Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ستایشێکی داود.
145 بەرزت دەکەمەوە، ئەی خودایە، ئەی پاشا،
هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
2 هەموو ڕۆژێک ستایشت دەکەم،
هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەم.
3 یەزدان مەزنە و شایانی ستایشێکی زۆرە،
مەزنایەتی لە سەرووی تێگەیشتنە.
4 هەموو نەوەیەک بۆ نەوەی دوای خۆی شایەتی بۆ کارەکانت دەدات،
پاڵەوانیێتی تۆ ڕادەگەیەنن.
5 دەربارەی پایەبەرزی شکۆی پاشایەتیت دەدوێن،
هەروەها من لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە.
6 دەربارەی هێزی کردەوە سامناکەکانت دەدوێن،
منیش مەزنیت ڕادەگەیەنم.
7 یادی زۆری چاکەی تۆ هەڵدەڕێژن،
گۆرانی بەسەر ڕاستودروستیتدا دەڵێن.
8 یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە،
پشوودرێژە و پڕە لە خۆشەویستی نەگۆڕ.
9 یەزدان بۆ هەمووان چاکە،
بەزەییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
10 ئەی یەزدان، هەموو ئەوانەی دروستت کردوون ستایشت دەکەن،
خۆشەویستانت ستایشت دەکەن.
11 دەربارەی شکۆمەندی شانشینەکەت دەدوێن،
باسی پاڵەوانیێتی تۆ دەکەن،
12 تاکو پاڵەوانیێتیت لەلای هەموو ئادەمیزادێک زانراو بێت،
هەروەها پایەبەرزی شکۆی شانشینەکەت.
13 شانشینەکەت شانشینی هەموو سەردەمێکە،
فەرمانڕەوایەتیشت بەسەر هەموو نەوەکانەوەیە.
یەزدان لە هەموو بەڵێنەکانی دڵسۆزە،
خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
14 یەزدان پشتگیرە بۆ هەموو کەوتووەکان،
ڕاستکەرەوەیە بۆ هەموو ئەوانەی چەماونەتەوە.
15 چاوی هەمووان هیوای بە تۆیە،
تۆش لە کاتی خۆیدا خواردنیان دەدەیتێ.
16 دەستت دەکەیتەوە و
ئارەزووی هەموو زیندووێک تێر دەکەیت.
17 یەزدان لە هەموو ڕێگاکانی ڕاستودروستە،
خۆشەویستییەکەی بۆ هەموو ئەوانەیە کە دروستی کردوون.
18 یەزدان نزیکە لە هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە،
لە هەموو ئەوانەی بە ڕاستییەوە لێی دەپاڕێنەوە.
19 ئارەزووی هەموو ئەوانە بەجێدەهێنێت کە لێی دەترسن،
گوێی لە هاواریان دەبێت و ڕزگاریان دەکات.
20 یەزدان هەموو ئەوانە دەپارێزێت کە خۆشیان دەوێت،
بەڵام هەموو بەدکاران تەفروتونا دەکات.
21 دەمم بە ستایشی یەزدان دەدوێ،
با هەموو کەسێک ستایشی ناوی پیرۆزی بکات، هەتاهەتایە.
شکۆی داهاتوو بۆ سییۆن
54 «ئەی نەزۆک، گۆرانی بڵێ،
ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە،
ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە،
لە خۆشیدا هاوار بکە و گۆرانی بڵێ،
چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو
زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی،»
یەزدان دەفەرموێت.
2 «شوێنی ڕەشماڵەکانت فراوان بکە،
پەردەی نشینگەکانت لێک بکەرەوە،
دەست مەگێڕەوە،
گوریسەکانت درێژ بکە و
سنگەکانت توند بچەقێنە.
3 چونکە بەلای ڕاست و چەپدا پەل دەهاوێیت،
نەوەی تۆ نەتەوەکان دەردەکەن و
شارە وێرانەکان ئاوەدان دەکەنەوە.
4 «مەترسە چونکە ڕیسوا نابیت،
گاڵتەت پێ ناکرێت چونکە شەرمەزار نابیت.
ڕیسوایی سەردەمی گەنجیێتیت لەبیر دەکەیت،
ئیتر شورەیی بێوەژنیێتیت بەبیر نایەتەوە.
5 چونکە مێردی[a] تۆ دروستکەرەکەی تۆیە،
ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
ئەوەی دەتکڕێتەوە پیرۆزەکەی ئیسرائیلە،
پێی دەگوترێت خودای هەموو زەوی.
6 چونکە وەک ژنێکی بەجێماو و ڕۆح پڕ لە ژان
یەزدان بانگت دەکاتەوە،
وەک ژنێک کە لە گەنجیدا شووی کردبێت و ڕەتکرابێتەوە،»
خودات دەفەرموێت.
7 «بۆ ساتێکی کەم بەجێم هێشتیت،
بەڵام بە بەزەییەکی زۆرەوە کۆت دەکەمەوە.
8 بە زریانی تووڕەییەوە
بۆ ساتێک ڕووی خۆمم لێت داپۆشی،
بەڵام بە خۆشەویستی نەگۆڕی هەتاهەتایی بەزەییم پێتدا هاتەوە،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی دەتکڕێتەوە.
9 با خۆشەویستی بێ دووڕوویی بێت. ڕقتان لە خراپە بێت و بە چاکەوە بنووسێن. 10 بە خۆشەویستی برایانە بە دڵ یەکتریتان خۆشبوێ، لە خۆتان زیاتر ڕێز لە یەکتری بگرن. 11 سست مەبن لە دڵگەرمی، لە ڕۆح گەرم بن، خزمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ بکەن. 12 لە هیوا دڵشاد بن، لە تەنگانە ئارام بگرن، لە نوێژکردن پەیوەست بن، 13 بەشداری بکەن لە پێویستییەکانی گەلی پیرۆزی خودا، میوانداری خوشک و برا نامۆکان بکەن.
14 ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە داوای بەرەکەتیان بۆ بکەن. داوای بەرەکەت بکەن و نەفرەت مەکەن. 15 لەگەڵ دڵشادان دڵشاد بن، بگریێن لەگەڵ ئەوانەی دەگریێن. 16 سەبارەت بە یەکتری هاوبیر بن، بیر لە بڵندی مەکەنەوە، بەڵکو تێکەڵاوی پایەنزمەکان بن. خۆتان بە دانا دامەنێن.
17 خراپەی کەس بە خراپە مەدەنەوە. وریا بن لەبەردەمی هەموو خەڵک ئەوە بکەن کە بە چاک دەزانرێت. 18 بەپێی تواناتان هەوڵ بدەن کە لەگەڵ هەموو خەڵک بە ئاشتی بژین. 19 خۆشەویستان، خۆتان تۆڵە مەستێنن، بەڵکو ڕێ بە تووڕەیی خودا بدەن، چونکە نووسراوە: [یەزدان دەفەرموێ، تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم.][a] 20 بەڵام:
[ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی بدەرێ،
ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ.
بەمە پشکۆی داگیرساو لەسەر سەری[b] کەڵەکە دەکەیت.][c]
21 خراپە نەتبەزێنێت، بەڵکو بە چاکە خراپە ببەزێنە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.