Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 38

زەبوورێکی داود، بۆ یادکردنەوە.

38 ئەی یەزدان، بە تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە،
    بە ڕقی خۆت تەمبێم مەکە.
چونکە تیرەکانت منیان پێکا،
    دەستت منی خستە خوارەوە.
بەهۆی تووڕەیی تۆوە تەندروستی لە لەشمدا نەماوە،
    بەهۆی گوناهمەوە ساغی لە ئێسقانەکانمدا نەماوە.
تاوانەکانم بەسەر سەرم کەوتوون،
    وەک بارێکی گران کە توانام نییە هەڵیبگرم.

برینەکانم بۆگەن بوون و چڵکیان کردووە،
    بەهۆی گێلایەتی خۆم.
پشتم چەماوەتەوە و کووڕ بوومەتەوە،
    بە درێژایی ڕۆژ ماتەم دەگێڕم.
کەلەکەم[a] پڕ بووە لە ژانێکی سووتێنەر،
    تەندروستی لە لەشمدا نەماوە.
بە تەواوی تێکشکاوم و بێهێز بووم،
    لەبەر نەهامەتی دڵم هەر دەناڵێنم.

ئەی پەروەردگار، هەموو ئارەزووەکانم لەپێش چاوتە،
    ئاخ هەڵکێشانم لە تۆ شاردراوە نییە.
10 دڵەکوتێمە و هێزم لەبەر بڕاوە،
    تەنانەت ڕووناکیش لە چاوانم بڕاوە.
11 لەبەر برینەکانم دۆست و برادەرەکانم خۆیان لێم دەپارێزن،
    خزمانم لێم دوور دەکەونەوە.
12 ئەوانەی بەدوای ژیانی منەوەن تەڵە دەنێنەوە،
    ئەوانەی دەیانەوێت ئازارم بدەن باسی تێکشکانم دەکەن،
    بە درێژایی ڕۆژ بیر لە فرتوفێڵ دەکەنەوە.

13 بەڵام من وەک کەڕ وام، گوێم لێ نابێت،
    وەک لاڵ وام، ناتوانم دەمم بکەمەوە.
14 وەک کەسێکم لێ هاتووە کە نابیستێت،
    هیچ بەهانەیەکیشی لە دەمی نەبێت.
15 ئەی یەزدان، چاوەڕێی تۆ دەکەم،
    ئەی خودای پەروەردگارم، تۆ وەڵام دەدەیتەوە.
16 چونکە گوتم: «مەهێڵە پێم خۆش بن،
    یان کاتێک پێم دەخلیسکێت خۆیان بە گەورە بزانن لە سەرم.»

17 چونکە خەریکە دەکەوم،
    هەمیشە ئازارەکانم لەگەڵمە.
18 دان بە تاوانی خۆمدا دەنێم،
    بە گوناهی خۆم خەمبار دەبم.
19 دوژمن چالاک و بەهێزن،
    ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە زۆرن.
20 ئەوانەی بەرامبەری چاکە خراپەم دەدەنەوە،
    دژایەتیم دەکەن، چونکە دوای چاکە کەوتووم.

21 ئەی یەزدان، پشتگوێم مەخە،
    ئەی خودای من، لێم دوور مەکەوە.
22 ئەی پەروەردگاری ڕزگارکەرم،
    خێرا بگە فریام.

لێڤییەکان 5:1-13

«”کاتێک کەسێک گوێی لە بانگەوازی ئاشکرا دەبێت بۆ شایەتیدان کە شایەتی بدات، بێدەنگ بوو لەوەی بینیبووی یان زانیبووی، ئەوا ئەو کەسە گوناهی کردووە و تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.

«”یان ئەگەر یەکێک بەر شتێکی گڵاو کەوت، وەک کەلاکی[a] ئاژەڵێکی کێوی گڵاو یان کەلاکی ئاژەڵێکی ماڵی گڵاو یان کەلاکی خشۆکێکی گڵاو، ئەگەر ئاگای لێ نەبوو و پاشان زانی، ئەوا تاوانبارە.

«”یان ئەگەر دەستی لە شتە گڵاوەکانی کەسێک دا لە هەموو گڵاوییەکانی کە پێی گڵاو دەبێت، ئاگای لێ نەبوو و پاشان زانی، ئەوا تاوانبارە.

«”یان یەکێک هەڵەشە بوو لە سوێندخواردن، بۆ خراپە یان چاکە، لە هەموو ئەوەی مرۆڤ لە کاتی سوێندخواردن پەلەی لێ دەکات، بێ ئەوەی بزانێت و پاشان زانی، ئەوا ئەو کەسە لەو شتە تاوانبارە.

«”ئەگەر یەکێک تاوانبار بوو بە شکاندنی بڕگەیەکی ئەو یاسایانەی کە ئاماژەی پێکرا، ئەوا دان بە گوناهەکەی دەنێت و بە قوربانییەکەیەوە کە مێ بێت، بەرخ یان گیسک، بۆ تاوانەکەی دێتە لای یەزدان لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی، قوربانی گوناه، کاهینەکەش کەفارەت بۆ گوناهەکەی دەکات.

«”ئەگەر دەستکورت بوو بۆ بەرخێک، با دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر وەک قوربانی بۆ یەزدان بهێنێت لەبەر تاوانەکەی کە گوناهی پێکردووە، یەکێکیان قوربانی گوناهە و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن. دەیانهێنێت بۆ کاهینەکە و ئەویش یەکەم جار ئەوەی بۆ گوناهە پێشکەشی دەکات، سەری لەلای پشتەوە دەقرتێنێت بەڵام بە تەواوی لێی ناکاتەوە. لە خوێنی قوربانی گوناهەکە بە لاتەنیشتی قوربانگاکەدا دەکات، ئەوەشی لە خوێنەکە دەمێنێتەوە، دەگوشرێتە بنکەی قوربانگاکە، ئەوە قوربانی گوناهە. 10 ئەوەی دیکە بەپێی ڕێوڕەسم دەکاتە قوربانی سووتاندن، ئینجا کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.

11 «”ئەگەر دەستکورت بوو دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر بهێنێت، قوربانییەکەی لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی دەیەکی ئێفەیەک[b] لە باشترین ئارد دەبێتە قوربانی گوناه. زەیتی بەسەردا ناکات و بخووری سادەی لەسەر دانانێت، چونکە قوربانی گوناهە. 12 دەیهێنێتە لای کاهینەکە و ئەویش پڕ بە مستی لێی دەبات، بەشی یادەوەرییەکەی و لەسەر قوربانگاکە لەسەر قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەیسووتێنێت، ئەوە قوربانی گوناهە. 13 بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی لە هەر یەکێک لەوانە و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت، ئەوەی دەشمێنێتەوە بۆ کاهینەکە دەبێت، وەک چۆن پاشماوەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە بە کاهینەکە دەدرێت.“»

لۆقا 17:1-4

لێخۆشبوون سنووری نییە

17 عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «مەحاڵە کۆسپەکان[a] نەیەن، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی دەبێتە هۆی هاتنیان. باشترە بۆی ئەگەر بەرداشێک بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە، لەوەی ببێتە کۆسپ بۆ یەکێک لە قوتابییەکانم[b]. ئاگاداری خۆتان بن.

«ئەگەر براکەت هەڵەی کرد، سەرزەنشتی بکە، ئەگەر تۆبەی کرد گەردنی ئازاد بکە. ئەگەر لە ڕۆژێکدا حەوت جار هەڵەی بەرامبەرت کرد و حەوت جار گەڕایەوە لات و گوتی: ”تۆبە دەکەم،“ تۆ گەردنی ئازاد بکە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.