Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 17

نوێژێکی داود.

17 ئەی یەزدان، گوێ لە داواکاری ڕاستودروستی من بگرە،
    بایەخ بە هاوارم بدە،
گوێ لە نوێژەکەم بگرە،
    لە زاری بێ فێڵمەوە دەردەچێ.
ئەستۆپاکی من لەلای تۆوە دێت،
    چاوەکانت ڕاست و ڕێکی دەبینێت.

ئەگەر دڵم بپشکنیت و لە شەودا چاودێریم بکەیت،
    ئەگەر تاقیم بکەیتەوە، هیچ خراپەیەکم تێدا نابینیت،
    پێداگری دەکەم کە دەمم سنوور نەبەزێنێت.
سەبارەت بە کاری خەڵک، بە فەرمایشتی سەر لێوی تۆ،
    خۆم لە ڕێگای توندوتیژی پاراستووە.
هەنگاوم بە ڕێڕەوی تۆوە جێگیر بوو،
    پێم نەخلیسکاوە.

ئەی خودایە، لێت دەپاڕێمەوە، چونکە تۆ بە دەنگمەوە دێیت،
    گوێ بۆ پاڕانەوەکەم شل بکە و ببیستە.
جوانی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربخە،
    ئەی ئەوەی بە دەستە ڕاستت ئەوانە ڕزگار دەکەیت
    کە لەبەر دوژمنەکانیان پەنات بۆ دەهێنن.
وەک گلێنەی چاوت بمپارێزە،
    لەژێر سێبەری باڵەکانت بمشارەوە،
لەو بەدکارانەی هێرشم دەکەنە سەر،
    لەو دوژمنە بکوژانەی دەوریان داوم.

10 دڵە بەردینەکانیان داخستووە،
    بە دەمیش لاف لێدەدەن.
11 شوێن پێم دەکەون، وا دەوریان داوم،
    چاویان لەوەیە بە زەویم دا بدەن.
12 وەک شێرێکن کە برسی پەلاماردانە،
    وەک بەچکە شێرێک خۆی لە بۆسە نابێت.

13 ئەی یەزدان ڕاپەڕە، لە ڕوویان بوەستەوە، بەریان بدەوە!
    بە شمشێری خۆت گیانم لە بەدکار ڕزگار بکە!
14 ئەی یەزدان، بە دەستی خۆت لەم جۆرە کەسانە ڕزگارم بکە،
    لە خەڵکی ئەم جیهانە کە بەشیان لەم ژیانەیە،
ورگیانت پڕکردووە لەو شتەی هەڵتگرتووە بۆیان،
    کوڕەکانیان تێر دەخۆن،
    ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ منداڵەکانیان جێی دەهێڵن.

15 بەڵام من بێتاوان دەبم و ڕووی تۆ دەبینم،
    کە بەئاگادێم تێر دەبم لە بینینی شێوەت.

یەکەم پوختەی مێژوو 21:1-17

سەرژمێری بۆ پێکهێنانی سوپا

21 شەیتان لە دژی ئیسرائیل ڕاوەستا و داودی لێ هاندان بۆ سەرژمێریکردنی ئیسرائیل. داودیش بە یۆئاب و فەرماندەکانی سوپای گوت: «بڕۆن و سەرژمێری ئیسرائیل بکەن، لە بیری شابەعەوە هەتا دان. پاشان وەرنەوە لام بۆ ئەوەی ژمارەیان بزانم.»

بەڵام یۆئاب وەڵامی دایەوە: «با یەزدان جەنگاوەرەکانی سەد ئەوەندە زیاتر بکات. ئەی پاشای گەورەم، ئایا هەموویان خزمەتکاری گەورەم نین؟ ئیتر بۆچی گەورەم داوای ئەمە دەکات؟ بۆچی ئیسرائیل تووشی تاوان بکات؟»

لەگەڵ ئەوەشدا پاشا بڕیارەکەی خۆی بەسەر یۆئابدا سەپاند، ئیتر یۆئاب چووە دەرەوە و بە هەموو ئیسرائیلدا گەڕا، ئینجا هاتەوە ئۆرشەلیم. یۆئاب ئەنجامی سەرژمێرییەکەی دایە داود: لە هەموو ئیسرائیل ملیۆنێک و سەد هەزار پیاوی بە توانا لە بەکارهێنانی شمشێر هەبوون، لە یەهوداش چوار سەد و حەفتا هەزار هەبوون.

