Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
تاکە ڕزگارکەری ئیسرائیل
43 ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
بەدیهێنەرت، ئەی یاقوب،
شێوەکێشت، ئەی ئیسرائیل:
«مەترسە، چونکە تۆم کڕیوەتەوە،
بە ناوی خۆتەوە بانگم کردوویت، تۆ هی منیت.
2 کە بەناو ئاودا بپەڕیتەوە، من لەگەڵتدام،
بەناو ڕووبارەکانیشدا، نوقومت ناکەن.
بەناو ئاگردا بڕۆیت، داغ نابیت،
بڵێسەش ناتسووتێنێت،
3 چونکە من یەزدانم، خودای تۆم،
پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ڕزگارکەری تۆ.
میسرم کردووە بە کەفارەتی تۆ،
کوش و سەبا لە جێی تۆ.
4 لەبەر ئەوەی تۆ بەنرخ بوویت لەلام،
سەنگین بوویت و من خۆشم ویستیت،
لە جێی تۆ خەڵکی دەدەم،
لە جیاتی گیانت نەتەوەکان.
5 مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام.
لە ڕۆژهەڵاتەوە نەوەکانت دەهێنم و
لە ڕۆژئاواوە کۆت دەکەمەوە.
6 بە باکوور دەڵێم: ”بیاندەرێ!“ و
بە باشووریش: ”مەیانگرە!“
کوڕانم لە دوورەوە بهێنە و
کچانم لەوپەڕی زەوییەوە.
7 هەموو ئەوانەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێن،
بۆ شکۆمەندیی خۆم بەدیم هێناون،
شێوەم کێشاون و دروستم کردوون.»
زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».
29 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
2 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
3 دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
4 دەنگی یەزدان بە هێزە،
دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
5 دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
6 وا دەکات لوبنان[a] وەک گوێرەکە ڕابکات و
حەرمۆنیش[b] وەک جوانەگای کێوی.
7 دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
بە بروسکە و تریسکەوە.
8 دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
یەزدان بیابانی قادێش[c] دەلەرزێنێت.
9 دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»
10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.
14 کاتێک نێردراوان لە ئۆرشەلیم بیستیان سامیرە پەیامی خودای قبوڵ کردووە، پەترۆس و یۆحەنایان بۆ ناردن. 15 کاتێک هاتن، نوێژیان بۆ کردن تاکو ڕۆحی پیرۆز وەربگرن، 16 چونکە هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەهاتبووە سەر کەسیان، تەنها بە ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئاو هەڵکێشرابوون. 17 جا پەترۆس و یۆحەنا دەستیان لەسەر دانان و ڕۆحی پیرۆزیان وەرگرت.
15 گەل لە چاوەڕوانیدا بوون، هەموو لە دڵی خۆیاندا دەربارەی یەحیا لێکیان دەدایەوە کە لەوانەیە یەحیا خۆی مەسیح بێت. 16 یەحیا وەڵامی هەمووانی دایەوە: «من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک دێت لە من بەتواناترە، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت[a]. 17 شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی[b]، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش[c] بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
لەئاوهەڵکێشانی عیسا
21 کاتێک گەل هەموو لە ئاو هەڵکێشران، عیساش لە ئاو هەڵکێشرا، کە نوێژی دەکرد ئاسمان کرایەوە، 22 ڕۆحی پیرۆز لە شێوەی جەستەی کۆترێک لەسەری نیشتەوە، دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «تۆ کوڕی خۆشەویستمی، بە تۆ زۆر دڵشادم.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.