Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
نوێژێکی داود.
17 ئەی یەزدان، گوێ لە داواکاری ڕاستودروستی من بگرە،
بایەخ بە هاوارم بدە،
گوێ لە نوێژەکەم بگرە،
لە زاری بێ فێڵمەوە دەردەچێ.
2 ئەستۆپاکی من لەلای تۆوە دێت،
چاوەکانت ڕاست و ڕێکی دەبینێت.
3 ئەگەر دڵم بپشکنیت و لە شەودا چاودێریم بکەیت،
ئەگەر تاقیم بکەیتەوە، هیچ خراپەیەکم تێدا نابینیت،
پێداگری دەکەم کە دەمم سنوور نەبەزێنێت.
4 سەبارەت بە کاری خەڵک، بە فەرمایشتی سەر لێوی تۆ،
خۆم لە ڕێگای توندوتیژی پاراستووە.
5 هەنگاوم بە ڕێڕەوی تۆوە جێگیر بوو،
پێم نەخلیسکاوە.
6 ئەی خودایە، لێت دەپاڕێمەوە، چونکە تۆ بە دەنگمەوە دێیت،
گوێ بۆ پاڕانەوەکەم شل بکە و ببیستە.
7 جوانی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربخە،
ئەی ئەوەی بە دەستە ڕاستت ئەوانە ڕزگار دەکەیت
کە لەبەر دوژمنەکانیان پەنات بۆ دەهێنن.
8 وەک گلێنەی چاوت بمپارێزە،
لەژێر سێبەری باڵەکانت بمشارەوە،
9 لەو بەدکارانەی هێرشم دەکەنە سەر،
لەو دوژمنە بکوژانەی دەوریان داوم.
10 دڵە بەردینەکانیان داخستووە،
بە دەمیش لاف لێدەدەن.
11 شوێن پێم دەکەون، وا دەوریان داوم،
چاویان لەوەیە بە زەویم دا بدەن.
12 وەک شێرێکن کە برسی پەلاماردانە،
وەک بەچکە شێرێک خۆی لە بۆسە نابێت.
13 ئەی یەزدان ڕاپەڕە، لە ڕوویان بوەستەوە، بەریان بدەوە!
بە شمشێری خۆت گیانم لە بەدکار ڕزگار بکە!
14 ئەی یەزدان، بە دەستی خۆت لەم جۆرە کەسانە ڕزگارم بکە،
لە خەڵکی ئەم جیهانە کە بەشیان لەم ژیانەیە،
ورگیانت پڕکردووە لەو شتەی هەڵتگرتووە بۆیان،
کوڕەکانیان تێر دەخۆن،
ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ منداڵەکانیان جێی دەهێڵن.
15 بەڵام من بێتاوان دەبم و ڕووی تۆ دەبینم،
کە بەئاگادێم تێر دەبم لە بینینی شێوەت.
بەرگە پاکەکان بۆ سەرۆک کاهین
3 ئینجا یەشوعی سەرۆک کاهینی پیشان دام کە لەبەردەم فریشتەی یەزدان ڕاوەستابوو، شەیتانیش لەلای دەستە ڕاستیەوە ڕاوەستا بوو تاکو تۆمەتباری بکات. 2 یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «ئەی شەیتان، یەزدان سەرزەنشتت بکات! ئەو یەزدانەی کە ئۆرشەلیمی هەڵبژارد سەرزەنشتت بکات! ئایا ئەمە مەشخەڵێک نییە لە ئاگرەوە دەرکێشرابێت؟»
3 یەشوع بە بەرگێکی پیس لەبەردەم فریشتەکە ڕاوەستابوو. 4 فریشتەکە بەوانەی فەرموو کە لەبەردەمی ڕاوەستا بوون: «بەرگە پیسەکەی لەبەر داکەنن.»
ئینجا پێی فەرموو: «تەماشا بکە، تاوانەکەتم لەسەرت لابرد و بەرگی گرانبەهام لەبەرکردوویت.»
5 منیش گوتم: «با مێزەرێکی پاک لەسەری بنێن.» ئینجا مێزەرێکی پاکیان لەسەری نا و بەرگیان لەبەرکرد، فریشتەکەی یەزدانیش ڕاوەستا بوو.
6 ئینجا فریشتەکەی یەزدان یەشوعی ڕاسپارد: 7 «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر ڕێگاکانم بگریتەبەر و کار بە فەرمانەکانی من بکەیت، ئەوا تۆش حوکم لەسەر ماڵەکەم دەکەیت و هەروەها پارێزگاری لە پەرستگاکەم دەکەیت و شوێنێکت دەدەمێ لەنێو ئەمانەی ڕاوەستاون.
