Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
کۆکراوەی بەشی یەکەم
زەبوورەکانی 1–41
1 خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی
بەپێی ڕاوێژی بەدکاران ناڕوات و
لە ڕێگای گوناهباران ڕاناوەستێت و
لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانانیشێت.
2 بەڵکو ئارەزووی ئەو لە فێرکردنی[a] یەزدانە،
شەو و ڕۆژ لە فێرکردنەکەی ورد دەبێتەوە.
3 وەک دارێک وایە کە لەدەم جۆگەی ئاو ڕوابێت و
لە وەرزی خۆیدا بەرهەم بدات و
گەڵاکانی هەرگیز وشک نەبن،
لە هەموو کارێک سەرکەوتوو دەبێت.
4 بێگومان بەدکاران وانین،
بەڵکو وەک کا وان کاتێک با پەرشوبڵاوی دەکاتەوە.
5 بۆیە نە بەدکاران لەبەردەم دادوەری بێتاوانن،
نە گوناهبارانیش لە کۆڕی ڕاستودروستان دادەنیشن.
6 چونکە یەزدان چاودێری ڕێگای ڕاستودروستان دەکات،
بەڵام ڕێگای بەدکاران لەناودەچێت.
نموونەی گۆزەی شەراب
12 «جا ئەم فەرمایشتەیان پێ ڕابگەیەنە: ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت.“ جا پێت دەڵێن: ”بۆ ئێمە نازانین هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت؟“ 13 تۆش پێیان دەڵێیت: ”یەزدان دەفەرموێت: ئەوەتا من هەموو دانیشتووانی ئەم خاکە پڕ دەکەم لە سەرخۆشی، ئەو پاشایانەی لە داودن، لەسەر تەختەکەی دانیشتوون، کاهین و پێغەمبەران و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم. 14 بە یەکتری وردوخاش دەکەم، باوک و کوڕ پێکەوە، دڵم ناسووتێت و دەست ناپارێزم و بەزەییم نایەتەوە لە لەناوبردنیان.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
مەترسی ڕاپێچکراوان
15 گوێ بگرن و گوێ شل بکەن،
لووتبەرز مەبن،
چونکە یەزدان فەرموویەتی.
16 شکۆ بدەنە یەزدانی پەروەردگارتان
بەر لەوەی تاریکی دابێنێت،
بەر لەوەی پەل بکوتن
لەسەر چیا بەر لە تاریکایی شەو.
ئێوە خوازیاری ڕووناکین
بەڵام ئەو دەیکاتە سێبەری مەرگ،
دەیکاتە ئەنگوستەچاو.
17 بەڵام ئەگەر گوێ نەگرن،
بە نهێنی دەگریێم
لەبەر لووتبەرزیتان،
چاوەکانم بەکوڵ دەگریێن و
فرمێسک دەڕێژێت،
چونکە مێگەلی یەزدان ڕاپێچ کرا.
18 بە پاشا و بە شاژنی دایک بڵێ:
«لەسەر تەختەکان وەرنە خوارەوە،
چونکە تاجی شکۆمەندیتان
لەسەرتان دێتە خوارەوە.»
19 شارەکانی نەقەب دادەخرێن و
کەس نییە بیانکاتەوە.
هەموو یەهودا ڕاپێچ دەکرێ،
سەراپای ڕاپێچ دەکرێن.
26 «خەڵکینە، برایان، کوڕانی پشتی ئیبراهیم و ئەو ناجولەکانەی لەنێوتاندا لە خودا دەترسن، پەیامی ئەم ڕزگارییە بۆ ئێمە نێردراوە. 27 دانیشتووانی ئۆرشەلیم و ڕابەرەکانیان مەسیحیان نەناسی، کەچی کاتێک تاوانباریان کرد وتەی پێغەمبەرانیان هێنایە دی کە هەموو شەممەیەک دەخوێنرێتەوە. 28 جا لەگەڵ ئەوەی هیچ هۆیەکیان بۆ مردن نەدۆزییەوە، داوایان لە پیلاتۆس کرد بیکوژێت. 29 دوای ئەوەی هەموو ئەو شتانەیان تەواو کرد کە لەسەری نووسراوە، لە دار هێنایانە خوارەوە و خستیانە گۆڕ. 30 بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، 31 ماوەیەکی درێژیش بۆ ئەوانە دەرکەوت کە لە جەلیلەوە تاکو ئۆرشەلیم لەگەڵیدا هاتبوون. ئێستا ئەوان لەبەردەم گەل شایەتی ئەمە دەدەن.
32 «ئێمەش مزگێنیی ئەو بەڵێنەتان پێدەدەین کە بۆ باوباپیرانمان هات، 33 ئەوەی خودا بۆ ئێمەی وەچەی ئەوان هێنایە دی، بە هەستانەوەی عیسا، وەک لە زەبووری دووەمدا نووسراوە:
«[تۆ کوڕی منی،
من ئەمڕۆ بوومە باوکت.][a]
34 خودا ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە بۆ ئەوەی هەرگیز نەڕزێت:
[ئەو بەڵێنە پیرۆز و مسۆگەرەتان دەدەمێ کە بە داودم دابوو.][b]
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.