Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 147:12-20

12 ئەی ئۆرشەلیم، ستایشی یەزدان بکە،
    ئەی سییۆن، ستایشی خودات بکە.

13 یەزدان شمشیرەی[a] دەروازەکانت بەهێز دەکات،
    کوڕەکانت لەناو خۆت بەرەکەتدار دەکات.
14 لە سنوورەکانت ئاشتی بەرقەرار دەکات،
    لە باشترین گەنم تێرت دەکات.

15 فەرمانەکەی بۆ سەر زەوی دەنێرێت،
    پەیامی ئەو زوو دێتەجێ.
16 بەفر وەک خوری دەبارێنێت،
    زوقم وەک خۆڵەمێش بڵاو دەکاتەوە.
17 تەرزە وەک نانەڕەق فڕێدەدا.
    کێ لە ڕووی سەرمای ئەو خۆی ڕادەگرێت؟
18 پەیامی خۆی دەنێرێت و دەیانتوێنێتەوە.
    بای خۆی هەڵدەکات و ئاو بەڕێدەکەوێت.

19 پەیامی خۆی بە یاقوب ڕادەگەیەنێت،
    فەرز و حوکمەکانی بە ئیسرائیل.
20 ئەمەی لەگەڵ هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەکردووە،
    حوکمەکانی ئەویان نەزانیوە.

هەلیلویا!

یەکەم پاشایان 3:5-14

لە گبعۆن یەزدان لە خەونی شەودا بۆ سلێمان دەرکەوت، خودا پێی فەرموو: «داوا بکە چیت پێ بدەم؟»

سلێمانیش گوتی: «تۆ لەگەڵ خزمەتکارەکەت، لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە، بەو شێوەیەی لەبەردەمت هەڵسوکەوتی کرد، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی و دڵڕاستی لەگەڵت. جا ئەم چاکە گەورەیەت بۆ لەبەرچاو گرت و کوڕێکت پێیدا هەتا لەسەر تەختەکەی دابنیشێت وەک ئەمڕۆ.

«ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ خزمەتکارەکەتت کردووە بە پاشا لە جێی داودی باوکم، منیش مێردمنداڵێکی بچووکم و شارەزاییم لە ڕابەرایەتیکردن نییە. خزمەتکارەکەشت لەنێو گەلەکەتدایە ئەوەی هەڵتبژاردووە و ئەو گەلەش گەلێکی زۆرن و لە زۆریدا لە ژمارە نایەن. ئینجا دڵێکی تێگەیشتووم پێبدە بۆ ئەوەی فەرمانڕەوایەتی گەلەکەت بکەم، تاکو جیاوازی بکەم لەنێوان چاکە و خراپە، چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟»

10 ئەم قسەیە لەلای پەروەردگار باش بوو، کە سلێمان داوای ئەم شتەی کرد. 11 ئینجا خودا پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی نە ڕۆژگاری زۆرت داوا کرد و نە دەوڵەمەندی بۆ خۆت و نە مەرگی دوژمنەکانت، بەڵکو لێک جیاکردنەوە بۆ تێگەیشتنی دادپەروەری، 12 ئەوا من بەپێی داواکارییەکەی تۆ دەکەم. دڵێکی وا دانات پێ دەبەخشم شت لێک جیا بکاتەوە، کە کەس لەمەوبەر وەک تۆ نەبووبێت و لە داهاتووشدا کەسێکی وەک تۆ هەڵناکەوێت. 13 هەروەها ئەوەی داواشت نەکردبوو پێم بەخشیت، دەوڵەمەندی و پایەداری بە جۆرێک کە بە درێژایی ژیانت هیچ پیاوێک لەناو پاشایان وەک تۆی نەبێت. 14 جا ئەگەر بە ڕێگای مندا بڕۆیت بەوەی وەک داودی باوکت فەرز و فەرمانەکانم بەجێبهێنیت، درێژە بە ڕۆژگارت دەدەم.»

یۆحەنا 8:12-19

من ڕووناکی جیهانم

12 دیسان عیسا قسەی بۆ کردن و فەرمووی: «منم ڕووناکی جیهان. ئەوەی دوام بکەوێت هەرگیز بە تاریکیدا ناڕوات، بەڵکو ڕووناکی ژیانی دەبێت.»

13 ئینجا فەریسییەکان پێیان گوت: «تۆ شایەتی بۆ خۆت دەدەیت. شایەتییەکەت ڕاست نییە.»

14 عیساش پێی فەرموون: «تەنانەت ئەگەر من شایەتی بۆ خۆم بدەم، شایەتییەکەم ڕاستە، چونکە دەزانم لەکوێوە هاتووم و بۆ کوێ دەڕۆم. بەڵام ئێوە نازانن من لەکوێوە هاتووم یان بۆ کوێ دەڕۆم. 15 ئێوە بەگوێرەی پێوانەکانی مرۆڤ حوکم دەدەن، بەڵام من کەس حوکم نادەم. 16 ئەگەر حوکمیش بدەم حوکمدانەکەم ڕاستە، چونکە بە تەنها نیم، بەڵکو من و باوکین، ئەوەی ناردوومی. 17 لە تەوراتی ئێوەشدا نووسراوە کە شایەتی دوو کەس ڕاستە. 18 منم شایەتی بۆ خۆم دەدەم، ئەو باوکەش کە منی ناردووە شایەتیم بۆ دەدات.»

19 ئەوسا لێیان پرسی: «باوکت لەکوێیە؟»

عیسا وەڵامی دایەوە: «نە من دەناسن و نە باوکیشم. ئەگەر منتان بناسیایە باوکی منیشتان دەناسی.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.