Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دەرچوون 34:29-35

دەموچاوی موسا دەدرەوشێتەوە

29 کاتێک موسا لە شاخی سینا دەهاتە خوارەوە، هەردوو تەختەکەی پەیمانی لەدەست بوو، لە هاتنە خوارەوەی لە کێوەکە موسا نەیزانی کە پێستی دەموچاوی دەدرەوشێتەوە، لەبەر قسەکردنی لەگەڵ یەزدان. 30 کاتێک هارون و هەموو نەوەی ئیسرائیل بینییان موسا وا دەموچاوی دەدرەوشێتەوە، ئیتر ترسان لێی نزیک ببنەوە. 31 بەڵام موسا بانگی کردن، ئیتر هارون و هەموو ڕابەرەکانی کۆمەڵ گەڕانەوە لای، موساش لەگەڵیان دوا. 32 دواتر هەموو نەوەی ئیسرائیل نزیک کەوتنەوە، ئەویش فەرمانی پێدان بە هەموو ئەوەی کە یەزدان لە شاخی سینا لەگەڵی دوابوو.

33 کاتێک موسا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵیان، ڕووپۆشێکی لەسەر دەموچاوی دانا. 34 بەڵام موسا لە چوونە ژوورەوەی بۆ بەردەم یەزدان بۆ قسەکردن لەگەڵی ڕووپۆشەکەی لا دەدا هەتا دەچووە دەرەوە، دەچووە دەرەوە و لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل دەدوا سەبارەت بەوەی فەرمانی پێکرابوو. 35 هەر کاتێک نەوەی ئیسرائیل دەموچاوی موسایان دەبینی کە دەدرەوشایەوە، موسا ڕووپۆشەکەی دەخستەوە سەر دەموچاوی هەتا دەچووە ژوورەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەزدان بدوێت.

زەبوورەکان 99

99 یەزدان پاشایەتی دەکات،
    با گەلان بلەرزن،
لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە،
    با زەوی بهەژێت.
یەزدان مەزنە لە سییۆن،
    بەرزە و بەسەر هەموو گەلانەوەیە.
با ستایشی ناوە مەزن و سامناکەکەت بکەن،
    ئەو پیرۆزە.

پاشا بەهێزە، حەز لە دادپەروەری دەکات.
    تۆ ڕاست و ڕێکیت چەسپاند،
تۆ دادپەروەری و ڕاستودروستیت لەناو یاقوب دروستکردووە.
یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
    لە تەختەپێی کڕنۆش ببەن،
    ئەو پیرۆزە.

موسا و هارون لەناو کاهینەکانی ئەون،
    ساموئێل لەناو ئەو کەسانەیە بە ناوی ئەو دەپاڕێنەوە.
لە یەزدان پاڕانەوە،
    ئەویش وەڵامی دانەوە،
بە ستوونی هەور قسەی لەگەڵ کردن،
    یاساکەیان پەیڕەو کرد، هەروەها ئەو فەرزەی پێیدان.

ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، تۆ وەڵامت دانەوە،
    خودایەکی لێبوردە بوویت و
    تۆڵەسێنەر بوویت لەسەر کردەوەکانیان.
یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
    کڕنۆش بۆ چیای پیرۆزی ببەن،
    چونکە یەزدانی پەروەردگارمان پیرۆزە.

دووەم کۆرنسۆس 3:12-4:2

12 لەبەر ئەوەی هیوایەکی ئاوامان هەیە، زۆر ئازایانە دەجوڵێینەوە، 13 نەک وەکو موسا کە پێچەی لەسەر ڕووی دادەنا تاکو نەوەی ئیسرائیل تەماشای کۆتایی شکۆی فەوتاو[a] نەکەن. 14 بەڵکو مێشکیان تاریک بووە، چونکە تاکو ئەمڕۆش، کاتێک پەیمانی کۆن دەخوێنرێتەوە هەمان پێچە ماوە و لانەدراوە، چونکە تەنها بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا دەتوانرێت لاببردرێت. 15 بەڵام تاکو ئەمڕۆ کاتێک تەوراتی موسا دەخوێنرێتەوە پێچە لەسەر دڵیان دانراوە. 16 بەڵام ئەگەر یەکێک بۆ یەزدان گەڕایەوە، ئەوا پێچەکە لادەچێت، 17 چونکە یەزدان ڕۆحەکەیە، هەروەها ڕۆحی یەزدان لەکوێ بێت، ئازادی لەوێیە. 18 هەموومان بە ڕووێکی ئاشکرا وەک ئاوێنە وێنەدانەوەی شکۆی خودا دەدەینەوە، لە شکۆیەک بۆ شکۆیەک بۆ هەمان وێنە دەگۆڕدرێین، ئەوەش لە یەزدانەوەیە کە ڕۆحەکەیە.

