Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داودە کاتێک لە چۆڵەوانی یەهودا بوو.
63 ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت،
گیانم تینووی تۆیە،
جەستەم شەیدای تۆیە،
لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو.
2 لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و
هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە.
3 لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە،
لێوەکانم ستایشت دەکەن.
4 بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم،
بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە.
5 گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ[a] و چەوری،
بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات.
6 لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم،
بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە.
7 چونکە تۆ هاریکارم بوویت،
لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم.
8 گیانم بە تۆوە بەندە،
دەستە ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت.
9 بەڵام ئەوانەی بۆ کوشتنی من دەگەڕێن لەناودەچن،
بەرەو ناخی زەوی شۆڕ دەبنەوە.
10 ئەوانە بە دەمی شمشێر دەسپێردرێن و
دەبن بە خۆراکی چەقەڵ.
11 بەڵام پاشا بە خودا دڵخۆش دەبێت،
هەموو ئەوانەی سوێند بە خودا دەخۆن ستایشی دەکەن،
چونکە دەمی درۆزنان دادەخرێت.
دەستنیشانکردنی داود وەک پاشای یەهودا
2 ئەوە بوو پاش ئەمە، داود لە یەزدانی پرسی و گوتی: «سەربکەوم بۆ یەکێک لە شارۆچکەکانی یەهودا؟»
یەزدانیش پێی فەرموو: «سەربکەوە.»
داودیش گوتی: «بۆ کوێ سەربکەوم؟»
ئەویش فەرمووی: «بۆ حەبرۆن.»
2 ئینجا داود بۆ ئەوێ سەرکەوت، خۆی و هەردوو ژنەکەی، ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایل کە بێوەژنی نابالی کەرمەلی بوو. 3 هەروەها داود ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون هەریەکە و لەگەڵ خێزانەکەی برد و لە شاری حەبرۆن و شارۆچکەکانی نیشتەجێ بوون. 4 پاشان پیاوانی یەهودا هاتن و لەوێ داودیان بە پاشای بنەماڵەی یەهودا دەستنیشان کرد.
کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا و گوترا کە پیاوانی یاڤێش گلعاد شاولیان ناشتووە، 5 داودیش چەند نێردراوێکی بۆ لای پیاوانی یاڤێش گلعاد نارد بۆ ئەوەی پێیان بڵێن: «با یەزدان بەرەکەتدارتان بکات، کە ئەم چاکەیەتان لەگەڵ گەورەتان، لەگەڵ شاولدا کردووە و ناشتووتانە. 6 ئێستاش با یەزدان خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیتان پیشان بدات، هەروەها منیش ئەم چاکەیەتان لەگەڵدا دەکەم، چونکە ئێوە ئەم کارەتان کرد. 7 ئێستاش بازووتان بەهێز بکەن و ئازابن، چونکە شاولی گەورەتان مردووە و بنەماڵەی یەهودا منیان بە پاشای خۆیان دەستنیشان کردووە.»
25 «ئەم شتانەم بە پەند بۆ باسکردن، بەڵام کاتێک دێت ئیتر بە پەند بۆتان نادوێم، بەڵکو بە ئاشکرا باسی باوکتان بۆ دەکەم. 26 لەو ڕۆژەدا بە ناوی منەوە داوا دەکەن. ئیتر پێتان ناڵێم لەلای باوک بۆتان داوا دەکەم، 27 چونکە باوک خۆی ئێوەی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی منتان خۆشویستووە و باوەڕتان کرد کە لە لای خوداوە هاتووم. 28 لە لای باوکەوە هاتووم بۆ جیهان، ئێستاش جیهان بەجێدەهێڵم و دەگەڕێمەوە لای باوک.»
29 قوتابییەکانی گوتیان: «وا ئێستا بە ڕوونی و بەبێ پەند قسە دەکەیت. 30 ئێستا دڵنیاین کە تۆ هەموو شتێک دەزانیت و پێویست ناکات کەس پرسیارت لێ بکات. بەمەش باوەڕ دەکەین کە لە خوداوە هاتوویت.»
31 عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا ئێستا باوەڕ دەکەن؟ 32 وا کاتێک دێت و ئێستاش هاتووە، کە پەرتەوازە دەبن، هەریەکە بۆ ماڵی خۆی و بە تەنها بەجێم دەهێڵن. بەڵام من بە تەنها نیم، چونکە باوک لەگەڵمدایە.
33 «ئەمانەم پێ گوتن تاکو ئاشتیتان لە مندا هەبێت. لە جیهاندا تووشی تەنگانە دەبن. بەڵام ورەتان بەرز بێت، من جیهانم بەزاندووە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.