Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 115

115 بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا،
    بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە،
    لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت.

بۆچی نەتەوەکان بڵێن:
    «کوا، خودایان لەکوێیە؟»
خودامان لە ئاسمانە،
    هەرچی حەز بکات، دەیکات.
بتەکانیان زێڕ و زیون،
    دەستکردی مرۆڤن.
دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
    چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
    لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن،
دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن،
    پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن،
    دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە.
دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
    هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.

ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن.
    ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
10 ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن.
    ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
11 ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن.
    ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.

12 یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات،
    بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت،
    بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت.
13 بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە،
    گەورە و بچووکیش.

14 با یەزدان هەر زیادتان بکات،
    ئێوە و منداڵەکانتان.
15 با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن،
    دروستکەری ئاسمان و زەوی.

16 ئاسمان ئاسمانی یەزدانە،
    زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە.
17 نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن،
    نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی،
18 بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین،
    لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.

    هەلیلویا!

ڕابەران 5:1-11

سروودی دەڤۆرا

ئینجا دەڤۆرا و باراکی کوڕی ئەڤینۆعەم لەو ڕۆژەدا دەستیان بە گوتنی سروود کرد:

«لە پێناوی پێشەوایەتیکردنی پێشەواکان لە ئیسرائیل و
    لە پێناوی ئەوانەی لەنێو گەل خۆیان بەختکرد،
    ستایشی یەزدان بکەن!

«ببیستن ئەی پاشایان، گوێ بگرن ئەی فەرمانڕەوایان!
    من بۆ یەزدان سروود دەڵێم،
    مۆسیقا بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەژەنم.

«ئەی یەزدان، بە هاتنەدەرەوەت لە سێعیر،
    بە بەرەوپێشچوونت لە خاکی ئەدۆم،
زەوی لەرزی، ئاسمانیش دڵۆپەی کرد،
    هەروەها هەورەکانیش ئاویان لێ باری.
چیاکان هەرەسیان هێنا لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری شاخی سینا،
    لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.

«لە ماوەی ڕابەرایەتی شەمگەری کوڕی عەنات،
    لە سەردەمی یاعێل ڕێگا سەرەکییەکان وازلێهێنران و
    ڕێبوارەکان بە ڕێڕەوی خواروخێچدا ڕۆیشتن.
گوندەکانی ئیسرائیل چۆڵ بوون،
    چۆڵ بوون، هەتا من کە دەڤۆرام هەستام،
    هەستام وەک دایکێک لە ئیسرائیل.
چەند خودایەکی نوێیان هەڵبژاردبوو،
    ئینجا شەڕ هاتە دەروازەکان.
ئایا هیچ قەڵغانێک یان ڕمێک
    لەنێو چل هەزار کەس لە ئیسرائیل دەبینرا؟
دڵم لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیلە،
    لەگەڵ خۆبەختکەرانی نێو گەل،
    ستایشی یەزدان بکەن!

10 «ئەی ئەوانەی سواری ماکەری سپی بوون،
    دانیشتوو لەسەر زینی لباد و
    ئەوانەی ڕێتان گرتووەتەبەر،
گوێ بگرن 11 لە دەنگی گۆرانیبێژان لەلای حەوزەکان،
    لەوێ بە کردارە ڕاستودروستەکانی یەزدانیان هەڵدا،
    کردەوە ڕاستودروستەکانی جەنگاوەرانی ئەو لە ئیسرائیل.

«ئینجا گەلی یەزدان
    بەرەو دەروازەکان ڕۆیشتن.

یەکەم کۆرنسۆس 14:26-40

کۆبوونەوەی ڕێکوپێک

26 ئەی خوشک و برایان، ئیتر چی بڵێین؟ کاتێک کۆدەبنەوە هەر یەکێک زەبوورێکی هەیە، یان فێرکردنێک یان ئاشکراکردنێک یان زمانێک یان لێکدانەوەیەک. با هەموو شتێک بۆ بنیادنان بێت. 27 ئەگەر کەسانێک بە زمانێک بدوێن، با دوو یان ئەوپەڕی سێ کەس بێت و لەدوای یەک بدوێن، یەکێکیش لێکی بداتەوە. 28 بەڵام ئەگەر لێکدەرەوە نەبوو، با لە کڵێسا بێدەنگ بێت، بۆ خۆی و بۆ خودا بدوێت.

29 با دوو یان سێ پێغەمبەر بدوێن، ئەوانی دیکەش وتەکانیان هەڵبسەنگێنن. 30 بەڵام ئەگەر ئاشکراکردنێک بۆ یەکێک لە دانیشتووان هات، با یەکەمیان بێدەنگ بێت، 31 چونکە هەمووتان دەتوانن یەک بە یەک پەیامی خودا ڕابگەیەنن، تاکو هەموو فێربن و هانبدرێن. 32 ڕۆحی پێغەمبەران بۆ پێغەمبەران ملکەچە، 33 چونکە خودا خودای شێواندن نییە، بەڵکو خودای ئاشتییە.

هەروەک لە هەموو کڵێساکانی گەلی پیرۆزی خودا، 34 با ژنان لە کڵێساکاندا بێدەنگ بن، چونکە ڕێیان پێنەدراوە بدوێن، بەڵکو وەک تەوراتیش دەفەرموێ با ملکەچ بن. 35 بەڵام ئەگەر ویستیان شتێک فێربن، لە ماڵەوە لە مێردەکانیان بپرسن، چونکە شورەییە بۆ ژن لە کڵێسادا بدوێت.[a]

36 ئایا پەیامی خودا لە ئێوەوە سەرچاوەی گرتووە، یان تەنها بۆ ئێوە هاتووە؟ 37 ئەگەر یەکێک خۆی بە پێغەمبەر یان کەسێکی ڕۆحانی بزانێت، با باش بزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم ڕاسپاردەی مەسیحی باڵادەستە. 38 بەڵام ئەگەر یەکێک پشتگوێی خست، با هەر پشتگوێ بخرێت. 39 کەواتە برایانم، تامەزرۆی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا بن و ڕێگری مەکەن لە دوان بە زمانەکان. 40 بەڵام با هەموو شتێک بە دروستی و ڕێک بێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.