Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
لۆقا 1:68-79

68 «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
    چونکە گەلەکەی بەسەرکردەوە و کڕییەوە[a].
69 هێزی ڕزگاریمانی هەستاندەوە،
    لە بنەماڵەی داودی بەندەی،
70 وەک چۆن لە کۆنەوە لە ڕێگەی پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە دواوە،
71 بۆ ڕزگاربوون لە دەست دوژمنان و
    هەموو ناحەزانمان،
72 هەروەها بۆ بەخشینی بەزەیی بە باوباپیرانمان و
    پەیوەستبوون بە پەیمانە پیرۆزەکەی،
73 واتە ئەو سوێندەی کە بۆ ئیبراهیمی باپیرە گەورەمانی خوارد:
74 کە ئێمە لە دەست دوژمن ڕزگارمان بێت و
    بێ ترس ئەو بپەرستین،
75 هەموو ڕۆژانی ژیانمان بە پیرۆزی و ڕاستودروستی[b] لەبەردەمیدا بین.

76 «تۆش ئەی منداڵ، بە پێغەمبەری خودای هەرەبەرز ناودەبردرێیت،
    چونکە پێش یەزدان دەکەویت، تاکو ڕێگای بۆ ئامادە بکەیت،
77 تاکو بە گەلەکەی ڕابگەیەنیت
    بە لێخۆشبوونی گوناهەکانیان ڕزگاریان دەبێت،
78 بەهۆی بەزەییە بەسۆزەکەی خودامانەوە،
    کە بەهۆیەوە ڕووناکی لە بەرزاییەوە بەسەرماندا دەدرەوشێتەوە،
79 تاکو بەسەر ئەوانەی لە تاریکی و لە سێبەری مەرگدا دانیشتوون بدرەوشێتەوە،
    بۆ ئەوەی پێیەکانمان بە ڕێگای ئاشتیدا ببات.»

مەلاخی 3:5-12

«ئینجا بۆ دادگاییکردن دێمە لاتان. خێرا دەبمە شایەت لەسەر سیحرباز و داوێنپیسان، لەسەر ئەوانەی بە درۆ سوێند دەخۆن، لەسەر ئەوانەی پارەی کرێکار دەخۆن، لەسەر ئەوانەی مافی بێوەژن و هەتیو زەوت دەکەن، لەسەر ئەوانەی دەست بە ڕووی کەسی نامۆوە دەنێن و لە من ناترسن.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

تاڵانکردنی خودا

«من یەزدانم، ناگۆڕێم، ئیتر ئەی نەوەی یاقوب، ئێوە لەناو نەچوون. لە سەردەمی باوباپیرانتانەوە لە فەرزەکانم لاتان داوە و بەجێتان نەهێناوە. بگەڕێنەوە لام، منیش دەگەڕێمەوە لاتان.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

«بەڵام ئێوە دەپرسن: ”چۆن بگەڕێینەوە؟“

«ئایا مرۆڤ خودا تاڵان دەکات؟ چونکە ئێوە تاڵانتان کردم!

«بەڵام ئێوە گوتتان: ”چۆن تاڵانمان کردی؟“

«لە دەیەک و قوربانییەکان تاڵانتان کردم. ئێوە، هەموو ئەم نەتەوانە، بە نەفرەت نەفرەتتان لێکراوە، چونکە تاڵانم دەکەن.» 10 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «تاقیم بکەنەوە: هەموو دەیەکەکان بۆ ماڵی خەزینە بهێنن، تاکو لە پەرستگاکەم خواردن هەبێت. ئینجا بزانن چۆن پەنجەرەکانی ئاسمانتان بۆ دەکەمەوە و بەرەکەت بەسەرتاندا دەبارێنم، هەتا جێ نەبێت تێی بکەن. 11 لەبەر ئێوە ڕێ لە مێروو دەگرم، هەتا بەروبوومی زەوییەکەتان تێکنەدات، دار مێوتان لە کێڵگە بێ بەر نەبێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 12 «ئینجا هەموو نەتەوەکان خۆزگەتان پێ دەخوازن، چونکە خاکەکەتان دەبێتە خاکی شادی.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

فیلیپی 1:12-18

لەلای من، ژیان مەسیحە

12 خوشکان، برایان، ئێستا دەمەوێ بزانن ئەوەی بەسەرم هات پەیامی ئینجیلی زیاتر بەرەو پێش برد، 13 تەنانەت هەموو پاسەوانانی کۆشکی ئیمپڕاتۆر و هەموو لایەک بۆیان دەرکەوت کە من لە پێناوی مەسیحدا کۆت و بەند کراوم. 14 مەسیحی باڵادەست بەهۆی کۆت و بەندی منەوە وای لە زۆربەی خوشک و برایان کردووە پشت بە ئەو ببەستن، تاکو بتوانن بوێرانەتر و بە چاونەترسییەوە پەیامەکەی ڕابگەیەنن.

15 بێگومان هەندێک لەبەر ئیرەیی و ناکۆکی مزگێنی مەسیح ڕادەگەیەنن، بەڵام هەندێکی دیکە بە خواستێکی باش. 16 ئەوانەی لەبەر خۆشەویستی مزگێنی دەدەن، دەزانن لەبەر بەرگریکردنم لە پەیامی ئینجیل خراومەتە زیندان. 17 ئەوانەی دیکە کە لە خۆپەرستییەوە مەسیح ڕادەگەیەنن، دڵسۆز نین، مەزەندە دەکەن بە کۆت و زنجیرەکەم حاڵم ناخۆشتر دەکەن. 18 ئیتر چی؟ بەهەرحاڵ، بە ڕواڵەت بێت یان بە ڕاستی بێت، مەسیح ڕادەگەیەنرێت، بەمەش دڵشادم.

بەڵێ، زیاتریش دڵشاد دەبم،

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.