Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
99 یەزدان پاشایەتی دەکات،
با گەلان بلەرزن،
لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە،
با زەوی بهەژێت.
2 یەزدان مەزنە لە سییۆن،
بەرزە و بەسەر هەموو گەلانەوەیە.
3 با ستایشی ناوە مەزن و سامناکەکەت بکەن،
ئەو پیرۆزە.
4 پاشا بەهێزە، حەز لە دادپەروەری دەکات.
تۆ ڕاست و ڕێکیت چەسپاند،
تۆ دادپەروەری و ڕاستودروستیت لەناو یاقوب دروستکردووە.
5 یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
لە تەختەپێی کڕنۆش ببەن،
ئەو پیرۆزە.
6 موسا و هارون لەناو کاهینەکانی ئەون،
ساموئێل لەناو ئەو کەسانەیە بە ناوی ئەو دەپاڕێنەوە.
لە یەزدان پاڕانەوە،
ئەویش وەڵامی دانەوە،
7 بە ستوونی هەور قسەی لەگەڵ کردن،
یاساکەیان پەیڕەو کرد، هەروەها ئەو فەرزەی پێیدان.
8 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، تۆ وەڵامت دانەوە،
خودایەکی لێبوردە بوویت و
تۆڵەسێنەر بوویت لەسەر کردەوەکانیان.
9 یەزدانی پەروەردگارمان بەرز بکەنەوە،
کڕنۆش بۆ چیای پیرۆزی ببەن،
چونکە یەزدانی پەروەردگارمان پیرۆزە.
6 جا بزانن لەبەر ڕاستودروستیتان نییە یەزدانی پەروەردگارتان ئەو خاکە باشەتان پێدەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن، چونکە ئێوە گەلێکی کەللەڕەقن.
گوێرەکە زێڕینە لەقاڵبدراوەکە
7 لە یادتان بێت و لەبیری مەکەن چۆن لە دەشتودەر یەزدانی پەروەردگارتان تووڕە کرد. لەو ڕۆژەوەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە و هەتا هاتنە ئەم شوێنە ئێوە لە یەزدان یاخین. 8 تەنانەت لە حۆرێڤیش یەزدانتان تووڕە کرد و جا یەزدان لێتان تووڕە بوو هەتا ڕادەیەک ئامادە بوو لەناوتان ببات. 9 کاتێک بۆ کێوەکە سەرکەوتم بۆ ئەوەی دوو تەختە بەردەکە، دوو تەختەکەی پەیمان کە یەزدان لەگەڵتانی بەست وەربگرم، چل شەو و چل ڕۆژ لە کێوەدا مامەوە و نانم نەخوارد و ئاوم نەخواردەوە. 10 یەزدانیش دوو تەختە بەردەکەی پێدام کە بە پەنجەی خودا نووسرا بوون و هەموو ئەو ڕاسپاردانەی لەسەر بوو کە یەزدان لە کێوەکە لەناو ئاگرەوە لە ڕۆژی کۆبوونەوەکە لەگەڵتاندا پێی دوا.
11 لە کۆتایی چل شەو و چل ڕۆژەکە، کاتێک یەزدان دوو تەختە بەردەکە، دوو تەختەکەی پەیمانی دامێ، 12 یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە بە خێرایی لێرە بڕۆ خوارەوە، چونکە گەلەکەت ئەوەی تۆ لە میسرەوە دەرتهێنان گەندەڵ بوون، بە زوویی لەو ڕێگایە لایاندا کە فەرمانم پێکردن، بتێکی لەقاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستکرد.»
13 هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «ئەم گەلەم بینی، بە ڕاستی گەلێکی کەللەڕەقن، 14 لێمگەڕێ لەناویان دەبەم و ناویان لەژێر ئاسمان دەسڕمەوە و دەتکەمە گەلێکی بەهێزتر و زۆرتر لەوان.»
پەترۆس و کۆرنیلیۆس
10 لە شاری قەیسەرییە پیاوێک بە ناوی کۆرنیلیۆس هەبوو، سەرپەل[a] بوو لەو لیوایەی پێی دەگوترا ئیتالی. 2 خۆی و هەموو ماڵەکەی خواپەرست و لەخواترس بوون، زۆر هاوکاری خەڵکی هەژاری دەکرد و هەموو کاتێک نوێژی بۆ خودا دەکرد. 3 نزیکەی کاتژمێر سێی[b] دوای نیوەڕۆ، بە ڕوونی فریشتەیەکی خودا لە بینینێکدا هاتە لای و پێی گوت: «کۆرنیلیۆس!»
4 بە ترسەوە سەیری کرد و گوتی: «بەڵێ گەورەم؟»
پێی گوت: «نوێژەکانت و چاکەکانت وەک یادەوەری بەرز بوونەتەوە بەردەم خودا. 5 ئێستا چەند پیاوێک بۆ یافا بنێرە، ئەو شیمۆنەی پێی دەگوترێ پەترۆس بیهێنن. 6 لە ماڵی شیمۆنی پێستەخۆشکەرە، ماڵەکەی لەسەر دەریایە.»
7 کاتێک فریشتەکە قسەی لەگەڵی کرد، ڕۆیشت، دووان لە خزمەتکارەکانی و سەربازێکی خواپەرست بانگکرد کە یەکێک بوو لە دارودەستە تایبەتەکەی، 8 هەموو شتێکی بۆ گێڕانەوە و ناردیانی بۆ یافا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.