Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 29

زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».

29 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
    ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
    کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.

دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
    خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
    یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
دەنگی یەزدان بە هێزە،
    دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
    یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
وا دەکات لوبنان[a] وەک گوێرەکە ڕابکات و
    حەرمۆنیش[b] وەک جوانەگای کێوی.
دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
    بە بروسکە و تریسکەوە.
دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
    یەزدان بیابانی قادێش[c] دەلەرزێنێت.
دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
    دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»

10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
    یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
    یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.

ژیرمەندی 2:1-11

شادی بێ واتایە

من لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئێستا وەرە با بە شادی تاقیت بکەمەوە، جا چاکە دەبینیت!» بەڵام ئەمیش بووە شتێکی بێ واتا. لەبارەی پێکەنینەوە گوتم: «گێلایەتییە، ئەی شادی دەتگەیەنێتە چی؟» هەوڵم دا ڕۆحی خۆم بە شەراب شاد و گێل بکەم، لەو کاتەی کە هێشتا بیرم بە دانایی ڕێنمایی دەکردم. ویستم ببینم چی بۆ مرۆڤ باشە کە بە درێژایی ڕۆژانی ژیانی لەژێر ئاسماندا بیکات.

کاری مەزنم ئەنجام دا، چەندین ماڵم بۆ خۆم بنیاد نا، چەندین ڕەزم بۆ خۆم چاند، باخ و بێستانم دروستکرد، لەناویاندا هەموو جۆرە دارێکی بەردارم چاند. حەوزی ئاوم دروستکرد هەتا لەوێوە دارستانە سەوزەکان ئاو بدەم. کۆیلە و کەنیزەم کڕی و چەند کۆیلەیەکی دیکەشم هەبوو کە لە ماڵەکەم لەدایک ببوون. هەروەها سەرمایەی مەڕ و مانگام زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون. زێڕ و زیو و گەنجینەی پاشاکان و هەرێمەکانم بۆ خۆم کۆکردەوە، چەندین ژن و پیاوی گۆرانیبێژ و کەنیزەم بۆ خۆم دانا. ئەوەی چێژ بداتە مرۆڤ بۆ خۆم دامنا. مەزن و پایەدارتر بووم لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەر بە دانایی مامەوە.

10 هەرچی چاوم خواستی ڕێم لێ نەگرت،
    ئەوەی دڵم پێی خۆش بوو کردم.
دڵم بە هەموو ماندووبوونەکەم خۆش بوو،
    ئەمەش پاداشتی هەموو ماندووبوونەکەم بوو.
11 بەڵام کاتێک سەیری هەموو کارەکانی دەستی خۆمم کرد،
    لەوانەی کە پێیانەوە ماندوو ببووم،
بینیم هەمووی بێ واتا بوون وەک گڤەی با.
    لەسەر زەوی هیچت بۆ نامێنێتەوە.

یەکەم کۆرنسۆس 2:1-10

مژدەی مەسیحی لەخاچدراو

ئەی خوشک و برایان، منیش کاتێک هاتمە لاتان، بە قسەی گەورە یان دانایی نەهاتم شایەتی[a] خودا ڕابگەیەنم، چونکە بڕیارم دا لەنێوتاندا هەموو شتێک لەبیر بکەم، بێجگە لە عیسای مەسیح، ئەویش بە لە خاچ دراوی. منیش بە لاوازی و ترس و لەرزێکی زۆرەوە لەلاتان بووم. کاتێک مزگێنی و وتارم پێدەدان، قسەی داناییانە و قایلکردنم بەکارنەدەهێنا، بەڵکو پشتم بە بەڵگەی هێزی ڕۆحی پیرۆز دەبەست، تاکو باوەڕتان بە دانایی مرۆڤ نەبێت، بەڵکو باوەڕتان بە هێزی خودا هەبێت.

دانایی خودا

ئێمە لەنێو پێگەیشتوواندا بە دانایی دەدوێین، بەڵام داناییەک نە لەم دنیایەوەیە و نە لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایەوەیە، کە لەناودەچن. بەڵکو باسی دانایی خودا دەکەین کە نهێنییە، شاراوە بوو، ئەوەی خودا لە ئەزەلەوە بۆ شکۆی ئێمەی داناوە. هیچ کام لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایە تێنەگەیشتن، چونکە ئەگەر تێبگەیشتنایە، مەسیحی خاوەن شکۆیان لە خاچ نەدەدا. بەڵکو وەک نووسراوە:

[ئەوەی هیچ چاوێک نەیبینیوە،
    هیچ گوێیەک نەیبیستووە و
بە بیری مرۆڤدا نەهاتووە،
    ئەوەی خودا ئامادەی کردووە بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت.][b]

10 بەڵام خودا بەهۆی ڕۆحی خۆی بۆی ئاشکرا کردین.

ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شتێک دەکۆڵێتەوە، تەنانەت لە قووڵایی ناخی خوداش دەکۆڵێتەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.