Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود، بۆ یادکردنەوە.
38 ئەی یەزدان، بە تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە،
بە ڕقی خۆت تەمبێم مەکە.
2 چونکە تیرەکانت منیان پێکا،
دەستت منی خستە خوارەوە.
3 بەهۆی تووڕەیی تۆوە تەندروستی لە لەشمدا نەماوە،
بەهۆی گوناهمەوە ساغی لە ئێسقانەکانمدا نەماوە.
4 تاوانەکانم بەسەر سەرم کەوتوون،
وەک بارێکی گران کە توانام نییە هەڵیبگرم.
5 برینەکانم بۆگەن بوون و چڵکیان کردووە،
بەهۆی گێلایەتی خۆم.
6 پشتم چەماوەتەوە و کووڕ بوومەتەوە،
بە درێژایی ڕۆژ ماتەم دەگێڕم.
7 کەلەکەم[a] پڕ بووە لە ژانێکی سووتێنەر،
تەندروستی لە لەشمدا نەماوە.
8 بە تەواوی تێکشکاوم و بێهێز بووم،
لەبەر نەهامەتی دڵم هەر دەناڵێنم.
9 ئەی پەروەردگار، هەموو ئارەزووەکانم لەپێش چاوتە،
ئاخ هەڵکێشانم لە تۆ شاردراوە نییە.
10 دڵەکوتێمە و هێزم لەبەر بڕاوە،
تەنانەت ڕووناکیش لە چاوانم بڕاوە.
11 لەبەر برینەکانم دۆست و برادەرەکانم خۆیان لێم دەپارێزن،
خزمانم لێم دوور دەکەونەوە.
12 ئەوانەی بەدوای ژیانی منەوەن تەڵە دەنێنەوە،
ئەوانەی دەیانەوێت ئازارم بدەن باسی تێکشکانم دەکەن،
بە درێژایی ڕۆژ بیر لە فرتوفێڵ دەکەنەوە.
13 بەڵام من وەک کەڕ وام، گوێم لێ نابێت،
وەک لاڵ وام، ناتوانم دەمم بکەمەوە.
14 وەک کەسێکم لێ هاتووە کە نابیستێت،
هیچ بەهانەیەکیشی لە دەمی نەبێت.
15 ئەی یەزدان، چاوەڕێی تۆ دەکەم،
ئەی خودای پەروەردگارم، تۆ وەڵام دەدەیتەوە.
16 چونکە گوتم: «مەهێڵە پێم خۆش بن،
یان کاتێک پێم دەخلیسکێت خۆیان بە گەورە بزانن لە سەرم.»
17 چونکە خەریکە دەکەوم،
هەمیشە ئازارەکانم لەگەڵمە.
18 دان بە تاوانی خۆمدا دەنێم،
بە گوناهی خۆم خەمبار دەبم.
19 دوژمن چالاک و بەهێزن،
ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە زۆرن.
20 ئەوانەی بەرامبەری چاکە خراپەم دەدەنەوە،
دژایەتیم دەکەن، چونکە دوای چاکە کەوتووم.
21 ئەی یەزدان، پشتگوێم مەخە،
ئەی خودای من، لێم دوور مەکەوە.
22 ئەی پەروەردگاری ڕزگارکەرم،
خێرا بگە فریام.
چاوپێکەوتنی یاقوب لەگەڵ عیسۆ
33 یاقوب چاوی هەڵبڕی و سەیری کرد وا عیسۆ و چوار سەد پیاوە دێن، ئیتر منداڵەکانی بەسەر لێئە و ڕاحێل و هەردوو کەنیزەکەیدا دابەش کرد. 2 هەردوو کەنیزەکەی و منداڵەکانیانی خستە پێشەوە، ئینجا لێئە و منداڵەکانی لە پشتیانەوە، ڕاحێل و یوسفیشی خستە دواوە. 3 خۆشی پێشیان کەوت، هەتا لە براکەی نزیک بووەوە حەوت جار کڕنۆشی برد.
4 بەڵام عیسۆ بە ڕاکردن بەرەو ڕووی یاقوب هات و باوەشی پێداکرد، ماچی کرد و پێکەوە گریان. 5 ئینجا عیسۆ سەری هەڵبڕی و چاوی بە ژن و منداڵەکان کەوت، پرسی: «ئەمانە چی تۆن؟»
یاقوبیش گوتی: «ئەو منداڵانەن کە نیعمەتی خودان بۆ خزمەتکارەکەت.»
6 ئیتر هەردوو کەنیزەکە و منداڵەکانیان هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، 7 دوای ئەوان لێئە و منداڵەکانی هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، پاشان یوسف و ڕاحێلیش هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد.
8 عیسۆ لە یاقوبی پرسی: «ئەو هەمووەی پێم گەیشتن بۆ چیت بوو؟»
ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لەبەرچاوت پەسەند بم، گەورەم.»
9 بەڵام عیسۆ گوتی: «برام من زۆرم هەیە، ئەوەی هەتە بۆ خۆت هەڵیبگرە.»
