Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 39

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ یەدوتون[a] زەبوورێکی داود.

39 گوتم: «چاودێری ڕێگای خۆم دەکەم و
    زمانی خۆم لە گوناه دەپارێزم.
ئەوەندەی بەدکار لەبەردەممە،
    دەمم بە لغاو دەبەستم.»
بەڵام کاتێک کپ و بێدەنگ بووم،
    تەنانەت شتی چاکیشم نەدەگوت،
    ئازارم زیاد بوو.
دڵم لە ناخمەوە قوڵپی دەدا،
    هەروەها کە نوقومی بیرکردنەوە دەبووم، گڕم دەگرت،
    ئەوسا بە زمانم هاتمە قسەکردن:

«ئەی یەزدان، کۆتایی ژیانی خۆم پیشان بدە،
    هەروەها ڕۆژەکانی ژیانم چەندە،
    بۆ ئەوەی بزانم من چ فەوتاوێکم.
بەڕاستی ڕۆژگاری منت کردووە بە بستێک،
    تەمەنم لەبەرچاوت وەک هیچە.
    ژیانی هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.[b]

«بەڕاستی مرۆڤ وەک سێبەر دێت و دەچێت،
    ڕەنج دەدات، بەڵام بێگومان بێهوودەیە،
    سامان کۆدەکاتەوە، نازانێت دوای خۆی بۆ کێ دەبێت.

«ئێستاش ئەی پەروەردگار، من چاوەڕێی چی بکەم؟
    هیوای من بە تۆیە.
لە هەموو سەرپێچییەکانم ڕزگارم بکە،
    مەمکە بە گاڵتەجاڕی گێلەکان.
بێدەنگ بووم، دەمم ناکەمەوە،
    چونکە تۆ ئەوەی کە ئەمەت کردووە.
10 بەڵای خۆت لەسەر من لابدە،
    بە زەبرەکانی دەستی تۆ فەوتام.
11 مرۆڤ بە سەرزەنشتکردنی لەبەر گوناهەکانی تەمبێ دەکەیت،
    وەک مۆرانە سامانی ئەو لەناودەبەیت،
    هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.

12 «ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
    گوێ لە هاوارم بگرە،
    لە ئاست گریانم گوێت دامەخە،
چونکە لەلای تۆ وەک نامۆیەکم،
    میوانم وەک هەموو باوباپیرانم.
13 ڕووی گرژت لە من وەرگێڕە، هەتا شادمان ببمەوە،
    پێش ئەوەی بڕۆم و نەمێنم.»

یەرمیا 11:1-17

شکاندنی پەیمانەکە

11 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: «گوێ لە بەندەکانی ئەو پەیمانە بگرن و لەگەڵ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم پێی بدوێن. پێیان دەڵێیت کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی گوێڕایەڵی بەندەکانی ئەو پەیمانە نابێت، کە من فەرمانم بە باوباپیرانتان کرد، لەو ڕۆژەی لە خاکی میسر، لەناو کوورەی ئاسن دەرمهێنان.“ فەرمووم: ”گوێم لێ بگرن و کاریان پێ بکەن بەپێی هەموو ئەوەی فەرمانتان پێ دەکەم. جا دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئێوە، بۆ ئەوەی ئەو سوێندە بەجێبهێنم کە بۆ باوباپیرانتان خواردم کە خاکێکیان بدەمێ شیر و هەنگوینی لێ بڕژێتەوە،“ هەروەک ئەو خاکەی ئەمڕۆ تێیدان.»

منیش وەڵامم دایەوە: «ئامین، ئەی یەزدان!»

ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «تەواوی ئەم پەیامە لەناو شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم ڕابگەیەنە و بڵێ: ”گوێ لە بەندەکانی ئەم پەیمانە بگرن و کاریان پێ بکەن، چونکە لەو ڕۆژەوە کە باوباپیرانی ئێوەم لە خاکی میسرەوە هێنایە دەرەوە هەتا ئەمڕۆ، بە تەواوی و بەردەوام ئاگادارم کردوونەتەوە و بە ڕوونی فەرموومە: ’گوێم لێ بگرن.‘ نە گوێیان گرت و نە گوێیان شل کرد، هەریەکە بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی کەوت، جا منیش هەموو نەفرەتەکانی ئەم پەیمانەم بەسەریاندا هێنا، ئەوەی فەرمانم پێکردن کە کاری پێ بکەن، بەڵام نەیانکرد.“»

ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «بە پیلانگێڕیم زانیوە لەنێو پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم. 10 گەڕانەوە سەر تاوانی باوباپیرانی پێشوویان، کە ڕەتیان کردەوە گوێ لە پەیامەکەم بگرن، کەوتنە دوای خوداوەندەکانی دیکە بۆ ئەوەی بیانپەرستن. بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا ئەو پەیمانەیان شکاند کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستم. 11 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من بەڵایەکیان بەسەردا دەهێنم کە نەتوانن لێی دەرباز بن، جا هاوارم بۆ دەکەن و منیش گوێیان لێ ناگرم. 12 شارۆچکەکانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەچن و هاوار دەبەن بۆ ئەو خوداوەندانەی بخووریان بۆ دەسووتێنن، بەڵام ئەوان لە کاتی بەڵایان ڕزگاریان ناکەن. 13 ئەی یەهودا، خوداوەندەکانت هێندەی ژمارەی شارۆچکەکانت بوون، قوربانگاتان هێندەی ژمارەی شەقامەکانی ئۆرشەلیم بوون بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداوەندی بەعلی شەرمەزاری.“

14 «تۆش لە پێناوی ئەم گەلە نوێژ مەکە و لە پێناویان پاڕانەوە و نزا بەرز مەکەرەوە، چونکە لە کاتی هاوارکردنیان بۆم لەبەر بەڵاکەیان گوێیان لێ ناگرم.

15 «ئەی ئەویندارەکەم، لە پەرستگاکەم چی دەکەیت،
    پلانگێڕیت لەگەڵ زۆر لایەن داڕشتووە،
    ئایا گۆشتی قوربانی پیرۆزکراو سزات لەسەر لادەبات؟
کاتێک خراپە دەکەیت،
    ئینجا دڵخۆش دەبیت.»

16 یەزدان ناوی لێنایت زەیتوونی سەوز
    لەگەڵ بەروبووم بە شێوەی جوان،
بەڵام بە دەنگی هاتوهەرایەکی گەورە
    ئاگری لەسەر کردەوە
    جا لقەکانی دەشکێنرێن.

17 یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی تۆی چاند، بڕیاری دا تووشی بەڵاتان بکات، لەبەر خراپەکەی بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا، کە بخووریان بۆ بەعل سووتاند، بەو خراپەیە پەستیان کردم.

ڕۆما 2:1-11

حوکمی دادپەروەرانەی خودا

کەواتە ئەی مرۆڤ، هیچ بیانووێکت نییە کە حوکمی کەسێکی دیکە دەدەیت، چونکە بەوەی خەڵکی پێ حوکم دەدەیت، خۆت تاوانبار دەکەیت، لەبەر ئەوەی تۆ کە حوکم دەدەیت، خۆشت هەمان شت دەکەیت. بەڵام دەزانین حوکمی خودا ڕاستە بەسەر ئەوانەی ئەم شتانە دەکەن. کەواتە ئەی ئەو مرۆڤەی ئەوانە حوکم دەدەیت کە ئەم شتانە دەکەن و خۆشت هەمان شت دەکەیت، وا دەزانیت لە حوکمی خودا دەرباز دەبیت؟ یان گاڵتەت بە دەوڵەمەندی نەرمونیانی و ئارامی و پشوودرێژییەکەی دێت؟ نازانیت نەرمونیانی خودا بەرەو تۆبەکردنت دەبات؟

بەڵام تۆ لەبەر کەللەڕەقی و دڵی تۆبە نەکردووت، لە ڕۆژی تووڕەیی و ئاشکراکردنی حوکمی دادپەروەرانەی خودا، تووڕەیی لەسەر خۆت کۆ دەکەیتەوە. خودا [پاداشتی هەر یەکێک بەگوێرەی کردارەکانی دەداتەوە.][a] ژیانی هەتاهەتاییش بۆ ئەوانەیە کە بە دانبەخۆداگرتنەوە لە کاری چاکەدا داوای شکۆ و ڕێز و نەمری دەکەن. بەڵام ڕق و تووڕەیی بۆ ئەوانەیە کە داوای خۆپەرستی دەکەن و ملکەچی ڕاستی نابن، بۆ ناڕەوایی ملکەچ دەبن. ناخۆشی و تەنگانە بۆ هەر مرۆڤێکە کە خراپە دەکات، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە. 10 شکۆ و ڕێز و ئاشتی بۆ هەموو چاکەکارێکە، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە، 11 چونکە خودا لایەنگری ناکات.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.