Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ داود.
138 بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
لەبەردەم خوداوەندەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم.
2 بەرامبەر پەرستگای پیرۆزت کڕنۆش دەبەم،
ستایشی ناوت دەکەم،
لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت،
چونکە فەرمایشتی خۆتت لە ناوبانگەکەت بەرزتر کردووەتەوە.
3 ئەو ڕۆژەی هاوارم بۆ تۆ کرد بەدەنگمەوە هاتیت،
ئازا و بوێرت کردم.
4 ئەی یەزدان، هەموو پاشاکانی سەر زەوی ستایشت دەکەن،
کاتێک فەرمایشتی دەمی تۆیان بیست.
5 گۆرانی بەسەر ڕێگاکانی یەزداندا دەڵێن،
چونکە شکۆمەندی یەزدان مەزنە.
6 چونکە یەزدان بەرزە و دەڕوانێتە کەسی بێفیز،
بەڵام لووتبەرزان لە دوورەوە دەناسێت.
7 ئەگەر بەناو تەنگانەشدا بڕۆم ژیانم دەپارێزیت،
دەست درێژ دەکەیت بەسەر تووڕەیی دوژمنانم،
بە دەستی ڕاستت ڕزگارم دەکەیت.
8 یەزدان ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت؛
ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت هەتاهەتاییە،
واز لە کارەکانی دەستت مەهێنە.
موسا دەست لەسەر یەشوع دادەنێت
12 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ سەر ئەم چیایە لە زنجیرە چیای عەڤاریم و تەماشای ئەو زەوییە بکە کە بە نەوەی ئیسرائیلم داوە. 13 کاتێک تەماشات کرد تۆش دەچیتە ڕیزی گەلەکەت، وەک هارونی برات چووە ڕیزەوە، 14 چونکە لە چۆڵەوانی چن کاتێک کۆمەڵەکە یاخی بوون، ئێوە قسەتان شکاندم کە لەبەرچاویان لە شوێنی ئاوەکە پیرۆزم بکەن.» کە ئەوێ ئاوی مەریبای قادێشە لە چۆڵەوانی چن.
15 موسا بە یەزدانی گوت: 16 «ئەی یەزدان، ئەی ئەو خودایەی ژیان بە ئادەمیزاد دەبەخشیت، پیاوێک لەسەر کۆمەڵەکە دابنێ 17 بەڕێوەیان ببات و لە شەڕدا ڕابەرایەتییان بکات، هەتا کۆمەڵی یەزدان وەک مەڕی بێ شوانیان لێ نەیێت.»
18 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «یەشوعی کوڕی نون ببە، پیاوێکە ڕۆحی تێدایە و دەستی لەسەر دابنێ. 19 لەبەردەم ئەلعازاری کاهین و هەموو کۆمەڵەکە ڕای بگرە و لەبەرچاویان ئەرکی پێ بسپێرە. 20 هەندێک لە دەسەڵاتی خۆتی بدەرێ هەتا هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل گوێڕایەڵی بن. 21 ئەو لەبەردەم ئەلعازاری کاهین ڕادەوەستێت، لەبەردەم یەزدان بەپێی حوکمی ئوریم[a] بۆی دەپرسێت. بە قسەی ئەو دەردەچن و بە قسەی ئەو دێنە ژوورەوە، ئەو و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل لەگەڵی.»
22 موسا هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد. یەشوعی برد و لەبەردەم ئەلعازاری کاهین و لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ڕایگرت، 23 دەستی لەسەر دانا و ئەرکی پێ سپارد، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دا.
شاول لە ئۆرشەلیم
26 کاتێک گەیشتە ئۆرشەلیم، هەوڵی دا بچێتە پاڵ قوتابییەکان، بەڵام هەموو لێی ترسان و باوەڕیان نەدەکرد کە قوتابییە. 27 بەڵام بەرناباس بردی و هێنایە لای نێردراوان، بۆی گێڕانەوە چۆن لە ڕێگادا عیسای خاوەن شکۆی بینیوە و قسەی لەگەڵ کردووە، هەروەها چۆن لە دیمەشق ئازایانە بە ناوی عیساوە مزگێنیی ڕاگەیاندووە. 28 ئیتر لەگەڵیان لە ئۆرشەلیم دەهات و دەچوو، بە چاونەترسییەوە بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە مزگێنیی ڕادەگەیاند. 29 هەروەها قسە و مشتومڕی لەگەڵ جولەکە یۆنانییەکان دەکرد، ئەوانیش هەوڵیان دا بیکوژن. 30 کاتێک باوەڕداران بەمەیان زانی بردییانە قەیسەرییە و بۆ تەرسۆسیان نارد.
31 کڵێساش لە هەموو یەهودیا و جەلیل و سامیرەدا لە ئارامیدا بوو، بنیاد دەنرا و لە سایەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ و دڵنەوایی ڕۆحی پیرۆزدا لە زیادبووندا بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.