Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
106 هەلیلویا!
ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
2 کێ باسی پاڵەوانیێتی یەزدان دەکات؟
کێ بە تەواوی ستایشی ئەو دەکات؟
3 خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی دادپەروەری پەیڕەو دەکەن،
ئەوانەی هەموو کاتێک بە ڕاستودروستی کار دەکەن.
4 ئەی یەزدان، لە کاتی ڕەزامەندیت لە گەلەکەت یادم بکەرەوە،
لە ڕزگارییەکەت بەسەرم بکەرەوە،
5 بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی هەڵبژێردراوانت ببینم،
بۆ ئەوەی بە دڵخۆشی نەتەوەکەت دڵخۆشبم،
بۆ ئەوەی لەگەڵ میراتەکەت شانازی بکەم.
6 ئێمە وەک باوباپیران گوناهمان کرد،
خراپەمان کرد و بەدکاریمان کرد.
7 کاتێک باوکانمان لە میسر بوون،
لە پەرجووەکانی تۆ تێنەگەیشتن،
یادی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی تۆیان نەکردەوە،
بەڵکو یاخی بوون لەلای دەریا، لەلای دەریای سوور[a]،
8 بەڵام لەبەر ناوی خۆی ڕزگاری کردن،
بۆ ئەوەی پاڵەوانیێتی بزانرێت.
9 لە دەریای سووری ڕاخوڕی، وشک بوو،
بە ناو قووڵاییەکەیدا بردنی، وەک لە بیابان.
10 لە دەست ناحەز ڕزگاری کردن،
لە دەست دوژمن کڕینیەوە.
11 ئاو دوژمنانی ئەوانەی داپۆشی،
کەسیان دەرباز نەبوون.
12 ئەوسا بڕوایان بە بەڵێنەکانی کرد،
گۆرانییان بۆ ستایشی گوت.
کچانی سەلۆفحاد
27 کچانی سەلۆفحادی کوڕی حێفەر کوڕی گلعاد کوڕی ماکیر کوڕی مەنەشە لە خێڵەکانی مەنەشەی کوڕی یوسف هاتنە پێش. ئەمەش ناوی کچەکانییەتی: مەحلە و نۆعا و حۆگلە و میلکە و تیرزە، 2 لەبەردەم موسا و ئەلعازاری کاهین و سەرۆکەکان و هەموو کۆمەڵ لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن وەستان و گوتیان: 3 «باوکمان لە بیابان مرد و لەو کۆمەڵەدا نەبوو کە لەگەڵ قۆرەح لە دژی یەزدان کۆبوونەوە، بەڵکو بە گوناهی خۆی مرد و هیچ کوڕی نەبوو. 4 بۆچی ناوی باوکمان لەنێو خێڵەکەی بسڕێتەوە لەبەر ئەوەی کوڕی نییە؟ لەنێو برایانی باوکمان موڵکمان بدەرێ.»
5 موساش داواکارییەکەی ئەوانی بردە بەردەم یەزدان. 6 جا یەزدان بە موسای فەرموو: 7 «کچانی سەلۆفحاد ڕاست دەڵێن. تۆش لەنێو برایانی باوکیان موڵکی میراتیان دەدەیتێ و میراتی باوکیان دەدرێتە ئەوان.
8 «بە نەوەی ئیسرائیلیش دەڵێیت: ”هەر پیاوێک مرد و کوڕی نەبوو میراتەکەی بۆ کچی دەبێت، 9 ئەگەر کچیشی نەبوو، میراتەکەی دەدەنە براکانی، 10 ئەگەر براشی نەبوو ئەوا میراتەکەی دەدەنە برایانی باوکی، 11 ئەگەر باوکیشی برای نەبوو ئەوا میراتەکەی دەدەنە نزیکترین کەسی لە خێڵەکەی و ئەو دەبێتە میراتگری. ئەمە بۆ نەوەی ئیسرائیل بووە فەرزێکی یاسایی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.“»
چاو چرای لەشە
33 «کەس چرا هەڵناکات و لە جێیەکی شاراوە یان لەژێر تەشت دایبنێت، بەڵکو لەسەر چرادان، تاکو ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن. 34 چاوت چرای جەستەتە. کاتێک چاوت ساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە، بەڵام کە نەساغ بێت ئەوا جەستەت هەمووی تاریکییە. 35 کەواتە ئاگاداربە ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە نەبێت بە تاریکی. 36 لەبەر ئەوە ئەگەر هەموو لەشت پڕبێت لە ڕووناکی و هیچ بەشێکی تاریکی تێدا نەبێت، ئەوا هەمووی پڕدەبێت لە ڕووناکی، وەک چرایەک کە بە تیشکی ڕووناکیت بۆ بدات.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.