Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 63

زەبوورێکی داودە کاتێک لە چۆڵەوانی یەهودا بوو.

63 ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت،
    گیانم تینووی تۆیە،
جەستەم شەیدای تۆیە،
    لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو.

لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و
    هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە.
لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە،
    لێوەکانم ستایشت دەکەن.
بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم،
    بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە.
گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ[a] و چەوری،
    بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات.

لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم،
    بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە.
چونکە تۆ هاریکارم بوویت،
    لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم.
گیانم بە تۆوە بەندە،
    دەستە ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت.

بەڵام ئەوانەی بۆ کوشتنی من دەگەڕێن لەناودەچن،
    بەرەو ناخی زەوی شۆڕ دەبنەوە.
10 ئەوانە بە دەمی شمشێر دەسپێردرێن و
    دەبن بە خۆراکی چەقەڵ.

11 بەڵام پاشا بە خودا دڵخۆش دەبێت،
    هەموو ئەوانەی سوێند بە خودا دەخۆن ستایشی دەکەن،
    چونکە دەمی درۆزنان دادەخرێت.

دووەم پاشایان 23:15-25

15 هەروەها ئەو قوربانگایەی لە بێت‌ئێلە، ئەو نزرگەیەی سەر بەرزایی کە یارۆڤعامی کوڕی نەڤات دروستی کرد، ئەوەی بەهۆیەوە ئیسرائیلی تووشی گوناه کرد، یۆشیا ئەو قوربانگایە و ئەو نزرگەیەی سەر بەرزاییشی ڕووخاند، نزرگەکەی سووتاند و کوتای هەتا بووە خۆڵ، ستوونە ئەشێراکەشی سووتاند. 16 ئینجا یۆشیا ئاوڕی دایەوە و ئەو گۆڕانەی بینی کە لەوێ لە چیاکە بوون، ناردی و ئێسکەکانی لە گۆڕەکانەوە برد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندنی و گڵاوی کرد، بەپێی ئەو فەرمایشتەی یەزدان کە پیاوەکەی خودا بانگەوازی پێی کرد، ئەوەی بانگەوازی بەم فەرمایشتە کرد.

17 ئینجا پاشا پرسیاری کرد: «ئەو کێلە قەبرە چییە لەوێ دەیبینم؟»

پیاوانی شارەکەش گوتیان: «ئەوە گۆڕی ئەو پیاوەی خودایە کە لە یەهوداوە هات و هەموو ئەو شتانەی ڕاگەیاند کە تۆ لە دژی قوربانگاکەی بێت‌ئێل کردت.»

18 پاشا گوتی: «لێیگەڕێن، کەس ئێسکەکانی نەجوڵێنێت.» جا وازیان لە ئێسکەکانی ئەو هێنا لەگەڵ ئێسکەکانی ئەو پێغەمبەرەی کە لە سامیرەوە هاتبوو.

19 هەروەها یۆشیا هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی کە شارۆچکەکانی سامیرە بوون، ئەوانەی پاشاکانی ئیسرائیل بۆ پەستکردنی یەزدان دروستیان کردبوو، تێکی دان و هەموو ئەوەی پێکردن کە لە بێت‌ئێل کردبووی. 20 هەموو کاهینەکانی نزرگەکانی سەر بەرزاییش کە لەوێ بوون لەسەر قوربانگاکان سەری بڕین، ئێسکی مرۆڤی لەسەر قوربانگاکان سووتاندن، پاشان گەڕایەوە ئۆرشەلیم.

21 پاشا فەرمانی بە هەموو گەل دا و گوتی: «جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن، وەک ئەوەی لەم پەڕتووکی پەیماندا نووسراوە.» 22 جەژنی پەسخەی ئاوا نەکراوە، نە لە سەردەمی ڕابەران کە دادوەریێتی ئیسرائیلیان کردووە و نە لە هەموو سەردەمەکانی پاشاکانی ئیسرائیل و پاشاکانی یەهودا. 23 بەڵام لە ساڵی هەژدەیەمینی یۆشیای پاشا ئەم جەژنەی پەسخە لە ئۆرشەلیم بۆ یەزدان گێڕدرا.

