Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 29

زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».

29 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
    ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
    کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.

دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
    خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
    یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
دەنگی یەزدان بە هێزە،
    دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
    یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
وا دەکات لوبنان[a] وەک گوێرەکە ڕابکات و
    حەرمۆنیش[b] وەک جوانەگای کێوی.
دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
    بە بروسکە و تریسکەوە.
دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
    یەزدان بیابانی قادێش[c] دەلەرزێنێت.
دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
    دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»

10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
    یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
    یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.

ژیرمەندی 1:1-11

هەرچی هەیە بێ واتایە

وتەکانی وتاربێژی ژیرمەند، کوڕی داود، پاشا لە ئۆرشەلیم:

وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت:
    «بێ واتای بێ واتایان!
بێ واتا هەر بێ واتایە!
    هەرچی هەیە بێ واتایە.»

مرۆڤ لە هەموو ماندووبوونەکەی چی بۆ دەمێنێتەوە،
    کە لەسەر زەوی[a] پێوەی ماندوو دەبێت؟
نەوەیەک دێت و نەوەیەک دەڕوات،
    بەڵام زەوی هەتاهەتایە هەر هەیە.
خۆر هەڵدێت و خۆرئاوا دەبێت،
    بە پەلەیە بۆ شوێنەکەی لەوێوە هەڵدێت.
با هەڵدەکات بەرەو باشوور و
    دەسووڕێتەوە بەرەو باکوور،
دەسووڕێتەوە و دەسووڕێتەوە،
    هەمیشە بۆ خولگەکەی خۆی دەگەڕێتەوە.
هەرچەندە هەموو ڕووبارەکان بەرەو دەریا دەچن،
    بەڵام دەریا هەر پڕ نابێت.
ڕووبارەکان بۆ شوێنەکەی خۆیان دەچنەوە،
    بۆ ئەوێ دەڕۆن و دەگەڕێنەوە.
هەموو شتەکان ماندووکەرن،
    مرۆڤ ناتوانێت دەریانببڕێت.
چاو لە سەیرکردن تێر نابێت و
    گوێ لە بیستن پڕ نابێت.
ئەوەی بووە هەر ئەو دەبێت،
    ئەوەی کراوە هەر ئەو دەکرێت،
    هیچی نوێ لەسەر زەوی نییە.
10 هیچ شتێک نییە کە بگوترێت:
    «سەیر بکە، ئەمە نوێیە!»
لە دێرزەمانەوە هەر بووە،
    لە سەردەمانی پێش ئێمەوە.
11 کەس یادی نەوەکانی پێشوو ناکاتەوە،
    تەنانەت نەوەکانی داهاتووش
نایەنەوە یادی
    ئەوانەی کە لەپاش ئەوان دێن.

یەکەم کۆرنسۆس 1:18-31

مەسیح دانایی و توانای خودایە

18 پەیامی خاچ بۆ لەناوچووان گێلایەتییە، بەڵام بۆ ئێمەی ڕزگاربووان هێزی خودایە. 19 لەبەر ئەوەی نووسراوە:

[دانایی داناکان لەناودەبەم،
    تێگەیشتنی تێگەیشتووان بەلاوە دەنێم.][a]

20 کوا دانا؟ کوا مامۆستای تەورات؟ کوا کەسی بە دەموزاری ئەم دنیایە؟ ئایا خودا دانایی ئەم جیهانەی نەکردووەتە گێلایەتی؟ 21 خودا بە دانایی خۆی، مەبەستی بوو کە خەڵک بیناسێت، نەک لە ڕێگەی دانایی جیهانەوە، بەڵکو خودا ویستی لە ڕێگەی مزگێنییەوە باوەڕداران ڕزگار بکات، ئەو مزگێنییەی خەڵکانێک بە گێلایەتی دەزانن. 22 جولەکە داوای نیشانە دەکەن و یۆنانی هەوڵی دانایی دەدەن، 23 بەڵام ئێمە مەسیحی لەخاچدراو جاڕدەدەین، بۆ جولەکە کۆسپە و بۆ نەتەوەکان گێلایەتییە، 24 بەڵام بۆ بانگکراوان، جولەکە و ناجولەکە، مەسیح هێزی خودا و دانایی خودایە، 25 چونکە گێلایەتی خودا لە مرۆڤ داناترە، لاوازی خودا لە مرۆڤ بەهێزترە.

26 ئەی خوشک و برایان، بیربکەنەوە چۆن بوون کاتێک خودا بانگی کردن. بەپێی پێوانە مرۆییەکان کەمتان دانا بوون، هەروەها کەم کەستان توانادار و لە بنەماڵەی ناودار بوون. 27 بەڵام خودا ئەوانەی هەڵبژارد کە بەلای جیهانەوە گێلن، تاکو داناکان شەرمەزار بن، لاوازەکانی هەڵبژارد تاکو بەهێزەکان شەرمەزار بن. 28 خودا پایەنزمەکانی جیهان و ڕق لێبووەوە و ئەوانەی هەڵبژارد کە هیچ نەبوون، تاکو ئەوانە لەناوببات کە خۆیان بە شت دەزانن، 29 تاکو هیچ مرۆڤێک[b] لەبەردەم خودا شانازی نەکات. 30 بەڵام ئێوە بەهۆی خوداوە لەگەڵ عیسای مەسیحدا بوونە یەک، کە خودا بۆ ئێمەی کرد بە دانایی و ڕاستودروستی و پیرۆزکردن و کڕینەوە.[c] 31 تاکو وەک ئەوەی نووسراوە: [ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە یەزدانەوە بکات.][d]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.