Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
14 سییۆنی کچ گۆرانی بڵێ،
ئەی ئیسرائیل، هاواری خۆشی بکە!
بە هەموو دڵتەوە شادمان و دڵخۆشبە،
ئەی ئۆرشەلیمی کچ!
15 یەزدان سزاکەی تۆی داماڵی،
دوژمنەکەت کشایەوە.
یەزدان، پاشای ئیسرائیل، لەگەڵ تۆیە،
جارێکی دیکە لە خراپە ناترسیت.
16 لەو ڕۆژەدا بە ئۆرشەلیم دەگوترێت:
«ئەی سییۆن مەترسە،
دەستت شل مەکە.
17 یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتدایە،
لە ڕزگارکردن قارەمانە.
بە شادییەوە پێت دڵخۆش دەبێت،
لەناو خۆشەویستییەکەی دەتبووژێنێتەوە،
بە گۆرانییەوە پێت شاد دەبێت.»
18 «ئەوانەی بۆ نەمانی جەژن دەگریێن
لە تۆ دایاندەماڵم،
لەمەودوا شەرمەزاری هەڵناگریت.
19 لەو کاتەدا من سزایان دەدەم
هەموو ئەوانەی زەلیلیان کردیت؛
شەلەکە ڕزگار دەکەم و
ئەوانەی دوورخراوبوونەوە کۆیان دەکەمەوە.
ستایش و ناوبانگیان پێ دەبەخشم
لە هەموو خاکێک کە شەرمەزار بوون.
20 لەو کاتەدا کۆتان دەکەمەوە،
لەو کاتەدا دەتانگەڕێنمەوە خاکی خۆتان.
ستایش و ناوبانگتان پێ دەبەخشم
لەنێو هەموو گەلانی زەوی،
کاتێک ڕاپێچکراوەکانتان و بەختیاریتان
لەبەرچاوتان دەگەڕێنمەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
2 ئەوەتا خودای ڕزگاریی من،
دڵنیا دەبم و ناترسم،
چونکە یەزدانی پەروەردگار هێز و سروودی منە و
ئەو بوو بە ڕزگاریم.»
3 بە شادییەوە ئاو دەکێشنەوە
لە کانییەکانی ڕزگاری.
4 لەو ڕۆژەدا دەڵێن:
«ستایشی یەزدان بکەن، ناوی ڕابگەیەنن،
وا بکەن کردارەکانی لەنێو گەلاندا زانراو بێت،
باسی ئەوە بکەن کە ناوی بەرز بووەتەوە.
5 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
چونکە کاری شکۆمەندانەی کردووە،
با ئەمە لە هەموو جیهاندا زانراو بێت.
6 ئەی نیشتەجێی سییۆن دەنگ بەرز بکەرەوە و هاوار بکە!
چونکە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل لەنێوتاندا مەزنە.»
4 هەمیشە بە عیسای خاوەن شکۆ دڵشاد بن، دیسان دەڵێمەوە، دڵشاد بن! 5 با هەموو خەڵک بە ڕووخۆشیتان بزانێت. هاتنەوەی عیسای خاوەن شکۆ نزیکە. 6 نیگەران مەبن، بەڵکو با لە هەموو شتێکدا داواکاریتان بە نوێژ و پاڕانەوە و سوپاسگوزارییەوە لەلای خودا زانراو بێت. 7 ئاشتی خوداش، ئەوەی بەرزترە لە هەموو تێگەیشتنێک، دڵ و بیرتان بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا دەپارێزێت.[a]
7 یەحیا بەو خەڵکانەی دەگوت کە دەهاتن تاکو لە ئاویان هەڵکێشێت: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ 8 با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. بە خۆتان مەڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. 9 ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.»
10 خەڵکەکە پرسیاریان لێکرد: «کەواتە چی بکەین؟»
11 وەڵامی دانەوە: «ئەوەی دوو کراسی هەیە، با یەکێکیان بداتە ئەوەی کە نییەتی، ئەوەش کە نانی هەیە، با هەمان شت بکات.»
12 باجگرانیش بۆ لەئاوهەڵکێشان هاتن، لێیان پرسی: «مامۆستا، ئێمە چی بکەین؟»
13 پێی گوتن: «لەوەی بۆتان دانراوە زیاتر وەرمەگرن.» 14 سەربازانیش پرسیاریان لێکرد: «ئەی ئێمە چی بکەین؟»
یەحیاش وەڵامی دانەوە: «خاوە لە کەس وەرمەگرن و بوختان مەکەن، بە موچەکانتان ڕازی بن.»
15 گەل لە چاوەڕوانیدا بوون، هەموو لە دڵی خۆیاندا دەربارەی یەحیا لێکیان دەدایەوە کە لەوانەیە یەحیا خۆی مەسیح بێت. 16 یەحیا وەڵامی هەمووانی دایەوە: «من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک دێت لە من بەتواناترە، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت[a]. 17 شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی[b]، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش[c] بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.» 18 بە زۆر شتی دیکەش ئامۆژگاری گەلی دەکرد و مژدەی دەدانێ.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.