10 یاقوب گوتی: «نا، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، ئەوا دیارییەکەم لە دەست وەردەگریت، کە ڕووی تۆم بینی وەک ڕووی خودام بینی بێت وابوو، لێشم ڕازی بوویت. 11 دیارییەکەشم وەربگرە کە بۆت هێنراوە، خودا لەگەڵم میهرەبان بووە و هەموو شتێکم هەیە.» ئیتر یاقوب زۆری لێکرد، عیسۆش لێی وەرگرت.
12 ئینجا عیسۆ گوتی: «با بکەوینە ڕێ و بڕۆین، خۆشم پێشت دەکەوم.»
13 بەڵام یاقوب پێی گوت: «گەورەی خۆم دەزانێت کە منداڵەکان ناسکن، ئەو مەڕ و مانگایانەشم کە پێیە شیر دەدەنە بەچکەکانیان. ئەگەر بۆ یەک ڕۆژیش ماندوو بکرێن بە لێخوڕین ئەوا هەموو ئاژەڵەکان دەمرن. 14 با گەورەم پێش خزمەتکارەکەی بپەڕێتەوە، منیش لەسەر خۆ دەکەومە ڕێ، بەپێی ئەو ماڵەی پێش خۆم و بەپێی منداڵەکان، هەتا دەگەمە لای گەورەم لە سێعیر.»
15 عیسۆش گوتی: «کەوابێت هەندێک لەو خەڵکەی لەگەڵمن لەلات بەجێدەهێڵم.»
یاقوبیش گوتی: «ئاخر چ پێویست دەکات؟ هەر ئەوەندەم بەسە جێی ڕەزامەندی گەورەم بم.»
16 ئیتر هەر ئەو ڕۆژە عیسۆ بە ڕێی خۆیدا گەڕایەوە بۆ سێعیر. 17 یاقوبیش کەوتە ڕێ بۆ سوکۆت و خانووێکی بۆ خۆی بنیاد نا، سایەبانیشی بۆ مەڕوماڵات دروستکرد. هەر لەبەر ئەوەش ئەو شوێنە ناونرا سوکۆت.
نوێژکردن لە کۆبوونەوە
2 جا ستایشتان دەکەم کە لە هەموو شتێکدا یادم دەکەن، ئەو دابونەریتانە دەپارێزن هەروەک پێمداون.
3 بەڵام دەمەوێت بزانن کە سەری هەموو پیاوێک مەسیحە و سەری ژنیش پیاوە و سەری مەسیحیش خودایە. 4 هەر پیاوێک بە سەری داپۆشراو نوێژ بکات یان پەیامی خودا ڕابگەیەنێت، ئەوا سەری خۆی شۆڕ دەکات. 5 هەر ژنێکیش بە سەر دانەپۆشراوی نوێژ بکات یان پەیامی خودا ڕابگەیەنێت، ئەوا سەری خۆی شۆڕ دەکات، چونکە ئەو و ژنێکی سەرتاشراو[a] هەمان شتن و یەکن. 6 ئەگەر ژن سەری دانەپۆشێت، با قژی ببڕێت، بەڵام ئەگەر بۆ ژن شورەیی بوو قژی ببڕێت یاخود بیتاشێت، با سەری داپۆشێت. 7 کەواتە پیاو نابێت سەری داپۆشێت، کە وێنە و شکۆی خودایە. بەڵام ژن شکۆی پیاوە، 8 چونکە پیاو لە ژن نەهاتووە، بەڵکو ژن لە پیاوە. 9 پیاویش لە پێناوی ژن بەدی نەهێنراوە، بەڵکو ژن لە پێناوی پیاو. 10 لەبەر ئەمە و لەبەر فریشتەکان، پێویستە ژن نیشانەی دەسەڵاتی بەسەر سەرییەوە هەبێت.[b]
11 لەگەڵ ئەوەشدا، لە پاشایەتی مەسیحی گەورەماندا ژن سەبارەت بە پیاو سەربەخۆ نییە و پیاویش سەبارەت بە ژن سەربەخۆ نییە، 12 چونکە وەک ژن لە پیاوە، ئاواش پیاو بەهۆی ژن لەدایک دەبێت، بەڵام هەموو شتێک لە خوداوەیە. 13 ئێوە حوکم بۆ خۆتان بدەن: ئایا دەشێت ژن بە سەر دانەپۆشراوی نوێژ بۆ خودا بکات؟ 14 باشە سروشت خۆی فێرتان ناکات کە شەرمەزارییە بۆ پیاو قژی درێژ بکات، 15 بەڵام بۆ ژن شکۆمەندییە ئەگەر قژی درێژ بکات؟ چونکە لە جیاتی پۆشەر قژی دراوەتێ. 16 بەڵام ئەگەر یەکێک حەزی لە ناکۆکییە، ئێمە و کڵێساکانی خوداش جگە لەمە نەریتێکی دیکەمان نییە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.