Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بانگهێشتکردنی تینووەکان
55 «هۆ ئەی هەموو تینووەکان، وەرن،
وەرن بۆ ئاو[a]،
ئەوانەش کە پارەیان نییە،
وەرن، بکڕن و بخۆن!
وەرن ئێوە پارە مەدەن، بەبێ نرخ
شەراب و شیر بکڕن.
2 بۆچی پارە بە شتێک بەهەدەر دەدەن کە نان نییە؟
بۆچی کارێک دەکەن لە پێناوی شتێک کە تێرتان ناکات؟
بە تەواوی گوێم لێ بگرن و ئەوە بخۆن کە باشە،
با گیانتان تام لە چەوری وەربگرێت.
3 گوێتان شل بکەن و وەرنە لام،
گوێ بگرن بۆ ئەوەی گیانتان بژیێت.
پەیمانی هەتاهەتاییتان لەگەڵدا دەبەستم،
خۆشەویستی نەگۆڕ و چەسپاوم بۆ داود.
4 ئەوەتا کردم بە شایەت بەسەر نەتەوەکانەوە،
ڕابەر و فەرماندە بۆ نەتەوەکان.
5 ئەوەتا ئەو نەتەوانەی نایانناسیت بانگیان دەکەیت و
ئەو نەتەوانەی ناتناسن بۆ لات ڕادەکەن،
لەبەر یەزدانی پەروەردگارت،
لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل،
چونکە شکۆمەندی کردیت.»
6 ڕووتان لە یەزدان بکەن هەتا کاتی ماوە،
لێی بپاڕێنەوە کە هێشتا نزیکە.
7 با بەدکار واز لە ڕێگای خۆی بهێنێت و
خراپەکاریش لە بیرکردنەوەکانی،
با بگەڕێتەوە لای یەزدان، ئەویش بەزەیی پێدا بێتەوە،
بۆ لای خودامان چونکە زۆر لێبوردەیە.
8 «بێگومان بیرکردنەوەی من بیرکردنەوەی ئێوە نییە و
ڕێگاکانی ئێوەش ڕێگاکانی من نین،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
9 «بە بەرزی ئاسمان بەسەر زەوییەوە،
ئاواش بەرزە ڕێگاکانم بەسەر ڕێگاکانتان و
بیرکردنەوەم بەسەر بیرکردنەوەتان.
زەبوورێکی داودە کاتێک لە چۆڵەوانی یەهودا بوو.
63 ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت،
گیانم تینووی تۆیە،
جەستەم شەیدای تۆیە،
لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو.
2 لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و
هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە.
3 لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە،
لێوەکانم ستایشت دەکەن.
4 بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم،
بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە.
5 گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ[a] و چەوری،
بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات.
6 لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم،
بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە.
7 چونکە تۆ هاریکارم بوویت،
لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم.
8 گیانم بە تۆوە بەندە،
دەستە ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت.
ئاگادارکردنەوەیەک
10 خوشکان، برایان، نامەوێ نەزانن کە باوباپیرانمان هەموو لەژێر هەوردا بوون و هەمووشیان دەریایان بڕی[a]. 2 جا هەموویان لە هەور و لە دەریادا بۆ موسا لە ئاو هەڵکێشران[b]، 3 هەمووشیان هەمان خواردنی ڕۆحییان خوارد. 4 هەموویان هەمان خواردنەوەی ڕۆحییان خواردەوە، چونکە لەو تاشەبەردە ڕۆحییان دەخواردەوە کە دوایان کەوتبوو[c]، ئەو تاشەبەردەش مەسیح بوو. 5 بەڵام خودا لە زۆربەیان ڕازی نەبوو، ئەوە بوو تەرمەکانیان لە بیابان پەرشوبڵاو بووەوە.
6 ئەم شتانەی ڕوویاندا پەندن بۆمان، تاکو ئارەزووی خراپە نەکەین، وەک ئەوان ئارەزوویان کرد. 7 بتپەرست مەبن وەک هەندێکیان، وەکو نووسراوە: [گەل بۆ خواردن و خواردنەوە دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هەستانەوە.][d] 8 با داوێنپیسی نەکەین وەک هەندێکیان داوێنپیسییان کرد و لە ڕۆژێکدا بیست و سێ هەزاریان کەوت. 9 نابێت مەسیح تاقی بکەینەوە، وەک هەندێکیان تاقییان کردەوە و مار لەناوی بردن[e]. 10 بۆڵەبۆڵ مەکەن وەک هەندێکیان بۆڵەبۆڵیان کرد و فریشتەی لەناوبەر[f] کوشتیان.
11 جا ئەم شتانەیان وەک پەند بەسەرهات، بۆ ئاگاداری ئێمەش نووسراوە، کە لە کۆتایی زەمان دەژین. 12 کەواتە ئەوەی وادەزانێت ڕاوەستاوە، با وریابێت نەکەوێت. 13 هیچ تاقیکردنەوەیەکتان تووش نابێت کە هاوبەش نەبێت لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام خودا دڵسۆزە، کە نایەڵێت زیاتر لە توانای خۆتان تاقی بکرێنەوە، بەڵکو لەگەڵ تاقیکردنەوە ڕێگای دەرچوون دەکاتەوە، تاکو بتوانن بەرگە بگرن.
پێویستی تۆبەکردن
13 هەر لەو کاتەدا هەندێک لەوێ بوون، باسی ئەو جەلیلییانەیان بۆ عیسا کرد کە پیلاتۆس خوێنی لەگەڵ قوربانییەکانیان تێکەڵاو کرد. 2 عیسا وەڵامی دایەوە: «وادەزانن ئەو جەلیلییانە لە هەموو جەلیلییەکانی دیکە گوناهبارتر بوون، چونکە بەم شێوەیە ئازاریان چێژت؟ 3 پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر تۆبە نەکەن هەمووتان بەو شێوەیە لەناودەچن. 4 یان ئەو هەژدە کەسەی لە سیلوام قوللەکەیان بەسەردا کەوت و کوشتنی، لە هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم گوناهبارتر بوون؟ 5 من پێتان دەڵێم: نەخێر، بەڵام ئەگەر تۆبە نەکەن هەمووتان بەو شێوەیە لەناودەچن.»
نموونەی هەنجیری بێ بەر
6 ئینجا ئەم نموونەیەی باسکرد: «کابرایەک دار هەنجیرێکی لە ڕەزەکەیدا چاندبوو، بۆ بەرهەم هات و پێوەی نەبینی. 7 بە ڕەزەوانەکەی گوت: ”تەماشا بکە، سێ ساڵە بۆ بەری ئەم دار هەنجیرە دێم و پێوەی نابینم! بیبڕەوە، بۆچی زەویش داگیر بکات؟“
8 «ڕەزەوانەکە وەڵامی دایەوە: ”گەورەم، ئەم ساڵیش وازی لێبهێنە، تاکو دەوروبەری هەڵدەگێڕمەوە و پەیینی پێدا دەکەم. 9 بەڵکو دواتر بەر بگرێت، ئەگینا بیبڕەوە.“»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.