24 هەروەها یۆشیا هەموو نێوانگر و ڕۆح ئامادەکار و پەیکەر و بت و هەموو پەیکەرە قێزەونەکان کە لە خاکی یەهودا و لە ئۆرشەلیم دەبینران لەناوی بردن، بۆ ئەوەی دەقی ئەو فێرکردنانە پەیڕەو بکات کە لەناو ئەو پەڕتووکە نووسراون کە حیلقیای کاهین لە پەرستگای یەزدان دۆزییەوە. 25 هیچ پاشایەک لەپێش خۆی وەکو یۆشیا نەبوو، کە بە هەموو دڵ و گیان و هێزییەوە بگەڕێتەوە لای یەزدان، بەپێی هەموو تەوراتی موسا، لەپاش ئەویش کەسی وەک خۆی نەبوو.

ئاشکراکردن 11:1-14

دوو شایەتەکە

11 پاشان قامیشێکی وەک داری پێوانەم پێدرا، خوداش پێی فەرمووم: «هەستە، پەرستگای خودا و قوربانگا بپێوە و ئەو خەڵکانە بژمێرە کە تێیدا کڕنۆش دەبەن. بەڵام واز لە حەوشەی پەرستگا بهێنە و مەیپێوە، چونکە بە ناجولەکەکان دراوە، چل و دوو مانگیش شاری پیرۆز پێشێل دەکەن. هەروەها توانا و دەسەڵات بە دوو شایەتەکەم دەدەم بۆ هەزار و دوو سەد و شەست ڕۆژ بە جلوبەرگی گوشەوە پەیامی خودا ڕابگەیەنن.» ئەمانە ئەو دوو دار زەیتوونە و ئەو دوو چرادانەن کە لەبەردەم پەروەردگاری جیهاندا ڕاوەستاون. ئەگەر یەکێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت، ئاگر لە دەمیانەوە دەردەچێت و دوژمنانیان دەخوات. ئەگەر یەکێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت دەبێت بەم شێوەیە بکوژرێت. ئەمانە دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە لە کاتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا ئاسمان دابخەن، تاکو باران نەبارێت. هەروەها دەسەڵاتیان بەسەر ئاودا هەیە کە بیکەنە خوێن و زەوی تووشی هەموو بەڵایەک بکەن، هەر کاتێک بیانەوێ.

کاتێک شایەتییەکەیان تەواو کرد ئەو دڕندەیەی لە بیری بێ بن دێتە دەرەوە، لەگەڵیان دەجەنگێت، دەیانبەزێنێت و دەیانکوژێت. هەروەها تەرمەکانیان لەسەر شەقامی شارە گەورەکە دەبێت کە ناوی مەجازی سەدۆم و میسرە، لەوێش گەورەکەیان لە خاچ درا. بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و نیو خەڵکانێک لە هەموو گەل و هۆز و زمان و نەتەوەکان تەماشای تەرمەکانیان دەکەن و ناهێڵن تەرمەکانیان بنێژرێن، 10 هەروەها دانیشتووانی سەر زەوی پێی شاد دەبن و شایی دەگێڕن و دیاری بۆ یەکتری دەنێرن، چونکە ئەم دوو پێغەمبەرە دانیشتووانی سەر زەوییان ئازار دابوو.

11 بەڵام پاش سێ ڕۆژ و نیو هەناسەی ژیان لە خوداوە چووە ناویان، ئەوانیش هەستانەوە لەسەر پێیەکانیان و ترسێکی گەورە کەوتە سەر ئەوانەی تەماشایان دەکرد. 12 دەنگێکی بەرزیشیان لە ئاسمانەوە بیست، پێی دەفەرموون: «سەربکەونە ئێرە.» ئەوانیش لەبەرچاوی دوژمنانیان لە هەوردا بۆ ئاسمان سەرکەوتن.

13 هەر لەو کاتەدا بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و دەیەکی شارەکە داڕما. حەوت هەزار کەس بە بوومەلەرزەکە کوژران، ئەوانی دیکە ترسان و ستایشی خودای ئاسمانیان کرد.

14 نەهامەتی دووەم نەما، ئەوەتا نەهامەتی سێیەم زوو دێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.