Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».
29 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
2 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
3 دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
4 دەنگی یەزدان بە هێزە،
دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
5 دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
6 وا دەکات لوبنان[a] وەک گوێرەکە ڕابکات و
حەرمۆنیش[b] وەک جوانەگای کێوی.
7 دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
بە بروسکە و تریسکەوە.
8 دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
یەزدان بیابانی قادێش[c] دەلەرزێنێت.
9 دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»
10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.
وەرزێک بۆ هەر شتێک
3 هەر شتێک وەرزی خۆی هەیە،
هەر چالاکییەک لەسەر زەوی کاتی خۆی هەیە:
2 لەدایکبوون کاتی خۆی هەیە و مردنیش کاتی خۆی.
چاندن کاتی خۆی هەیە و هەڵکێشانی چێنراویش کاتی خۆی.
3 کوشتن کاتی خۆی هەیە و چاکبوونەوەش کاتی خۆی،
ڕووخاندن کاتی خۆی هەیە و بنیادنانیش کاتی خۆی.
4 گریان کاتی خۆی هەیە و پێکەنینیش کاتی خۆی.
شیوەن گێڕان کاتی خۆی هەیە و سەماکردن کاتی خۆی،
5 بەرد بڵاوکردنەوە کاتی خۆی هەیە و بەرد کۆکردنەوە کاتی خۆی،
لەئامێزگرتن کاتی خۆی هەیە و لەئامێزنەگرتنیش کاتی خۆی،
6 کۆڵدان کاتی خۆی هەیە و کۆڵنەدان کاتی خۆی،
پارێزگاریکردن کاتی خۆی هەیە و فڕێدان کاتی خۆی،
7 دڕاندن کاتی خۆی هەیە و دوورینەوە کاتی خۆی،
بێدەنگی کاتی خۆی هەیە و قسەکردن کاتی خۆی،
8 خۆشویستن کاتی خۆی هەیە و ڕق کاتی خۆی،
جەنگ کاتی خۆی هەیە و ئاشتی کاتی خۆی.
9 کرێکار چی بۆ دەمێنێتەوە لەوەی خۆی پێوە ماندوو دەکات؟ 10 ئەو بارەم بینی کە خودا داویەتی بە ئادەمیزاد هەتا هەڵیبگرن. 11 خودا هەموو شتێکی دروستکرد کە لە کاتی خۆیدا جوان بێت، هەروەها وای کرد مرۆڤ هەستی ژیانی هەتاهەتایی هەبێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا کەس ناتوانێت لە بنجوبنەوانی کاری خودا بگات، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی. 12 جا زانیم کە لەوە باشتر نییە بۆ مرۆڤ کە پێی دڵخۆش بێت و چاکە بکات لە ژیانیدا. 13 هەروەها کە هەموو مرۆڤێک بخوات و بخواتەوە و چێژ لە هەموو ماندووبوونەکەی ببینێت، ئەوە دیاری خودایە. 14 زانیم کە هەموو ئەوەی خودا ئەنجامی دەدات بۆ هەتاهەتایە، هیچی بۆ زیاد ناکرێت و هیچیشی کەم ناکرێتەوە. خودا کردوویەتی بۆ ئەوەی خەڵک لێی بترسن.
15 ئەوەی هەیە پێشتر هەبووە،
ئەوەش کە دەبێت پێشتر بووە،
خوداش لێپرسینەوە لەسەر ڕابردوو دەکات.
11 چ مرۆڤێک دەزانێت مرۆڤ چی تێدایە، جگە لە ڕۆحی مرۆڤ کە لەناویدایە؟ بەم شێوەیە کەس نازانێت خودا چی تێدایە ڕۆحی خودا نەبێت. 12 ئێمەش ڕۆحی جیهانمان وەرنەگرتووە، بەڵکو ئەو ڕۆحەی لە خوداوەیە، تاکو لەو شتانە تێبگەین کە خودا بەخۆڕایی پێی بەخشیوین. 13 ئەوەی باسی دەکەین لە دانایی مرۆڤەوە نەهاتووە، بەڵکو لە فێرکردنی ڕۆحەوە هاتووە، بەم شێوەیە فێرکردنی ڕۆحی بۆ کەسانی ڕۆحانی لێکدەدرێتەوە. 14 بەڵام کەسی سروشتی ئەوەی هی ڕۆحی خودایە وەریناگرێت، چونکە لەلای ئەو گێلایەتییە و ناتوانێت بیانزانێت، چونکە بە ڕۆح جیا دەکرێنەوە. 15 کەسی ڕۆحانی هەموو شتێک هەڵدەسەنگێنێت، کەچی کەس ناتوانێت ئەو هەڵبسەنگێنێت.
16 [کێ بیری یەزدانی زانی،
کێ فێری دەکات؟][a]
بەڵام ئێمە بیری مەسیحمان هەیە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.