دڵسۆزی لە خزمەتکردن

بۆیە کە ئەم خزمەتەمان هەیە، وەک بەر بەزەیی خودا کەوتین، ورە بەرنادەین، بەڵکو شتە شاراوەکانی سەرشۆڕیمان ڕەتکردەوە، بە فێڵبازی ناکەین و دەستکاری پەیامی خودا ناکەین، بەڵکو بە دەرخستنی ڕاستی، بۆ ویژدانی هەرکەسێک لەبەردەم خودا خۆمان دەسەلمێنین.

لۆقا 9:28-36

شێوە گۆڕانی عیسا

28 نزیکەی هەشت ڕۆژ لەدوای ئەم وتانە، عیسا پەترۆس و یۆحەنا و یاقوبی برد و سەرکەوتە سەر چیایەک تاکو نوێژ بکات. 29 کاتێک نوێژی دەکرد، ڕوخساری گۆڕا و جلەکانی سپی بریسکەدار هەڵگەڕان. 30 دوو پیاویش لەگەڵی دەدوان، موسا و ئەلیاس بوون. 31 بە شکۆوە دەرکەوتن و لەبارەی بەجێهێشتنی جیهان کە دەبووایە بەم نزیکانە لە ئۆرشەلیم ڕووی بدایە، گفتوگۆیان کرد. 32 بەڵام پەترۆس و هاوڕێیانی خەو چاوی قورس کردبوون، کاتێک بە تەواوی خەبەریان بووەوە شکۆی ئەو و دوو پیاوەکەیان بینی کە لەگەڵی ڕاوەستابوون. 33 کاتێک پیاوەکان لە عیسا جیا دەبوونەوە، پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ، یەکێک بۆ موسا، یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» ئەمەی گوت بێ ئەوەی بزانێت باسی چی دەکات.

34 کاتێک لەم قسانەدا بوو، هەورێک هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، کە کەوتنە ناو هەورەکە، ترسان. 35 دەنگێک لەناو هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی منە، ئەوەی هەڵمبژاردووە، گوێی لێ بگرن.» 36 کە دەنگەکە دوا، عیسا بە تەنها بینرا. ئەوانیش بێدەنگ بوون و لەو ڕۆژانەدا لەلای کەس باسی ئەو شتانەیان نەکرد کە بینییان.

لۆقا 9:37-43

دەرکردنی شەیتان

37 بۆ بەیانی، کە لە کێوەکە هاتنە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر بەرەوپیریان هاتن. 38 لەنێو خەڵکەکەدا پیاوێک هاواری کرد: «مامۆستا، لێت دەپاڕێمەوە تەماشای کوڕەکەم بکە، چونکە تاقە کوڕمە. 39 ڕۆحی پیس دەستی لێ دەوەشێنێت، کوڕەکەشم لەناکاو هاوار دەکات و فێی لێ دێت و دەمی کەف دەکات، بە زەحمەت وازی لێ دەهێنێت و شلوکوتی دەکات. 40 لە قوتابییەکانت پاڕامەوە تاکو دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.»

41 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم و بەرگەتان بگرم؟ کوڕەکەت بهێنە ئێرە.»

42 کاتێک کوڕەکە دەهات، ڕۆحە پیسەکە ڕایتەکاند و فێی لێ هێنا، عیساش لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و کوڕەکەی چاککردەوە، دایەوە دەست باوکی. 43 هەموو لە گەورەیی خودا سەرسام بوون.

کاتێک هەموو سەرسام مابوون لە هەموو ئەوەی عیسا کردی، بە قوتابییەکانی فەرموو:

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.