بەڵام یۆئاب لێڤی و بنیامینییەکانی لەگەڵیان نەژمارد، چونکە ڕقی لە فەرمانەکەی پاشا دەبووەوە. ئەم فەرمانە لەلای خوداش خراپ بوو، لەبەر ئەوە سزای ئیسرائیلی دا.

داودیش بە خودای گوت: «زۆر گوناهم کرد لەوەی کە کردم، ئێستاش تکایە لە تاوانی بەندەکەت خۆشبە، چونکە ڕەفتارێکی زۆر گێلانەم کرد.»

یەزدانیش لەگەڵ گاد، ئەوەی پەیامی خودای بە داود ڕادەگەیاند، دوا و پێی فەرموو: 10 «بڕۆ بە داود بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من سێ هەڵبژاردە دەخەمە بەردەمت و تۆش یەکێکیان هەڵبژێرە هەتا جێبەجێی بکەم لەسەرت.“»

11 ئیتر گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بۆ خۆت هەڵبژێرە، 12 سێ ساڵ قاتوقڕی، یان سێ مانگ هەڵاتن لەبەردەم دوژمنەکەت کە بە شمشێر ڕاوت دەنێت، یان سێ ڕۆژ شمشێری یەزدان بە دەرد لە خاکەکە دەدات و فریشتەی یەزدانیش لە هەموو سنوورەکانی ئیسرائیلدا وێرانکاری دەکات.“ ئێستا ببینە چی وەڵامی خودا بدەمەوە کە منی ناردووە.»

13 داودیش بە گادی گوت: «زۆر لە تەنگانەدام، با بکەومە دەستی یەزدان، چونکە ئەو بەزەیی زۆر زۆرە، بەڵام با نەکەومە ژێر دەستی مرۆڤەوە.»

14 لەبەر ئەوە یەزدان دەردی خستە ناو ئیسرائیلەوە، ئیتر حەفتا هەزار پیاو لە ئیسرائیل مردن. 15 هەروەها خودا فریشتەیەکی بۆ سەر ئۆرشەلیم نارد بۆ ئەوەی وێرانی بکات، کاتێک وێرانی دەکرد، یەزدان تەماشای کرد و کارەساتەکەی ڕاگرت، بە فریشتە وێرانکەرەکەی فەرموو: «بەسە! ئێستا دەست هەڵبگرە!» فریشتەکەی یەزدان لەو کاتەدا لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی ڕاوەستابوو.

16 داود سەری هەڵبڕی و بینی فریشتەکەی یەزدان لەنێوان زەوی و ئاسماندا ڕاوەستاوە، شمشێرەکەی بەدەستەوەیە و بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕایکێشاوە. داود و ئەو پیرانەی کە جلوبەرگی گوشیان[a] پۆشیبوو بەسەر ڕوویاندا کەوتن.

17 داود بە خودای گوت: «ئایا من نەبووم کە فەرمانم دا سەرژمێری گەل بکەن؟ منم ئەوەی کە گوناهم کردووە، لە ڕاستیدا من خراپەم کرد، بەڵام ئەم مەڕانە چییان کردووە؟ ئەی یەزدان، خودای من، تکایە با سزاکەت بۆ من و بنەماڵەکەم بێت، نەک ئەم دەردە لەسەر گەلەکەت بەردەوام بێت.»

یەکەم یۆحەنا 2:1-6

مەسیح داکۆکیکارمانە

ڕۆڵە خۆشەویستەکانم، ئەمانەتان بۆ دەنووسم تاکو گوناه نەکەن. بەڵام ئەگەر یەکێک گوناهی کرد، ئەوا لەلای باوک داکۆکیکارمان[a] هەیە کە عیسای مەسیحی ڕاستودروستە. ئەو کەفارەتی[b] گوناهەکانمانە، نەک تەنها هی ئێمە، بەڵکو گوناهەکانی هەموو جیهان.

بەمەدا دەزانین کە ئەومان ناسیوە، ئەگەر کار بە ڕاسپاردەکانی بکەین. ئەوەی گوتی: «ناسیومە» بەڵام ڕاسپاردەکانی بەجێنەگەیەنێت، ئەوا درۆزنە و ڕاستی لەودا نییە. بەڵام ئەوەی گوێڕایەڵی پەیامی خودا بێت، ئەوا بە ڕاستی خۆشەویستی خودا لەو کەسەدا تەواوە. بەمەدا دەزانین کە ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەژین: هەرکەسێک بڵێت: «من بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەژیم» دەبێت بەو شێوەیەی بژیێت کە عیسا ژیاوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.