە حەوت ساڵ بنیاد نرابوو. 23 ئیتر هاتنە دۆڵی ئەشکۆل و لەوێ لقێکیان بە هێشووە ترێیەکەوە لێکردەوە و بە دارێک هەڵیانگرت لەنێوان دووانیان و لەگەڵ هەندێک هەنار و هەنجیر. 24 جا ئەو شوێنە ناونرا دۆڵی ئەشکۆل بەهۆی ئەو هێشووەی نەوەی ئیسرائیل لەوێ لێیان کردەوە. 25 ئینجا لەدوای چل ڕۆژ لە سیخوڕیەتی خاکەکە هاتنەوە.
هەواڵ هێنانەوە
26 سیخوڕەکان هاتنە لای موسا و هارون و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی پاران، لە قادێش، هەواڵیان بۆ ئەوان و بۆ هەموو کۆمەڵ هێنایەوە و بەروبوومی خاکەکەیان پیشاندان. 27 هەواڵیان پێیدا و گوتیان: «بۆ ئەو خاکە چووین کە تۆ ئێمەت بۆی نارد و بە ڕاستی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت! ئەمەش بەرەکەیەتی.
نموونەی دەنکە خەردەل و هەویرترش
18 ئینجا عیسا فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت؟ بە چی بەراوردی بکەم؟ 19 لە دەنکە خەردەلێک[a] دەچێت، کابرایەک بردی و لەناو باخەکەی چاندی، جا گەشەی کرد و بوو بە درەختێک، باڵندەی ئاسمان لەناو لقەکانی هێلانەیان کرد.»
20 دیسان فەرمووی: «شانشینی خودا بە چی بەراورد بکەم؟ 21 لە هەویرترشێک دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە[b] ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.