Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
12 ئەی ئۆرشەلیم، ستایشی یەزدان بکە،
ئەی سییۆن، ستایشی خودات بکە.
13 یەزدان شمشیرەی[a] دەروازەکانت بەهێز دەکات،
کوڕەکانت لەناو خۆت بەرەکەتدار دەکات.
14 لە سنوورەکانت ئاشتی بەرقەرار دەکات،
لە باشترین گەنم تێرت دەکات.
15 فەرمانەکەی بۆ سەر زەوی دەنێرێت،
پەیامی ئەو زوو دێتەجێ.
16 بەفر وەک خوری دەبارێنێت،
زوقم وەک خۆڵەمێش بڵاو دەکاتەوە.
17 تەرزە وەک نانەڕەق فڕێدەدا.
کێ لە ڕووی سەرمای ئەو خۆی ڕادەگرێت؟
18 پەیامی خۆی دەنێرێت و دەیانتوێنێتەوە.
بای خۆی هەڵدەکات و ئاو بەڕێدەکەوێت.
19 پەیامی خۆی بە یاقوب ڕادەگەیەنێت،
فەرز و حوکمەکانی بە ئیسرائیل.
20 ئەمەی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەکردووە،
حوکمەکانی ئەویان نەزانیوە.
هەلیلویا!
پێشەکی: ئامانج و بابەت
1 پەندەکانی سلێمانی کوڕی داود، پاشای ئیسرائیل،
2 بۆ زانینی دانایی و تەمبێکردن،
بۆ پەیبردن بە وشەکانی تێگەیشتن،
3 بۆ وەرگرتنی تەمبێکردن و وریایی،
ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی،
4 بۆ بەخشینی ژیری بە ساویلکە،
بە لاویش زانیاری و سەلیقە[a].
5 دانا گوێی لێ دەگرێت و فێربوونی زیاد دەبێت،
تێگەیشتووش ڕاوێژی باشی دەست دەکەوێت،
6 بۆ تێگەیشتنی پەند و نموونە،
قسەی دانایان و مەتەڵەکانیان.
7 لەخواترسی سەرەتای زانیارییە،
بەڵام گێلەکان سووکایەتی بە دانایی و تەمبێکردن دەکەن.
دانایی خودایی
13 کێ لەنێوتاندا دانا و تێگەیشتووە؟ با بە ڕەوشتی باشی کردارەکانی پیشان بدات کە بە بێفیزییەک کە لە داناییەوە سەرچاوەی گرتبێت. 14 بەڵام ئەگەر چاوپیسی تاڵ و خۆپەرستیتان لە دڵدا بوو، شانازی مەکەن یان نکۆڵی لە ڕاستی مەکەن. 15 ئەم داناییە لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە، بەڵکو دنیایی و مرۆڤانە و شەیتانییە، 16 چونکە چاوپیسی و خۆپەرستی لەکوێ بێت، گێرەشێوێنی و هەموو کارێکی خراپ لەوێیە.
17 بەڵام ئەو داناییەی لە ئاسمانەوەیە، لەپێش هەموو شتێک پاکە، دواتر ئاشتیخوازە، خۆنەویستە، گوێڕایەڵە، پڕ لە بەزەییە و بەروبوومی چاکە، لایەنگر نییە، دووڕوو نییە. 18 ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی دەچێنن و بەرهەمەکەی ڕاستودروستی دەبێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.