Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
132 ئەی یەزدان، داود و هەموو ئازارەکانی
بەبیر خۆت بهێنەوە.
2 ئەو سوێندەی بۆ یەزدانی خوارد،
نەزرەکەی بۆ خودای تواناداری یاقوب:
3 «شەرت بێت نەچمەوە ناو خێوەتی ماڵەکم،
نەچمە ناو نوێنەکەم،
4 خەو نەدەم بە چاوەکانم،
پشوو نەدەم بە پێڵووەکانم،
5 تاکو شوێنێک بۆ یەزدان پەیدا نەکەم،
نشینگەیەک بۆ خودای تواناداری یاقوب.»
6 ئەوەتا لە ئەفراتە[a] هەواڵی ئەومان بیست،
لەناو کێڵگەکانی «یاعەر»[b] دۆزیمانەوە:
7 «با بچینە نشینگەکەی،
با لە تەختەپێی کڕنۆش ببەین.
8 ئەی یەزدان، هەستە و وەرە بۆ شوێنی حەوانەوەت،
خۆت و سندوقی هێزت[c].
9 با کاهینەکانت ڕاستودروستی لەبەر بکەن،
خۆشەویستانت هەلهەلە لێبدەن.»
10 لە پێناوی داودی بەندەی خۆت،
دەستنیشانکراوەکەت[d] ڕەت مەکەرەوە.
11 یەزدان بە ڕاستی سوێندی بۆ داود خوارد و
لێی پاشگەز نابێتەوە:
«لە بەری پشتی خۆت لەسەر تەختەکەت دادەنێم.
12 ئەگەر کوڕەکانت پەیمانەکەم نەشکێنن،
هەروەها ئەو فەرزانەی کە فێریان دەکەم،
ئەوسا خۆیان و نەوەکانیان هەتاهەتایە
لەسەر تەختەکەت دادەنیشن.»
13 چونکە یەزدان سییۆنی هەڵبژارد و
حەزی کرد بیکات بە نشینگەی خۆی.
14 «هەتاهەتایە ئەمە ئارامگامە،
لێرە نیشتەجێ دەبم، چونکە پێم خۆشە!
15 بەرەکەت بەسەر ئازووقەکەیدا دەبارێنم،
هەژارەکانی تێر نان دەکەم.
16 ڕزگاری دەکەمە بەر کاهینەکانی،
خۆشەویستانی بە شادمانییەوە هەلهەلە لێ دەدەن.
17 «لەوێ هێز بە داود دەبەخشم،
چرایەک بۆ دەستنیشانکراوەکەم[a] ئامادە دەکەم.
18 شەرمەزاری دەکەمە بەر دوژمنەکانی،
بەڵام تاجەکەی سەر ئەو شکۆفە دەکات.»
11 کاتێک پاشا گوێی لە وشەکانی پەڕتووکی تەورات بوو، جلەکانی لەبەر خۆی دادڕی. 12 ئینجا پاشا فەرمانی بە حیلقیای کاهین و ئەحیقامی کوڕی شافان و عەکبۆری کوڕی میخایو و شافانی خامەی نهێنی و عەسایای خزمەتکاری پاشا کرد و گوتی: 13 «بڕۆن و لە جیاتی من و ئەم گەلە و لە جیاتی هەموو یەهودا پرسیار لە یەزدان بکەن، سەبارەت بە پەیامی ئەم پەڕتووکەی کە دۆزراوەتەوە، چونکە ئەو تووڕەییەی یەزدان کە بەسەرماندا گڕی گرتووە مەزنە، لەبەر ئەوەی باوباپیرانمان گوێیان لە وشەکانی ئەم پەڕتووکە نەگرت هەتا هەموو ئەوەی لەسەرمان نووسراوە پەیڕەوی بکەن.»
14 ئینجا حیلقیای کاهین و ئەحیقام و عەکبۆر و شافان و عەسایا چوونە لای حولدای پێغەمبەر کە ژنی شەلومی کوڕی تیقڤای کوڕی حەرحەسی لێپرسراوی جلوبەرگەکانی پەرستگا بوو، ئەو لە گەڕەکی دووەمی ئۆرشەلیم دەژیا، ئیتر قسەیان لەگەڵی کرد.
15 ئەویش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بەو پیاوە بڵێن کە ئێوەی بۆ لای من ناردووە، 16 ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من وا بەڵا بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەهێنم، بەپێی هەموو ئەوەی لەو پەڕتووکە نووسراوە کە پاشای یەهودا خوێندییەوە. 17 لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام و بخووریان بۆ خوداکانی دیکە سووتاند، هەتا بە هەموو کارەکانی دەستیان پەستم بکەن، تووڕەییم بەسەر ئەم شوێنەدا گڕ دەگرێت و ناکوژێتەوە.“ 18 بەڵام بە پاشای یەهودا ئەوەی ئێوەی ناردووە پرسیار لە یەزدان بکەن بڵێن، ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بەو وشانەی گوێت لێ بوو ئەوە دەفەرموێت: 19 لەبەر ئەوەی کاتێک گوێت لە پەیامەکەم بوو لە دژی ئێوە کە ئەم شوێنە وێران دەکەم و دانیشتووانەکەی دەبنە مایەی نەفرەت، لەبەردەم یەزدان دڵت نەرم بوو و خۆتت نزم کردەوە، جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕی و لەبەردەمم گریایت، هەروەها منیش گوێم لێت بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 20 لەبەر ئەوە من وا دەتخەمە پاڵ باوباپیرانت، جا بە ئاشتییەوە لە گۆڕەکەت دەنرێیت. ئەو هەموو کارەساتە بە چاوی خۆت نابینی کە من بەسەر ئەم شوێنەی دەهێنم.“»
ئەوانیش وەڵامەکەیان بۆ پاشا بردەوە.
20 بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح لەنێو مردووان هەستایەوە و بووە نۆبەرەی نوستووان. 21 هەروەک مردن بەهۆی مرۆڤێکەوە بوو، هەستانەوەی مردووانیش بەهۆی مرۆڤێکەوەیە. 22 هەروەها چۆن هەموو بەهۆی ئادەمەوە دەمرن، بە هەمان شێوە هەموو ئەوانەش کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا زیندوو دەکرێنەوە. 23 بەڵام هەر یەکە بە نۆرەی خۆی: یەکەم جار مەسیح وەک نۆبەرە، ئینجا لە کاتی هاتنی، ئەوانەی هی مەسیحن، 24 دوای ئەمە کۆتایی دێت، کاتێک پاشایەتییەکە دەداتە خودای باوک، پاش ئەوەی هەموو سەرکردایەتی و دەسەڵات و هێزێکی لەناوبرد، 25 چونکە دەبێ پاشایەتی بکات، هەتا هەموو دوژمنانی دەخاتە ژێر پێیەوە. 26 دوا دوژمن کە لەناودەبردرێت، مردنە. 27 هەروەک نووسراوە پیرۆزەکان دەڵێن: [هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.][a] بەڵام کاتێک دەفەرموێ [هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی،] ڕوونە کە ئەمە خودی خودا ناگرێتەوە، چونکە خودا هەموو شتێکی ملکەچی مەسیح کردووە. 28 کاتێک هەمووی ملکەچی کرد، ئەوسا کوڕەکەش خۆی ملکەچی ئەوە دەبێت کە هەمووی ملکەچی کردووە، تاکو خودا ببێتە هەموو شتێک لە هەموو شتێکدا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.