Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 91:1-2

91 ئەوەی لە پەناگای هەرەبەرز دادەنیشت،
    ئەوەی لە سێبەری خودای هەرە بە توانا دەمێنێتەوە،
بە یەزدان دەڵێ: «تۆ پەناگامی، قەڵامی،
    خودای منی، پشتت پێ دەبەستم.»

زەبوورەکان 91:9-16

چونکە یەزدانت کرد بە پەناگات،
    هەرەبەرزت کرد بە لانەی خۆت،
10 هیچ خراپەت بەسەرنایەت و
    هیچ بەڵایەک لە ماڵت نزیک ناکەوێتەوە.
11 لەبەر ئەوەی سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،
    بۆ ئەوەی لە هەموو هەنگاوێکت بتپارێزن،
12 لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن،
    تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.
13 پێ بە شێر و ماری کۆبرادا دەنێیت،
    بەچکە شێر و ئەژدیها پێشێل دەکەیت.

14 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی دڵی بە منەوە بەندە، ڕزگاری دەکەم،
    دەیپارێزم، چونکە من دەناسێت[a].
15 نزام بۆ دەکات، وەڵامی دەدەمەوە،
    لە تەنگانە لەگەڵیدام،
    دەربازی دەکەم و ڕێزداری دەکەم.
16 بە ڕۆژگاری درێژ تێری دەکەم،
    ڕزگاریی خۆمی نیشان دەدەم.»

دەرچوون 5:10-23

10 ئیتر ئەوانەی بێگارییان پێ دەکردن و سەرکارەکانی خەڵک چوونە دەرەوە و بە گەلیان گوت: «فیرعەون ئاوا دەڵێت: ”ئیتر کاتان نادەمێ، 11 بڕۆن بۆ خۆتان لەکوێ کا پەیدا دەکەن پەیدای بکەن، بەڵام هیچ لە کارەکانیشتان کەم ناکرێتەوە.“» 12 ئیتر خەڵکەکە لە هەموو خاکی میسر بڵاو بوونەوە بۆ پووش کۆکردنەوە لە جیاتی کا. 13 سەرکارانیش پەلەیان لێ دەکردن و دەیانگوت: «کاری ڕۆژانەکەتان تەواو بکەن، هەر ڕۆژە بەشی خۆی، هەروەک پێشتر کاتێک کا هەبوو.» 14 ئیتر سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل لێیان درا، ئەوانەی کە سەرکارەکانی فیرعەون لەسەریان دایاننابوون، لێیان پرسین: «بۆچی ئەرکی خۆتان لە خشت دروستکردن تەواو نەکردووە وەک پێشتر، دوێنێ و هەروەها ئەمڕۆش؟»

15 سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیلیش هاتن هاواریان بۆ فیرعەون هێنا و گوتیان: «بۆچی وا لە خزمەتکارەکانت دەکەیت؟ 16 کا نادرێتە خزمەتکارەکانت و لەگەڵ ئەوەشدا پێمان دەگوترێت ”خشت دروستبکەن!“ ئەوەتا خزمەتکارەکانت لێیان دراوە، بەڵام هەڵەکە لە گەلی خۆتەوەیە.»

17 ئەویش گوتی: «تەمبەڵن! ئێوە تەمبەڵن، لەبەر ئەوەیە دەڵێن: ”دەچین و قوربانی بۆ یەزدان سەردەبڕین.“ 18 ئێستاش بڕۆن کار بکەن، کاشتان نادرێتێ و لەگەڵ ئەوەش خشتی قوڕیش وەک جاران دەدەن.»

19 سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل بینییان تێکەوتوون، چونکە پێیان گوترا: «لە خشتەکەتان کەم ناکرێتەوە، هەر ڕۆژە و بەشی خۆی.» 20 کە لەلای فیرعەون هاتنە دەرەوە تووشی موسا و هارون بوون چاوەڕێیان دەکردن. 21 پێیان گوتن: «حەواڵەی یەزدانتان دەکەین با خۆی حوکم بدات، چونکە ئێوە ئێسک گرانتان کردین لەبەرچاوی فیرعەون و خزمەتکارەکانی، شمشێرتان دایە دەستی بۆ کوشتنمان.»

بەڵێنی ڕزگارکردن لەلایەن خوداوە

22 موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: «پەروەردگار بۆ خراپەت لەگەڵ ئەم گەلە کرد؟ بۆچی منت نارد؟ 23 لەو کاتەوەی چوومە لای فیرعەون بە ناوی تۆوە بدوێم، ئەو خراپەی لەگەڵ ئەم گەلە کرد، تۆش فریای گەلەکەت نەکەوتیت.»

کردار 7:30-34

30 «دوای ئەوەی چل ساڵ تەواوبوو، [فریشتەیەک لە بیابانی شاخی سینا لەنێو دەوەنێکی داگیرساودا بۆی دەرکەوت.][a] 31 موساش ئەمەی بینی و لە دیمەنەکە سەرسام بوو، دەچووە پێش تاکو لە نزیکەوە سەیر بکات، دەنگی یەزدان هات: 32 [من خودای باوکانت، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبم.][b] بەڵام موسا لەرز گرتی و نەیوێرا سەیر بکات.

33 «[جا یەزدان پێی فەرموو: پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە. 34 بەڕاستی من ئەزیەتی گەلەکەی خۆمم لە میسر بینی و گوێم لە ناڵەیان بوو، هاتمە خوارەوە تاکو دەربازیان بکەم. ئێستاش وەرە، دەتنێرمە میسر.][c]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.