Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 115

115 بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا،
    بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە،
    لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت.

بۆچی نەتەوەکان بڵێن:
    «کوا، خودایان لەکوێیە؟»
خودامان لە ئاسمانە،
    هەرچی حەز بکات، دەیکات.
بتەکانیان زێڕ و زیون،
    دەستکردی مرۆڤن.
دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
    چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
    لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن،
دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن،
    پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن،
    دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە.
دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
    هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.

ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن.
    ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
10 ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن.
    ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
11 ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن.
    ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.

12 یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات،
    بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت،
    بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت.
13 بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە،
    گەورە و بچووکیش.

14 با یەزدان هەر زیادتان بکات،
    ئێوە و منداڵەکانتان.
15 با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن،
    دروستکەری ئاسمان و زەوی.

16 ئاسمان ئاسمانی یەزدانە،
    زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە.
17 نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن،
    نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی،
18 بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین،
    لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.

    هەلیلویا!

ئیشایا 8:1-15

ئیشایا و منداڵان وەک نیشانە و هێما

یەزدان پێی فەرمووم: «پارچە چەرمێکی گەورە بۆ خۆت ببە و بە پێنووسی قامیش لەسەری بنووسە: ”مەهێر شالال حاش بەز.[a]“» هەروەها دوو شایەتی سەرڕاست بۆ خۆم بکەم بە شایەت، ئوریای کاهین و زەکەریای کوڕی یەڤەرەخیا.

لە پێغەمبەرە ژن[b] نزیک بوومەوە و سکی بوو و کوڕێکی بوو. یەزدانیش پێی فەرمووم: «ناوی بنێ: مەهێر شالال حاش بەز، چونکە بەر لەوەی منداڵەکە بزانێت بڵێت ”بابە“ و ”دایە،“ سامانی دیمەشق و دەستکەوتی سامیرە دەهێنرێتە بەردەم پاشای ئاشور.»

ئینجا یەزدان دووبارە قسەی لەگەڵمدا کردەوە و فەرمووی:

«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە
    ئاوی هێمنی شیلۆوەحی[c] ڕەتکردەوە،
دڵخۆش بوو بە ڕەچین و
    کوڕەکەی ڕەمەلیاهو،
لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە
    ئاوی ڕووبارە[d] بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت،
    مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی.
جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و
    بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات،
بەناو یەهودا ڕەت دەبێت، هەڵدەچێت و
    تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە گەردن،
لێککشانی باڵەکانی پڕ بە پانتایی خاکەکەتە،
    ئەی ئیمانوێل!»

ئەی گەلینە، گەلەکۆمە بکەن و بشکێنەوە!
    ئەی هەموو خاکە دوورەکانی جیهان، گوێ بگرن:
خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
    خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
10 ڕاوێژ بکەن، پووچ دەبێت،
    قسە بکەن، سەرناگرێت،
چونکە خودا لەگەڵمانە.[e]

11 یەزدان بەم جۆرەی پێ فەرمووم، کە دەستی گرتم و ئاگاداری کردمەوە بە ڕێگای ئەم گەلەدا نەڕۆم:

12 «مەڵێ ”پیلانگێڕییە!“
    بە هەموو ئەوەی ئەم گەلە پێی دەڵێت پیلانگێڕی،
مەترسە لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن،
    مەتۆقە.
13 تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و
    دەبێ لەو بترسی،
    لەو بتۆقی.
14 ئەو دەبێتە پیرۆزگا،
    بەڵام بۆ هەردوو بنەماڵەکەی ئیسرائیل
دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
    تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.
بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم
    دەبێت بە تەڵە و داو.
15 زۆر کەس ساتمەی لێ دەکەن و دەکەون،
    دەکەون و تێکدەشکێن،
    بە داوەوە دەبن و دەگیرێن.»

لۆقا 5:27-32

عیسا بۆ گوناهباران هاتووە

27 لەدوای ئەمانە عیسا ئەوێی بەجێهێشت، باجگرێکی بینی ناوی لێڤی بوو، لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» 28 ئەویش هەموو شتێکی بەجێهێشت، هەستا و دوای کەوت.

29 لێڤی لە ماڵی خۆیدا میواندارییەکی گەورەی بۆ کرد، زۆر لە باجگران و خەڵکی دیکە لەگەڵیان لەسەر خوان بوون. 30 بەڵام فەریسی و مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون بۆڵەبۆڵیان بەسەر قوتابییەکانیدا کرد و گوتیان: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران دەخۆن و دەخۆنەوە؟»

31 عیساش وەڵامی دانەوە: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. 32 نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران بۆ تۆبەکردن.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.