Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سلێمان.
72 ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا،
ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.
2 با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات،
بە دادپەروەریش هەژارەکانت.
3 با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن،
گردەکان ڕاستودروستی.
4 با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات،
کوڕی نەداران ڕزگار بکات،
زۆرداران وردوخاش بکات.
5 با وەک خۆر بمێنێت،
وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.
6 وەک باران بەسەر گیادا ببارێت،
وەک هەور زەوی ئاو بدات،
7 ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن،
ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.
8 لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات،
لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.
9 بیاباننشینەکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
ناحەزانی تۆز دەلێسنەوە.
10 پاشاکانی تەرشیش[a] و دوورگە دوورەکان سەرانە دەنێرن،
پاشاکانی شەبا و سەبا[b] دیاری بۆ دێنن.
11 هەموو پاشاکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
هەموو نەتەوەکان خزمەتی دەکەن.
12 چونکە نەدار هاواری بۆ ببات، دەربازی دەکات،
چەوسێنراوەش کە یارمەتیدەری نییە.
13 بەزەیی بە لاواز و نەداردا دێتەوە،
گیانی نەدارەکان ڕزگار دەکات،
14 گیانیان لە ستەم و توندوتیژی دەکڕێتەوە،
خوێنی ئەوان لەلای بەنرخە.
15 تەمەن درێژ بێت!
با لە زێڕی شەبای پێبدرێت،
با هەمیشە خەڵک نزای بۆ بکەن،
با بە درێژایی ڕۆژ داوای بەرەکەتی بۆ بکەن.
16 با دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی بێت،
لەسەر لووتکەی گردەکان،
بەرهەمی وەک لوبنان بشەکێتەوە،
با ئەوانەی لە شارەکانن وەک گیای کێڵگە چرۆ بکەن.
17 با هەتاهەتایە ناوی بمێنێت،
هەتا خۆر مابێت ناوی بەردەوام بێت.
هەموو نەتەوەکان لەوەوە بەرەکەتدار بن،
هەمووان خۆزگەی پێ بخوازن.
18 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگار، خودای ئیسرائیل،
بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.
19 هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری،
با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات.
ئامین و ئامین.
20 لێرەدا نوێژەکانی داودی کوڕی یەسا تەواو بوون.
10 دوای ئەوەی ئەیوب لە پێناوی هاوڕێیەکانی پاڕایەوە، یەزدان ئەوەی هی ئەیوب بوو بۆی گەڕاندەوە، بە دووقاتیش ئەوەی هەیبوو بۆی زیاد کرد. 11 ئەو کاتە هەموو خوشک و برا و ناسیاوەکانی پێشووی بۆ لای هاتن و لە ماڵەکەی نانیان لەگەڵی خوارد. سەرەخۆشییان لێکرد و دڵیان دایەوە لەسەر هەموو ئەو خراپەیەی یەزدان بەسەریدا هێنا، هەریەکەش پارچە زیوێک و ئەنگوستیلەیەکی زێڕیان پێ بەخشی.
12 یەزدان بەشی کۆتایی ژیانی ئەیوبی لە ژیانی ڕابردووی زیاتر بەرەکەتدار کرد، ئەیوبیش چواردە هەزار سەر مەڕ و شەش هەزار وشتر و هەزار جووت مانگا و هەزار ماکەری هەبوو. 13 هەروەها حەوت کوڕ و سێ کچیشی هەبوو. 14 کچی یەکەمی ناونا، یەمیما و دووەم قەچیعا و سێیەم قەرەن هەپوک. 15 لە هەموو خاکەکەشدا هیچ ئافرەتێک وەک کچەکانی ئەیوب جوان نەبوون، باوکیشیان لەنێو براکانیان میراتی پێدان.
16 ئەیوبیش پاش ئەوەی کە چاک بووە، سەد و چل ساڵ ژیا و چوار نەوەی خۆی بینی. 17 ئیتر ئەیوب تێری لە تەمەن خوارد و پیر بوو، پاشان مرد.
ئاگاداربن چۆن گوێ دەگرن
16 «کەس چرا هەڵناکات و بە تەشت دایپۆشێت، یان لەژێر نوێن دابنێت، بەڵکو لەسەر چرادانی دادەنێت، تاکو ئەوانەی دێنە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینن، 17 چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە نەزانرێت و دەرنەکەوێت. 18 کەواتە ئاگاداربن چۆن گوێ دەگرن، چونکە ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، ئەوەش کە نییەتی، تەنانەت ئەوەشی کە ئەو بە هی خۆی دەزانێت لێی دەسەنرێتەوە.»
19 ئینجا دایک و براکانی عیسا هاتنە لای، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیانتوانی بگەنە لای. 20 پێی گوترا: «دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ بتبینن.»
21 وەڵامی دانەوە: «دایک و براکانم ئەوانەن کە گوێ لە پەیامی خودا دەگرن و کاری پێدەکەن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.