Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
8 1 ئینجا هەموو گەل وەک یەک کەس لە گۆڕەپانەکەی بەردەم دەروازەی ئاودا کۆبوونەوە و بە عەزرای مامۆستای تەوراتیان گوت، پەڕتووکی تەوراتی موسا بهێنێت کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو بۆ ئیسرائیل.
2 عەزرای کاهینیش پەڕتووکی تەوراتی هێنایە بەردەم کۆمەڵەکە، ژن و پیاو و هەموو ئەوانەی بە تێگەیشتنەوە گوێ دەگرن، لە ڕۆژی یەکەمی مانگی حەوت. 3 لە بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ، لەبەردەم گۆڕەپانەکەی پێش دەروازەی ئاو، بۆ ژن و پیاو و تێگەیشتووان خوێندییەوە، هەموو گەلیش گوێیان بۆ پەڕتووکی تەورات شل کردبوو.
5 عەزرا پەڕتووکەکەی لەبەرچاوی هەموو گەل کردەوە، چونکە لە سەرووی هەموو گەلەوە بوو، کە پەڕتووکەکەی کردەوە هەموو گەل هەستانە سەرپێ. 6 عەزرا ستایشی یەزدانی پەروەردگاری گەورەی کرد، هەموو گەلیش دەستیان بەرزکردەوە و وەڵامیان دایەوە: «ئامین! ئامین!» کڕنۆشیان بۆ یەزدان برد و سەریان خستە سەر زەوی.
8 بە ڕوونی پەڕتووکی تەوراتی خودایان خوێندەوە، واتاکەیان لێکدایەوە بۆ ئەوەی گەل لەوە تێبگات کە دەخوێنرایەوە.
9 پاشان نەحەمیا کە پارێزگار بوو لەگەڵ عەزرای کاهین و مامۆستای تەورات و ئەو لێڤییانەی گەلیان تێدەگەیاند بە هەموو گەلی گوت: «ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، لەبەر ئەوە شیوەن مەگێڕن و مەگریێن.» چونکە هەموو گەل کاتێک گوێیان لە وشەکانی تەورات بوو گریابوون.
10 ئینجا نەحەمیا پێی گوتن: «بڕۆن لە قەڵەوەکان بخۆن و لە شیرینەکان بخۆنەوە و بەشی ئەوانەش بنێرن کە بۆیان ئامادە نەکراوە. ئەمڕۆ پیرۆزە بۆ یەزدانمان، دڵتەنگ مەبن، چونکە خۆشی یەزدان هێزتانە.»
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
19 ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،
گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
2 ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،
شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
3 هیچ قسە و زمانێکیان نییە،
دەنگیان نابیسترێت،
4 بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،
وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.
لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
5 کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،
وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
6 لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و
دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،
هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.
7 فێرکردنی یەزدان تەواوە،
دەروون دەبووژێنێتەوە.
شەریعەتی[a] یەزدان جێی متمانەیە،
ساویلکە دەکەنە دانا.
8 ڕێنمایی یەزدان دروستە،
دڵ خۆش دەکات.
ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،
چاو ڕۆشن دەکات.
9 لەخواترسی بێگەردە،
هەتاهەتایە سەقامگیرە.
حوکمی یەزدان ڕاستە،
بە تەواوی ڕاستودروستە.
10 ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،
لە زێڕی بێگەردی زۆر،
لە هەنگوین شیرینترن،
لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
11 خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،
پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
12 کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟
گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
13 خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،
وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.
ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،
لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.
14 با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم
جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،
ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم[b].
یەک لەش و ئەندامی زۆر
12 هەروەک چۆن لەش یەکە و ئەندامی زۆری هەیە، هەموو ئەندامانی لەش لەگەڵ زۆرییان یەک لەشن، مەسیحیش بەم شێوەیەیە، 13 چونکە هەموومان بە یەک ڕۆح بۆ یەک جەستە لە ئاو هەڵکێشراین، جولەکە یان ناجولەکە، کۆیلە یان ئازاد، هەموومان یەک ڕۆحمان پێدرا تاکو بیخۆینەوە. 14 لەگەڵ ئەمەشدا لەشەکە یەک ئەندام نییە بەڵکو زۆرە.
