Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
3 یوسف بە براکانی گوت: «من یوسفم. ئایا باوکم هێشتا ماوە؟»
بەڵام براکانی نەیانتوانی وەڵامی بدەنەوە، چونکە لەبەردەم یوسف تۆقین.
4 ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «لێم وەرنە پێشەوە.» ئەوانیش هاتنە پێشەوە، ئەمیش گوتی: «من یوسفی براتانم کە بە میسرتان فرۆشت. 5 ئێستاش نە داخ هەڵبکێشن و نە لەسەر دڵیشتان گران بێت کە منتان بە ئێرە فرۆشتووە، چونکە بۆ مانەوەی ژیان بوو کە خودا منی پێش ئێوە نارد. 6 ئەمە دوو ساڵە لە خاکەکە قاتوقڕی هەیە، بۆ پێنج ساڵی دیکەش نە کێڵان دەبێت و نە دروێنە. 7 بەڵام خودا منی پێش ئێوە نارد بۆ دابینکردنی پاشەڕۆژتان لە زەوی، بۆ ژیان بۆتان، بۆ دەربازبوونێکی مەزن.
8 «ئێستاش ئێوە نین کە منتان بۆ ئێرە نارد، بەڵکو خودایە منی کردووەتە باوک بۆ فیرعەون و گەورەی هەموو ماڵەکەی و فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسر. 9 پەلە بکەن و بڕۆنە لای باوکم و پێی بڵێن: ”یوسفی کوڕت وای گوت، خودا منی کردووە بە گەورەی هەموو میسر. بەرەو خوار وەرە بۆ لام و ڕامەوەستە. 10 لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ دەبیت و لە من نزیک دەبیت، خۆت و کوڕەکانت و کوڕی کوڕەکانت و ڕانە مەڕەکەت و گاگەلەکەت و هەرچییەکت هەیە. 11 لەوێ خۆم بەخێوت دەکەم، چونکە قاتوقڕییەکە هێشتا پێنج ساڵی ماوە. ئەگینا خۆت و ماڵەکەت و هەرچیشت هەیە هەژار دەبن.“
15 ئینجا هەموو براکانی ماچکرد و لەگەڵیان گریا. لەدوای ئەوە براکانی قسەیان لەگەڵی کرد.
زەبوورێکی داود.
37 بەهۆی خراپەکاران مەراق مەخۆ،
بەغیلی بە بەدکاران مەبە،
2 چونکە وەک گیان، زوو وشک دەبن،
وەک گژوگیای سەوز زوو سیس دەبن.
3 پشت بە یەزدان ببەستە و چاکە بکە،
لەسەر خاکەکە نیشتەجێ بە و چاودێری دڵسۆزی بکە.
4 خۆشی لە یەزدان ببینە،
داواکارییەکانی دڵت پێدەبەخشێت.
5 ڕێگای خۆت بە یەزدان بسپێرە و
متمانەی پێ بکە و ئەو ئاوا دەکات:
6 ڕاستودروستیت وەک ڕووناکی دەردەخات،
بێتاوانییەکەت وەک خۆری نیوەڕۆ.
7 لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بە و بە ئارامییەوە چاوەڕێی بکە،
کاتێک ئەوانە لە ڕێگاکانیان سەردەکەون،
کاتێک فرتوفێڵەکانیان جێبەجێ دەکەن، مەراق مەخۆ.
8 لە تووڕەیی هێوربەوە و خۆت لە قین لابدە.
مەراق مەخۆ، دەنا بەرەو خراپەت دەبات.
9 چونکە بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە،
بەڵام ئەوانەی ئومێدیان بە یەزدانە، دەبنە میراتگری خاکەکە.
10 پاش ماوەیەکی کەم بەدکار نامێنێت،
دەڕوانیتە شوێنەکەی، لەوێ نەماوە.
11 بەڵام بێفیزەکان دەبن بە میراتگری خاکەکە و
خۆشی لە زۆری ئاشتی دەبینن.
39 ڕزگاریی ڕاستودروستان لەلایەن یەزدانەوە دێت،
ئەو قەڵای ئەوانە لە کاتی تەنگانە.
40 یەزدان یارمەتییان دەدات و دەربازیان دەکات،
لە بەدکاران دەربازیان دەکات و ڕزگاریان دەکات،
چونکە پەنا بۆ ئەو دەبەن.