8 «”ئەی یەشوعی سەرۆک کاهین، گوێ بگرە، خۆت و کاهینەکانی هاوکارت کە لەبەردەمتدا دانیشتوون، ئێوە نیشانەی چاکەکانی داهاتوون، چونکە من بەندەکەی خۆم دەهێنم، کە ناوی لقەکەیە. 9 تەماشا بکەن، ئەو بەردەی کە لەبەردەم یەشوع دامنا! حەوت چاو لەسەر ئەم بەردە هەیە و من نەخشەکەی لەسەر هەڵدەکۆڵم. لە یەک ڕۆژ تاوانی ئەم زەوییە ڕادەماڵم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
10 «”لەو ڕۆژەدا، هەریەکە بانگهێشتی هاوڕێکەی دەکات بۆ ژێر دار مێو و ژێر دار هەنجیر.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
4 خودا بەزەیی بەو فریشتانەدا نەهاتەوە کە گوناهیان کرد، بەڵکو فڕێیدانە دۆزەخ و لەنێو تاریکیدا بەندی کردن و بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە هەڵیگرتن. 5 هەروەها کە بەزەیی بە جیهانی کۆندا نەهاتەوە کاتێک لافاوی هێنایە سەر جیهانی خراپەکاران، بەڵکو نوحی ڕاگەیەنەری ڕاستودروستی لەگەڵ حەوت کەسی دیکە پاراست. 6 کاتێک شارەکانی سەدۆم و عەمۆرای تاوانبار کرد بە تێکدانی تەواو و ئەوانی کردە خۆڵەمێش، کردنییە پەند بۆ داهاتووی خراپەکاران. 7 کاتێک ڵوتی پیاوچاکی دەرباز کرد کە لە بەڕەڵایی بەدکاران بێزار بوو، 8 چونکە ئەو پیاوچاکە کە لەنێویاندا دەژیا، کردەوە خراپەکانیانی دەبینی و دەبیست، ڕۆژ بە ڕۆژ گیانی ڕاستودروستی ئازار دەدرا. 9 ئەگەر وابێت، یەزدان دەزانێت چۆن لەخواترسان لە تاقیکردنەوە دەرباز بکات و خراپەکاران هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە لەژێر سزاداندا بهێڵێتەوە، 10 بە تایبەتی ئەوانەی کەوتوونەتە دوای هەوەسی گڵاوی سروشتی دنیایی، سووکایەتی بە دەسەڵات دەکەن.
چاونەترس و کەللەڕەقن، ناترسن لەوەی بوختان بە فریشتەکان[a] بکەن، 11 هەرچەندە فریشتەکان لەوان بە تواناتر و بەهێزترن، بەڵام لەبەردەم یەزداندا حوکمی بوختانکردنیان بەسەردا نادەن. 12 بەڵام ئەو خراپەکارانە کفر لە شتێک دەکەن کە لێی تێناگەن، ئەوانە وەک ئاژەڵی بەستەزمانن کە لەدایک بوون بۆ ئەوەی ڕاوبکرێن و بکوژرێن، بە گەندەڵی خۆیان لەناودەچن.
13 کرێی خراپەکارییەکانیان وەردەگرن. وا دادەنێن چێژوەرگرتن لەوەیە کە بە درێژایی ڕۆژ سەڵتەنەت لێبدەن، ئەوانە لەکە و کەموکوڕی ئێوەن، کاتێک بەشداری لە خوانەکانتان دەکەن چێژ لە فێڵەکانیان وەردەگرن. 14 چاویان پڕە لە داوێنپیسی و لە گوناه ناوەستن، دەروونە لەرزۆکەکان هەڵدەخەڵەتێنن، دڵیان بە چاوبرسی ڕاهێنراوە، ئەوانە ڕۆڵەی نەفرەتن. 15 لە ڕێگای ڕاستی لایانداوە و چەواشە کراون، دوای ڕێبازی بەلعامی کوڕی بەعۆر[b] کەوتن، ئەوەی حەزی لە کرێی خراپەکاری بوو، 16 بەڵام سەرزەنشتی سەرپێچییەکەی وەرگرت، گوێدرێژی بێزمان بە دەنگی مرۆڤانە هاتە دوان و سەرشێتی ئەو پێغەمبەرەی ڕاگرت.
17 ئەوانە کانی بێ ئاون، هەورن بە گەردەلوول دەبردرێن، تاریکی ڕەشی هەمیشەییان بۆ دانراوە، 18 چونکە کە بە قسەی گەورە و پووچ دەدوێن، بە ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی و بە بەڕەڵایی، ئەوانە هەڵدەخەڵەتێنن کە تازە هەڵاتوون لە دەست ئەو کەسانەی لە گومڕاییدا دەژین. 19 بەڵێنی ئازادییان پێدەدەن، کەچی خۆیان کۆیلەی گەندەڵین، چونکە مرۆڤ کۆیلەی هەر شتێکە بەسەریدا زاڵ بێت. 20 ئەگەر بەهۆی ناسینی ڕزگارکەرمان عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لە گڵاوی جیهان هەڵاتبن، بەڵام دیسان لەو گڵاوییە بئاڵێنەوە و بەسەریاندا زاڵ بێت، ئەو کاتە کۆتاییان لە سەرەتایان خراپتر دەبێت، 21 چونکە باشتر بوو ڕێگای ڕاستودروستییان نەناسی بووایە، لەوەی ناسییان و دوایی لەو ڕاسپاردە پیرۆزەی پێیان درا هەڵگەڕانەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.