Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ یەدوتون[a] زەبوورێکی داود.
39 گوتم: «چاودێری ڕێگای خۆم دەکەم و
زمانی خۆم لە گوناه دەپارێزم.
ئەوەندەی بەدکار لەبەردەممە،
دەمم بە لغاو دەبەستم.»
2 بەڵام کاتێک کپ و بێدەنگ بووم،
تەنانەت شتی چاکیشم نەدەگوت،
ئازارم زیاد بوو.
3 دڵم لە ناخمەوە قوڵپی دەدا،
هەروەها کە نوقومی بیرکردنەوە دەبووم، گڕم دەگرت،
ئەوسا بە زمانم هاتمە قسەکردن:
4 «ئەی یەزدان، کۆتایی ژیانی خۆم پیشان بدە،
هەروەها ڕۆژەکانی ژیانم چەندە،
بۆ ئەوەی بزانم من چ فەوتاوێکم.
5 بەڕاستی ڕۆژگاری منت کردووە بە بستێک،
تەمەنم لەبەرچاوت وەک هیچە.
ژیانی هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.[b]
6 «بەڕاستی مرۆڤ وەک سێبەر دێت و دەچێت،
ڕەنج دەدات، بەڵام بێگومان بێهوودەیە،
سامان کۆدەکاتەوە، نازانێت دوای خۆی بۆ کێ دەبێت.
7 «ئێستاش ئەی پەروەردگار، من چاوەڕێی چی بکەم؟
هیوای من بە تۆیە.
8 لە هەموو سەرپێچییەکانم ڕزگارم بکە،
مەمکە بە گاڵتەجاڕی گێلەکان.
9 بێدەنگ بووم، دەمم ناکەمەوە،
چونکە تۆ ئەوەی کە ئەمەت کردووە.
10 بەڵای خۆت لەسەر من لابدە،
بە زەبرەکانی دەستی تۆ فەوتام.
11 مرۆڤ بە سەرزەنشتکردنی لەبەر گوناهەکانی تەمبێ دەکەیت،
وەک مۆرانە سامانی ئەو لەناودەبەیت،
هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.
12 «ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
گوێ لە هاوارم بگرە،
لە ئاست گریانم گوێت دامەخە،
چونکە لەلای تۆ وەک نامۆیەکم،
میوانم وەک هەموو باوباپیرانم.
13 ڕووی گرژت لە من وەرگێڕە، هەتا شادمان ببمەوە،
پێش ئەوەی بڕۆم و نەمێنم.»
دوو هەڵۆ و دار مێوێک
17 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، مەتەڵێک و پەندێک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل بهێنەوە و 3 بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەڵۆیەکی مەزنی باڵ بەهێزی شاپەڕ درێژی پەڕپەڕی ڕەنگاوڕەنگ هاتە لوبنان. لەسەر لووتکەی دار ئورزێک نیشتەوە، 4 بەرزترین چڵەکەشی قرتاند و هێنای بۆ خاکی بازرگانی و لە شاری بازرگانەکان چاندی.
5 «”هەروەها هەندێک تۆوی خاکەکەی ئێوەی برد و لە زەوییەکی بەپیتدا چاندی. بردی و لەدەم ئاوێکی زۆر وەک داری بی چاندی. 6 ڕوا و بوو بە دار مێوێکی پەل بڵاو و قەد کورت، لقەکانی بەرەو لای هەڵۆکە سووڕانەوە، ڕەگەکەشی لەژێر خۆیدا بوو، جا بوو بە دار مێو و لقی دا و چڵ و چرۆی کرد.
7 «”هەڵۆیەکی دیکە هەبوو، زل و باڵەکانی بەهێز و پەڕی زۆر بوو. ئیتر دار مێوەکە لەو شوێنەی کە تێیدا چێنرابوو ڕەگی درێژ کردەوە بۆ لای هەڵۆکە، لقیشی بەرەو لای ئەو هاویشت بۆ ئەوەی ئاوی لێ وەربگرێت. 8 ئەگەرچی لە کێڵگەیەکی باش و لە دەم ئاوی زۆردا چێنرابوو، هەتا لقەکانی نەشونما بکات و بەر بگرێت، ببێتە دار مێوێکی بڵاو.“
9 «بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا لە ڕەگەوە هەڵناکێشرێت و بەرەکەی ناڕنرێت هەتا وشک بێت؟ هەموو گەڵای لقەکانی وشک دەبێت پێویست بە بازووێکی بەهێز و خەڵکێکی زۆر ناکات هەتا لە ڕەگەوە هەڵیبکێشن. 10 ئەگەر بشچێنرێتەوە، ئایا گەشە دەکات؟ ئایا وەک ئەوەی بای ڕۆژهەڵات لێی دابێت بە تەواوی وشک نابێت؟ لەو شوێنەی لێی ڕواوە وشک نابێت؟“»
12 هەموو ئەوانەی کە شەریعەتیان نییە و گوناه دەکەن، بێ شەریعەت لەناودەچن، هەموو ئەوانەش کە لەژێر دەسەڵاتی شەریعەتدا گوناه دەکەن، بە شەریعەت حوکم دەدرێن، 13 چونکە ئەوانە لەلای خودا بێتاوان نین کە شەریعەت دەبیستن، بەڵکو ئەوانە بێتاوان دەکرێن کە کار بە شەریعەت دەکەن. 14 بێگومان ئەو نەتەوانەی شەریعەتیان نییە، کاتێک بە سروشت شەریعەتیان پەیڕەو کرد، ئەوانە بۆ خۆیان شەریعەتن، لەگەڵ ئەوەی شەریعەتیان نییە. 15 ئەوانە بەڵگەی وا نیشان دەدەن کە فەرزەکانی تەورات لە دڵیاندا نووسراوە، ویژدانیان لەناویاندا شایەتی دەدات، جار هەیە بیریان تاوانباریان دەکات و جاریش هەیە بەرگرییان لێ دەکات، 16 لەو ڕۆژەدا کاتێک خودا نهێنییەکانی خەڵک لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە حوکم دەدات، بەپێی ئەو مزگێنییەی[a] کە من ڕایدەگەیەنم.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.