هەستانەوەمان چۆن دەبێت؟
35 لەوانەیە یەکێک بڵێت: «مردووان چۆن هەڵدەستێنرێنەوە؟ بە چ جۆرە لەشێک دێن؟» 36 ئەی گێل! ئەوەی دەیچێنیت زیندوو نابێتەوە ئەگەر نەمرێت. 37 ئەوەی دەیچێنیت ئەو لەشە نییە کە دەردەکەوێت، بەڵکو تەنها دەنکێکە، لەوانەیە گەنمە یاخود هەر تۆوێکی دیکە. 38 بەڵام خودا ئەو لەشەی دەداتێ کە خۆی دەیەوێ، هەر جۆرە تۆوێک لەشێکی تایبەتی داوەتێ.
42 بەم جۆرەش هەستانەوەی مردووانیش: لە فەوتاوی دەچێنرێت، لە نەفەوتاوی هەڵدەستێنرێتەوە. 43 لە سووکایەتی دەچێنرێت، لە شکۆمەندی هەڵدەستێنرێتەوە. لە لاوازی دەچێنرێت، لە هێز هەڵدەستێنرێتەوە. 44 بە لەشی سروشتی دەچێنرێت، بە لەشی ڕۆحی هەڵدەستێنرێتەوە.
ئەگەر لەشی سروشتی هەیە، لەشی ڕۆحیش هەیە. 45 ئاواش نووسراوە: [ئادەمی یەکەم بووە گیانێکی زیندوو.][a] بەڵام دوا ئادەم، ڕۆحێکە ژیان دەبەخشێت. 46 بەڵام ڕۆحییەکە ئەوەی یەکەم نییە، بەڵکو لەشی سروشتییە و ئەوەی دواتر ڕۆحییە. 47 مرۆڤی یەکەم لە خۆڵی زەوی بوو، مرۆڤی دووەم لە ئاسمانەوەیە. 48 وەک ئەوەی لە خۆڵ بوو، ئەوانەش لە خۆڵن. ئەوەش لە ئاسمانەوەیە، ئاسمانییەکان بەم جۆرە دەبن. 49 وەک چۆن ئەو وێنەیەمان وەرگرتووە کە لە خۆڵ بوو، بە هەمان شێوە وێنەی ئاسمانی وەردەگرین.
50 ئەی خوشک و برایانم، ئەوەتان پێ دەڵێم: گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێتە میراتگری شانشینی خودا، هەروەها فەوتاو نابێتە میراتگری نەفەوتاو.
دوژمنەکانتان خۆشبوێ
27 «بەڵام ئەی گوێگران پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن لەگەڵ ئەوانەی ڕقیان لێتان دەبێتەوە، 28 ئەوانەی نەفرەتتان لێدەکەن داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی خراپەتان لەگەڵ دەکەن. 29 ئەگەر یەکێک لە ڕوومەتت بدات، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە. ئەگەر یەکێک چاکەتەکەت ببات، لاریت نەبێت بۆ کراسەکەشت. 30 هەرکەسێک داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەش کە شتێکت لێ دەبات لێی داوا مەکەوە. 31 چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن.
32 «ئەگەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش ئەوانەیان خۆشدەوێت کە خۆشیان دەوێن. 33 ئەگەر باش بن لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵتان باشن، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش هەمان شت دەکەن. 34 ئەگەر قەرز بدەنە ئەوانەی کە بەو هیوایەن لێیان وەربگرنەوە، ئایا چ چاکەیەکی بۆ ئێوە تێدایە؟ تەنانەت گوناهبارانیش قەرز دەدەنە گوناهباران تاکو ئەوەندە وەربگرنەوە. 35 بەڵام ئێوە دوژمنەکانتان خۆشبوێ، چاکە بکەن و قەرز بدەن، چاوەڕێی وەرگرتنەوەش مەکەن، بەمە پاداشتتان گەورە دەبێت و دەبنە ڕۆڵەی خودای هەرەبەرز، چونکە ئەو لەگەڵ بەدنمەک و بەدکاران نەرم و نیانە. 36 بە بەزەیی بن، وەک باوکتان بە بەزەییە.
خەڵکی تاوانبار مەکەن
37 «حوکم مەدەن، بۆ ئەوەی خودا حوکمتان نەدات. خەڵکی تاوانبار مەکەن، بۆ ئەوەی خودا تاوانبارتان نەکات. ببەخشن، خودا دەتانبەخشێت. 38 بدەن، پێتان دەدرێت، پێوانەیەکی چاکی پەستێنراوی هەژێنراوی لێڕژاوتان دەخرێتە باوەش، چونکە بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.