Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 56

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان لەسەر ئاوازی گۆرانی «کۆتر لەسەر دار بەڕوو دوورن.» پاڕانەوەیەکی داودە کاتێک فەلەستییەکان لە گەت[a] گرتیان.

56 ئەی خودایە، لەگەڵم میهرەبان بە چونکە خەڵک ڕاوم دەنێن،
    بە درێژایی ڕۆژ لە دژی من دەجەنگن.
دوژمنانم بە درێژایی ڕۆژ ڕاوم دەنێن،
    چونکە زۆرن ئەوانەی بە لووتبەرزییەوە دەمچەوسێننەوە.

کاتێک ترسم لێ دەنیشێت،
    من پشت بە تۆ دەبەستم.
بە خودا، کە ستایشی پەیامەکەی دەکەم،
    پشت بە خودا دەبەستم، من ناترسم،
    مرۆڤ چیم لێ دەکات؟

بە درێژایی ڕۆژ دەستکاری قسەکانم دەکەن،
    هەمیشە پیلان بۆ خراپەم دەگێڕن.
گیروگرفت دەنێنەوە، خۆیان مات دەکەن،
    چاویان لە هەنگاوەکانمە،
    بۆ ئەوەی لە دەرفەتێکدا بمکوژن.
لە پێناوی تاوانیان سزایان بدە،
    ئەی خودایە، بە تووڕەیی خۆت گەلان ژێر بخە.

خۆت ئاگاداری سەرگەردانی منی،
    فرمێسکەکانم بخەرە مەشکەی خۆتەوە،
    ئایا ئەوان لە پەڕتووکی تۆدا نەنووسراون؟
لەو ڕۆژەی هاوار بۆ تۆ دەکەم،
    دوژمنەکانم بەرەو پاش دەکشێنەوە.
    بەمە دەزانم کە خودا لەگەڵمە.

10 بە خودا، کە ستایشی پەیامەکەی دەکەم،
    بە یەزدان، کە ستایشی وشەکەی دەکەم،
11 بە خودا پشت دەبەستم، من ناترسم.
    مرۆڤ چیم لێ دەکات؟

12 ئەی خودایە، نەزرەکانی خۆم بۆ تۆ بەجێدەهێنم،
    قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش دەکەم،
13 چونکە تۆ لە مردن فریای گیانم کەوتی،
    پێیەکانی منت لە خلیسکان پاراست،
تاکو دۆستایەتی لەگەڵ خودا بکەم و
    لە ڕووناکی ژیاندا بڕۆم.

یەکەم پاشایان 17:8-16

ئینجا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: «هەستە و بڕۆ شارۆچکەی سەرەفەندی نزیکی سەیدا و لەوێ بمێنەوە، لەوێ فەرمانم بە بێوەژنێک داوە خواردنت بۆ دابین بکات.» 10 ئەویش هەستا و چوو بۆ سەرەفەند. کاتێک گەیشتە لای دەروازەی شارۆچکەکە، بێوەژنێکی بینی لەوێ چەند چیلکە دارێکی کۆدەکردەوە، بانگی کرد و گوتی: «بێ زەحمەت جامێک ئاوم بۆ بهێنە، با بیخۆمەوە.» 11 کاتێک چوو بیهێنێت، بانگی کردەوە و گوتی: «لەگەڵ دەستت پارووە نانێکیشم بۆ بهێنە.»

12 ئەویش گوتی: «سوێند بە خوداکەی تۆ دەخۆم، بە یەزدانی زیندوو، نانم نییە، مشتێک ئارد نەبێت لە کوپەیەک و تۆزێک زەیت لە گۆزەیەک. ئەوەتا دوو چیلکە دارم کۆکردووەتەوە هەتا بیانبەمەوە و ژەمێک بۆ خۆم و کوڕەکەم دروستبکەم، بیخۆین و بمرین.»

13 ئەلیاسیش پێی گوت: «مەترسە، بڕۆوە و ئەوە بکە کە گوتت، بەڵام یەکەم جار لەوەی هەتە کولێرەیەکی بچووکم بۆ دروستبکە و بۆم بهێنە دەرەوە، پاشانیش بۆ خۆت و کوڕەکەت دروستبکە، 14 چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بەم جۆرە دەفەرموێت: ”کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نابێت و گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم ناکات، هەتا ئەو ڕۆژەی یەزدان باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت.“»

15 ئەویش چوو و بە قسەی ئەلیاسی کرد، ئیتر هەموو ڕۆژێک ئەلیاس و بێوەژنەکە و ماڵەکە نانیان هەبوو. 16 کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نەبوو، گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم نەبووەوە، هەروەک ئەوەی یەزدان لەسەر زاری ئەلیاسەوە فەرمووی.

یەکەم کۆرنسۆس 2:6-16

دانایی خودا

ئێمە لەنێو پێگەیشتوواندا بە دانایی دەدوێین، بەڵام داناییەک نە لەم دنیایەوەیە و نە لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایەوەیە، کە لەناودەچن. بەڵکو باسی دانایی خودا دەکەین کە نهێنییە، شاراوە بوو، ئەوەی خودا لە ئەزەلەوە بۆ شکۆی ئێمەی داناوە. هیچ کام لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایە تێنەگەیشتن، چونکە ئەگەر تێبگەیشتنایە، مەسیحی خاوەن شکۆیان لە خاچ نەدەدا. بەڵکو وەک نووسراوە:

[ئەوەی هیچ چاوێک نەیبینیوە،
    هیچ گوێیەک نەیبیستووە و
بە بیری مرۆڤدا نەهاتووە،
    ئەوەی خودا ئامادەی کردووە بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت.][a]

10 بەڵام خودا بەهۆی ڕۆحی خۆی بۆی ئاشکرا کردین.

ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شتێک دەکۆڵێتەوە، تەنانەت لە قووڵایی ناخی خوداش دەکۆڵێتەوە. 11 چ مرۆڤێک دەزانێت مرۆڤ چی تێدایە، جگە لە ڕۆحی مرۆڤ کە لەناویدایە؟ بەم شێوەیە کەس نازانێت خودا چی تێدایە ڕۆحی خودا نەبێت. 12 ئێمەش ڕۆحی جیهانمان وەرنەگرتووە، بەڵکو ئەو ڕۆحەی لە خوداوەیە، تاکو لەو شتانە تێبگەین کە خودا بەخۆڕایی پێی بەخشیوین. 13 ئەوەی باسی دەکەین لە دانایی مرۆڤەوە نەهاتووە، بەڵکو لە فێرکردنی ڕۆحەوە هاتووە، بەم شێوەیە فێرکردنی ڕۆحی بۆ کەسانی ڕۆحانی لێکدەدرێتەوە. 14 بەڵام کەسی سروشتی ئەوەی هی ڕۆحی خودایە وەریناگرێت، چونکە لەلای ئەو گێلایەتییە و ناتوانێت بیانزانێت، چونکە بە ڕۆح جیا دەکرێنەوە. 15 کەسی ڕۆحانی هەموو شتێک هەڵدەسەنگێنێت، کەچی کەس ناتوانێت ئەو هەڵبسەنگێنێت.

16 [کێ بیری یەزدانی زانی،
    کێ فێری دەکات؟][b]

بەڵام ئێمە بیری مەسیحمان هەیە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.