Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 63:1-8

زەبوورێکی داودە کاتێک لە چۆڵەوانی یەهودا بوو.

63 ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت،
    گیانم تینووی تۆیە،
جەستەم شەیدای تۆیە،
    لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو.

لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و
    هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە.
لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە،
    لێوەکانم ستایشت دەکەن.
بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم،
    بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە.
گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ[a] و چەوری،
    بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات.

لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم،
    بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە.
چونکە تۆ هاریکارم بوویت،
    لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم.
گیانم بە تۆوە بەندە،
    دەستە ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت.

دانیال 3:19-30

19 ئینجا نەبوخودنەسر زۆر لە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ تووڕە بوو، ڕوخساری گۆڕا. فەرمانی دا کە کوورەکە حەوت جار زیاتر گەرم بکەن لەوەی کە هەمیشە گەرم دەکرێت، 20 هەروەها فەرمانی بە هەندێک لە بەهێزترین سەربازی سوپاکەی کرد کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ پەلبەست بکەن و فڕێیان بدەنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. 21 ئیتر ئەو پیاوانە بە کراس و شەرواڵ و سەر کراس و جلوبەرگەکانیانەوە پەلبەست کران و فڕێدرانە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. 22 فەرمانەکەی پاشا زۆر توند بوو، کوورەکە زۆر گەرم کرابوو، بڵێسەی ئاگرەکە ئەو پیاوانەی کوشت کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆیان بەرزکردەوە. 23 ئەو سێ پیاوەش بە پەلبەستکراوی کەوتنە ناو کوورە ئاگرە داگیرساوەکە.

24 لەو کاتەدا نەبوخودنەسر سەری سوڕما و بە پەلە هەستا و بە ڕاوێژکارەکانی گوت: «ئایا سێ پیاوی پەلبەستکراومان فڕێنەدایە ناو ئاگرەکە؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «ڕاستە، ئەی پاشا.»

25 ئەویش گوتی: «تەماشا بکەن! من چوار پیاو دەبینم دەست و پێ کراوە بەناو ئاگرەکەدا دێن و دەچن، هیچ ئەزیەتیان پێ نەگەیشتووە، ڕوخساری چوارەمیان لە کوڕی خوداوەندەکان دەچێت.»

26 نەبوخودنەسر لە دەرگای کوورە ئاگرە داگیرساوەکە نزیک بووەوە و هاواری کرد: «ئەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ! ئەی بەندەکانی خودای هەرەبەرز، وەرنە دەرەوە! وەرنە ئێرە!»

ئینجا شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ لەناو ئاگرەکە هاتنە دەرەوە. 27 میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکارانی پاشا کۆبوونەوە، ئەو پیاوانەیان بینی کە ئاگرەکە هیچ هێزێکی لەسەر لەشیان نەبووە، تاڵە مووێکی سەریان نەسووتاوە، ڕەنگی شەرواڵەکانیان نەگۆڕاوە، بۆنی ئاگرەکەشیان نەگرتووە.

28 ئینجا نەبوخودنەسر گوتی: «ستایش بۆ خودای شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئەوەی فریشتەکەی خۆی نارد و بەندەکانی خۆی ڕزگار کرد، ئەوانەی پشتیان بەو بەست و فەرمانی پاشایان شکاند، گیانی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە بێجگە لە خوداکەیان نەبەن و نەیپەرستن. 29 لەبەر ئەوە من فەرمان دەکەم خەڵکی هەر نەتەوە و زمانێک بە خراپە باسی خوداکەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ بکەن، پارچەپارچە دەکرێن و ماڵەکانیان دەبێتە کەلاوە، چونکە هیچ خودایەکی دیکە نییە بتوانێت ئاوا ڕزگار بکات.»

30 دوای ئەوە پاشا پایەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆی لە هەرێمی بابلدا بەرزکردەوە.

ئاشکراکردن 2:8-11

نامەیەک بۆ کڵێسای سمیرنا

بۆ فریشتەی کڵێساکەی سمیرنا بنووسە:

ئەوەی یەکەمین و دواهەمینە، ئەوەی مردوو بوو و زیندووبووەوە، دەفەرموێ: «ئاگام لە تەنگانە و هەژاریتە، هەرچەندە تۆ دەوڵەمەندیت. هەروەها ئاگام لە قسە هەڵبەستنی ئەوانەیە کە دەڵێن جولەکەین و واش نین، بەڵام کەنیشتی شەیتانن. 10 هەرگیز مەترسە لەو ئازارانەی وا بۆت دێت. وا ئیبلیس خەریکە هەندێکتان بخاتە زیندانەوە، تاکو تاقی بکرێنەوە و دە ڕۆژ تەنگانەتان دەبێت. هەتا مردن دڵسۆزبە، منیش تاجی ژیانت پێ دەبەخشم.

11 «ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت مردنی دووەم ئازاری نادات.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.