Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 91:1-2

91 ئەوەی لە پەناگای هەرەبەرز دادەنیشت،
    ئەوەی لە سێبەری خودای هەرە بە توانا دەمێنێتەوە،
بە یەزدان دەڵێ: «تۆ پەناگامی، قەڵامی،
    خودای منی، پشتت پێ دەبەستم.»

زەبوورەکان 91:9-16

چونکە یەزدانت کرد بە پەناگات،
    هەرەبەرزت کرد بە لانەی خۆت،
10 هیچ خراپەت بەسەرنایەت و
    هیچ بەڵایەک لە ماڵت نزیک ناکەوێتەوە.
11 لەبەر ئەوەی سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،
    بۆ ئەوەی لە هەموو هەنگاوێکت بتپارێزن،
12 لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن،
    تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.
13 پێ بە شێر و ماری کۆبرادا دەنێیت،
    بەچکە شێر و ئەژدیها پێشێل دەکەیت.

14 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی دڵی بە منەوە بەندە، ڕزگاری دەکەم،
    دەیپارێزم، چونکە من دەناسێت[a].
15 نزام بۆ دەکات، وەڵامی دەدەمەوە،
    لە تەنگانە لەگەڵیدام،
    دەربازی دەکەم و ڕێزداری دەکەم.
16 بە ڕۆژگاری درێژ تێری دەکەم،
    ڕزگاریی خۆمی نیشان دەدەم.»

ژیرمەندی 3:1-8

وەرزێک بۆ هەر شتێک

هەر شتێک وەرزی خۆی هەیە،
    هەر چالاکییەک لەسەر زەوی کاتی خۆی هەیە:

    لەدایکبوون کاتی خۆی هەیە و مردنیش کاتی خۆی.
    چاندن کاتی خۆی هەیە و هەڵکێشانی چێنراویش کاتی خۆی.
    کوشتن کاتی خۆی هەیە و چاکبوونەوەش کاتی خۆی،
    ڕووخاندن کاتی خۆی هەیە و بنیادنانیش کاتی خۆی.
    گریان کاتی خۆی هەیە و پێکەنینیش کاتی خۆی.
    شیوەن گێڕان کاتی خۆی هەیە و سەماکردن کاتی خۆی،
    بەرد بڵاوکردنەوە کاتی خۆی هەیە و بەرد کۆکردنەوە کاتی خۆی،
    لەئامێزگرتن کاتی خۆی هەیە و لەئامێزنەگرتنیش کاتی خۆی،
    کۆڵدان کاتی خۆی هەیە و کۆڵنەدان کاتی خۆی،
    پارێزگاریکردن کاتی خۆی هەیە و فڕێدان کاتی خۆی،
    دڕاندن کاتی خۆی هەیە و دوورینەوە کاتی خۆی،
    بێدەنگی کاتی خۆی هەیە و قسەکردن کاتی خۆی،
    خۆشویستن کاتی خۆی هەیە و ڕق کاتی خۆی،
    جەنگ کاتی خۆی هەیە و ئاشتی کاتی خۆی.

یۆحەنا 12:27-36

عیسا باسی مردنی خۆی دەکات

27 «ئێستا خەمبارم، چی بڵێم؟ ”باوکە لەم کاتە[a] ڕزگارم بکە“؟ نەخێر بەڵام من بۆ ئەم کاتە هاتووم. 28 ئەی باوک، ناوت شکۆدار بکە!»

جا دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «شکۆدارم کردووە و شکۆداریشی دەکەمەوە.» 29 ئەو خەڵکەی لەوێ ئامادەبوون گوێیان لێبوو، گوتیان: «هەورەتریشقە بوو!» هەندێکی دیکەیان گوتیان: «فریشتەیەک بوو قسەی لەگەڵ کرد.»

30 عیسا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «ئەو دەنگەی هات بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو. 31 ئێستا کاتی حوکمدانی ئەم جیهانەیە. ئێستا سەرۆکی ئەم جیهانە دەردەکرێت. 32 کاتێک منیش لە زەوییەوە بەرز دەکرێمەوە، ئەوا هەمووان بۆ لای خۆم ڕادەکێشم.» 33 ئەمەی گوت ئاماژەی کرد بەو شێوە مردنەی کە دەبێت بمرێت.

34 خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «لە تەوراتدا بیستوومانە کە مەسیح هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، ئیتر چۆن دەڵێی ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بەرز بکرێتەوە“؟ ئەم کوڕی مرۆڤە کێیە؟»

35 عیساش پێی فەرموون: «ڕووناکییەکەتان بۆ کاتێکی کورت لەسەر دەمێنێتەوە. بڕۆن هەتا ڕووناکیتان لەگەڵە، نەوەک تاریکیتان بەسەردا بێت، چونکە ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات نازانێ بۆ کوێ دەڕوات. 36 باوەڕ بە ڕووناکییەکە بهێنن هەتا ڕووناکییەکەتان لەگەڵدایە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ڕووناکییەکە.» عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆیشت و خۆی لێیان شاردەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.