Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
148 هەلیلویا!
ستایشی یەزدان بکەن، لە ئاسمان،
لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.
2 ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن،
ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن.
3 ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن،
ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.
4 ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن،
ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.
5 با ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.
6 هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن،
فەرزی داناوە بەسەرناچێت.
7 لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن،
ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،
8 ئاگر و تەرزە، بەفر و تەم،
ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،
9 چیاکان و هەموو گردەکان،
داری بەردار و هەموو ئورزەکان،
10 گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ،
خشۆک و باڵدار،
11 پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان،
میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،
12 گەنجان و کچان،
پیران و منداڵان.
13 با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە،
شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.
14 پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە،
تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن،
نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن.
هەلیلویا.
شکۆی داهاتوو بۆ سییۆن
54 «ئەی نەزۆک، گۆرانی بڵێ،
ئەی ئەوەی منداڵت نەبووە،
ئەی ئەوەی ژانت نەگرتووە،
لە خۆشیدا هاوار بکە و گۆرانی بڵێ،
چونکە منداڵی ژنی بەجێهێڵراو
زیاترن لەوەی مێردی لەگەڵیەتی،»
یەزدان دەفەرموێت.
2 «شوێنی ڕەشماڵەکانت فراوان بکە،
پەردەی نشینگەکانت لێک بکەرەوە،
دەست مەگێڕەوە،
گوریسەکانت درێژ بکە و
سنگەکانت توند بچەقێنە.
3 چونکە بەلای ڕاست و چەپدا پەل دەهاوێیت،
نەوەی تۆ نەتەوەکان دەردەکەن و
شارە وێرانەکان ئاوەدان دەکەنەوە.
4 «مەترسە چونکە ڕیسوا نابیت،
گاڵتەت پێ ناکرێت چونکە شەرمەزار نابیت.
ڕیسوایی سەردەمی گەنجیێتیت لەبیر دەکەیت،
ئیتر شورەیی بێوەژنیێتیت بەبیر نایەتەوە.
5 چونکە مێردی[a] تۆ دروستکەرەکەی تۆیە،
ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
ئەوەی دەتکڕێتەوە پیرۆزەکەی ئیسرائیلە،
پێی دەگوترێت خودای هەموو زەوی.
6 چونکە وەک ژنێکی بەجێماو و ڕۆح پڕ لە ژان
یەزدان بانگت دەکاتەوە،
وەک ژنێک کە لە گەنجیدا شووی کردبێت و ڕەتکرابێتەوە،»
خودات دەفەرموێت.
7 «بۆ ساتێکی کەم بەجێم هێشتیت،
بەڵام بە بەزەییەکی زۆرەوە کۆت دەکەمەوە.
8 بە زریانی تووڕەییەوە
بۆ ساتێک ڕووی خۆمم لێت داپۆشی،
بەڵام بە خۆشەویستی نەگۆڕی هەتاهەتایی بەزەییم پێتدا هاتەوە،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی دەتکڕێتەوە.
9 «چونکە ئەمە وەک لافاوی نوحە بۆ من
ئەوەی سوێندم خوارد، کە لافاوەکەی نوح جارێکی دیکە بەسەر زەویدا تێنەپەڕێت.
ئاوا سوێندم خوارد، کە لێت تووڕە نەبم و
لێت ڕانەخوڕم.
10 هەرچەندە چیاکان نامێنن و
گردەکان دەهەژێن،
بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی من بۆ تۆ دەمێنێت و
پەیمانی ئاشتیم ناهەژێت،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی بەزەیی پێتدا دێتەوە.
11 «ئەی شارە زەلیلەکە، زریان لێداوەکە، دڵنەوایی نەکراوەکە،
ئەوەتا من بەردەکانت بە بەردە پیرۆزە[b] لەسەر ڕیز دەکەم،
بە یاقووتی شین[c] داتدەمەزرێنم.
12 قوللەکانت دەکەم بە یاقووت[d] و
دەروازەکانیشت بە بەردی پڕشنگدار،
هەموو سنوورەکانیشت بە بەردی گرانبەها.
13 هەموو کوڕەکانت لە یەزدانەوە فێر دەبن و
ئاشتی منداڵەکانت زۆر دەبێت.
ئاسمانێکی نوێ و زەوییەکی نوێ
21 پاشان ئاسمانێکی نوێ و زەوییەکی نوێم بینی، چونکە ئاسمانی یەکەم و زەوی یەکەم بەسەرچوون، ئیتر دەریاش نەما. 2 شارە پیرۆزەکەش، ئۆرشەلیمی نوێم بینی لە ئاسمانەوە لەلایەن خوداوە دەهاتە خوارەوە، وەک بووکێکی ڕازاوە بۆ زاوایەکەی ئامادە کرابێت. 3 گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو لە تەختەکەوە فەرمووی: «ئەوەتا نشینگەی خودا لەگەڵ خەڵک، ئەویش لەگەڵیان نیشتەجێ دەبێت. ئەوانیش دەبن بە گەلی ئەو، خودا خۆی لەگەڵیاندایە و دەبێتە خودای ئەوان. 4 ئەویش هەموو فرمێسکێکی چاویان دەسڕێتەوە، ئیتر مردن نابێت، شیوەن و هاوار و ئازار نامێنن، چونکە شتەکانی پێشوو بەسەرچوون.»
5 دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «ئەوەتا هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە.» هەروەها دەفەرموێ: «بنووسە، چونکە ئەم وتانە متمانەدار و ڕاستن.» 6 پاشان پێی فەرمووم: «ئەوا هاتە دی. من ئەلف و یێم[a]، سەرەتا و کۆتاییم. لە کانی ئاوی ژیان بەخۆڕایی دەدەمە تینوو. 7 ئەوەی سەربکەوێت ئەوانەی بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، دەبمە خودای و ئەویش دەبێتە کوڕم.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.