Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 63

زەبوورێکی داودە کاتێک لە چۆڵەوانی یەهودا بوو.

63 ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت،
    گیانم تینووی تۆیە،
جەستەم شەیدای تۆیە،
    لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو.

لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و
    هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە.
لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە،
    لێوەکانم ستایشت دەکەن.
بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم،
    بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە.
گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ[a] و چەوری،
    بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات.

لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم،
    بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە.
چونکە تۆ هاریکارم بوویت،
    لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم.
گیانم بە تۆوە بەندە،
    دەستە ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت.

بەڵام ئەوانەی بۆ کوشتنی من دەگەڕێن لەناودەچن،
    بەرەو ناخی زەوی شۆڕ دەبنەوە.
10 ئەوانە بە دەمی شمشێر دەسپێردرێن و
    دەبن بە خۆراکی چەقەڵ.

11 بەڵام پاشا بە خودا دڵخۆش دەبێت،
    هەموو ئەوانەی سوێند بە خودا دەخۆن ستایشی دەکەن،
    چونکە دەمی درۆزنان دادەخرێت.

یەکەم ساموئێل 17:55-18:5

55 کاتێک شاول داودی بینی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکە چووە، لە ئەبنێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی پرسی: «ئەبنێر، ئەو گەنجە کوڕی کێیە؟»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «بە گیانی پاشا نازانم.»

56 پاشاش گوتی: «بپرسە، بزانە ئەم گەنجە کوڕی کێیە؟»

57 کاتێک داود لە کوشتنی فەلەستییەکە گەڕایەوە، ئەبنێر بردی بۆ بەردەم شاول و سەری فەلەستییەکەشی بەدەستەوە بوو.

58 شاولیش پێی گوت: «ئەی گەنج تۆ کوڕی کێیت؟»

داودیش گوتی: «کوڕی یەسای بێت‌لەحمیم، خزمەتکاری تۆ.»

پەیمانی داود و یۆناتان

18 ئەوە بوو کە داود لەگەڵ شاولدا لە قسەکردن بووەوە، ڕۆحی یۆناتان و ڕۆحی داود پەیمانێکیان بەست، یۆناتان داودی وەک خۆی خۆشویست. شاولیش لەو ڕۆژەوە داودی بردە لای خۆی و نەیهێشت بۆ ماڵی باوکی بگەڕێتەوە. یۆناتان لەگەڵ داود پەیمانی بەست، چونکە وەک خۆی خۆشی ویست. ئینجا یۆناتان کەواکەی کە لەبەری بوو دایکەند و دای بە داود، لەگەڵ کراسەکەی کە پۆشیبووی، تەنانەت شمشێر و کەوان و کەمەربەندەکەشی.

داود لە هەر ئەرکێک سەرکەوتوو دەبوو کە شاول بۆی دەنارد، لەبەر ئەوە شاول داودی بەسەر جەنگاوەرەکان دانا، ئەمەش لەلای هەموو سەرباز و ئەفسەرەکانی شاول پەسەند بوو.

ئاشکراکردن 11:15-19

کەڕەنای حەوتەم

15 فریشتەی حەوتەمیش کەڕەناکەی لێدا و چەند دەنگێکی بەرز لە ئاسمانەوە هاتن و گوتیان:

«شانشینی جیهان بووە شانشینی پەروەردگارمان و مەسیحەکەی[a]،
    مەسیحیش بۆ هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات.»

16 ئەو بیست و چوار پیرەی کە لەبەردەم خودا لەسەر تەختەکانیان دانیشتبوون، خۆیان بە زەویدا دا و کڕنۆشیان بۆ خودا برد، 17 گوتیان:

«سوپاست دەکەین، خودای پەروەردگاری هەرە بە توانا،
    ئەوەی هەیە و هەبووە،
چونکە هێزە گەورەکەی خۆتت وەرگرت و
    دەستت بە فەرمانڕەوایی کرد.
18 نەتەوەکان تووڕە بوون،
    بەڵام کاتی تووڕەیی تۆش هاتووە.
کاتی لێپرسینەوەی مردووان هات،
    بۆ پاداشتکردنی بەندە پێغەمبەرەکانت و
گەلە پیرۆزەکەت کە لە ناوی تۆ دەترسن، بە گەورە و بچووکەوە،
    هەروەها بۆ لەناوبردنی ئەوانەی زەوی لەناودەبەن.»

19 پەرستگای خوداش لە ئاسمان کرایەوە و سندوقی پەیمانەکەی لە پەرستگاکەی دەرکەوت. لەوێدا بووە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە و بوومەلەرزە و تەرزەی قەبارە گەورە باری.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.