15 ئەگەر قاچ بڵێت: «چونکە دەست نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟ 16 ئەگەر گوێ بڵێت: «چونکە چاو نیم، هی لەش نیم،» ئایا ئیتر هی لەش نامێنێت؟ 17 ئەگەر هەموو لەش چاو بووایە، ئەی کوا بیستن؟ ئەگەر هەمووی بیستن بووایە، ئەی کوا بۆن کردن؟ 18 بەڵام ئێستا خودا ئەندامانی دانا، هەر یەکێک لە لەشدا، وەک ویستی. 19 ئەگەر هەموو یەک ئەندام بووایە، کوا لەش؟ 20 جا ئێستا ئەندام زۆرن، بەڵام لەش یەکە.
21 چاو ناتوانێت بە دەست بڵێت: «پێویستیم پێت نییە.» یان سەر بە پێیەکان بڵێت: «پێویستیم پێتان نییە.» 22 بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەو ئەندامەی لەش کە لاوازتر دیارە ئەوا پێویستە، 23 ئەو ئەندامەی لەش کە وادەزانین ڕێزی کەمترە، زیاتر ڕێزی بۆ دادەنێین. ئەو ئەندامەی مایەی شەرمەزاریمانە ڕێزی تایبەتی لێ دەگرین، 24 بەڵام ئەو ئەندامانەی ڕێزدارن پێویستییان بەمە نییە. خوداش لەشی ڕێکخستووە، ڕێزی زیاتری داوەتە ئەندامی بێ ڕێز، 25 تاکو ناکۆکی لە لەشدا نەبێت، بەڵکو ئەندامەکان یەک بایەخ بە یەکتری بدەن. 26 ئەگەر ئەندامێک ئازاری هەبوو، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا ئازار دەچێژن، ئەگەر ئەندامێک ڕێزی لێنرا، هەموو ئەندامان لەگەڵیدا خۆشحاڵ دەبن.
27 ئێوە لەشی مەسیحن، هەریەکەتان ئەندامی ئەون. 28 خودا لە کڵێسادا خەڵکێکی دانا: یەکەم جار نێردراوان، دووەم پێغەمبەران، سێیەم فێرکاران، ئینجا پەرجووکاری، دوای ئەوە بەهرەکانی چاککردنەوە و توانای یارمەتیدان و بەڕێوەبردن و جۆرەها زمان. 29 ئایا هەموو نێردراون؟ هەموو پێغەمبەرن؟ هەموو فێرکارن؟ هەموو پەرجووکارن؟ 30 هەموو بەهرەی چاککردنەوەیان هەیە؟ هەموو بە زمانەکان دەدوێن؟ هەموو لێک دەدەنەوە[a]؟ 31 بەڵام تامەزرۆی بەهرەی باشتر بن.
ئێستاش باشترین ڕێگاتان پیشان دەدەم.
عیسا لە ناسیرە دەردەکرێ
14 عیسا بە هێزی ڕۆحی پیرۆزەوە گەڕایەوە جەلیل، ناوبانگی لە هەموو دێیەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە. 15 لە کەنیشتەکانیان فێری دەکردن و هەموو ستایشیان دەکرد.
16 هاتە ناسیرە کە لێی گەورە بووە، وەک نەریتی خۆی ڕۆژی شەممە چووە کەنیشت و بۆ خوێندنەوە هەستا. 17 پەڕتووکی[a] ئیشایا پێغەمبەریان دایێ و کردیەوە، ئەو شوێنەی دۆزییەوە کە تێیدا نووسراوە:
18 «[ڕۆحی یەزدان بەهێزم دەکات،
چونکە دەستنیشانی کردووم بۆ مژدەدان بە هەژاران،
منی ناردووە بۆ جاڕدانی ئازادی بەدیلگیراون،
هەروەها گەڕانەوەی بینایی بۆ کوێران،
بۆ ئازادکردنی ستەملێکراوان و
19 ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندی یەزدان.][b]»
20 ئینجا نووسراوە پیرۆزەکەی پێچایەوە، دایەوە خزمەتکارەکە و دانیشت. هەموو ئەوانەی لە کەنیشت بوون چاویان تێبڕی بوو. 21 دەستی کرد بە قسەکردن و گوتی: «ئەمڕۆ ئەم نووسراوە پیرۆزەی گوێتان لێبوو هاتە دی.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.